Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:33

[1] ئەوەی زۆر سەرزەنشت بکرێت و هەر کەللەڕەق بێت، لەناکاو تێکدەشکێت و چارەسەریشی نابێت.

[2] کاتێک ڕاستودروستان زۆر بن گەل دڵخۆش دەبێت، کە بەدکار فەرمانڕەوا بێت گەل دەناڵێنێت.

[3] ئەوەی حەز لە دانایی بکات باوکی دڵخۆش دەکات، هاوڕێی لەشفرۆشانیش سامان بەفیڕۆ دەدات.

[4] پاشا بە دادوەری وڵات ڕادەگرێت، بەڵام ئەگەر بەدوای پارە بکەوێت وێرانی دەکات.

[5] ئەو کەسەی لەگەڵ دراوسێکەی زمانلووسی بکات داو لەبەرپێی دەنێتەوە.

[6] لە گوناهی پیاوخراپ تەڵە هەیە، بەڵام کەسی ڕاستودروست گۆرانی دەڵێت و دڵخۆش دەبێت.

[7] کەسی ڕاستودروست گرنگی بە مافی هەژار دەدات، بەڵام بەدکار ئەو گرنگییە تێناگات.

[8] گاڵتەجاڕان شار دەخەنە ئاژاوەوە، بەڵام دانایان تووڕەیی کپ دەکەنەوە.

[9] ئەگەر پیاوێکی دانا گێلێک بداتە دادگا، گێلەکە تووڕە بێت یان گاڵتەی پێ بێت، بەڵام ئاشتی نابێت.

[10] خوێنڕێژان ڕقیان لە کەسی دروست دەبێتەوە، بەڵام سەرڕاستان ژیانی دەپارێزن.

[11] گێل هەرچی تووڕەیی لە دڵدایە دەریدەبڕێت، بەڵام دانا خۆی دەگرێت.

[12] ئەگەر فەرمانڕەوایەک گوێ لە قسەی درۆ بگرێت، هەموو خزمەتکارەکانی دەبنە بەدکار.

[13] هەژار لەگەڵ زۆردار لەمەدا لە یەکتری دەچن: یەزدان ڕووناکی بە چاوی هەردووکیان دەدات.

[14] ئەگەر پاشایەک بە ڕاستی دادوەری هەژاران بکات، تەختەکەی هەتاهەتایە دەچەسپێت.

[15] داری تەمبێکردن دانایی دەبەخشێت، بەڵام منداڵ جڵەوی بەربدرێت دایکی خۆی شەرمەزار دەکات.

[16] کاتێک بەدکاران گەشە دەکەن گوناه زۆر دەبێت، بەڵام ڕاستودروستان کەوتنیان دەبینن.

[17] کوڕەکەت تەمبێ بکە دەتحەسێنێتەوە، چێژ دەداتە گیانت.

[18] بەبێ سروش گەل بەڕەڵا دەبێت، بەڵام ئەوەی تەورات پەیڕەو بکات خۆزگەی پێ دەخوازرێت.

[19] خزمەتکار تەنها بە قسە تەمبێ نابێت، هەرچەندە تێدەگات، بەڵام گوێی ناداتێ.

[20] ئەو کەسەت بینیوە بە پەلەیە لە قسەکانی؟ گێل لەو زیاتر ئومێدی پێ دەکرێت.

[21] ئەوەی خزمەتکارەکەی لە منداڵییەوە بە ناز ڕابگرێت، لە کۆتاییدا لێی هەڵدەگەڕێتەوە.

[22] کەسی تووڕە ناکۆکی دەوروژێنێت، کەسی هەڵچووش گوناهی زۆرە.

[23] لووتبەرزی مرۆڤ خۆی نزم دەکاتەوە، بەڵام بێفیز ڕێزدار دەبێت.

[24] هاوبەشی دز ڕقی لە خۆی دەبێتەوە، سوێند دەخوات و دانی پێدا نانێت.

[25] ترسی مرۆڤ تەڵە دەنێتەوە، بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت پەناگیر دەبێت.

[26] زۆر کەس داوای ڕەزامەندی فەرمانڕەوایان دەکەن، بەڵام مرۆڤ لەلایەن یەزدانەوە دادپەروەری بەدەستدەهێنێت.

[27] قێزی ڕاستودروستان لە کەسی ناڕەوایە، قێزی بەدکاریش لەوەیە کە ڕێگای ڕاستە.

پەندەکانی سلێمان — Chapters