[1] ناوبانگی چاک لە دەوڵەمەندی گەورە خوازراوترە، پەسەندی چاکیش لە زێڕ و زیو باشترە.
[2] دەوڵەمەند و هەژار لەمەدا یەکدەگرنەوە، دروستکەری هەردووکیان یەزدانە.
[3] ژیر خراپە دەبینێت و خۆی دەشارێتەوە، بەڵام ساویلکە مل پێوەدەنێت و سزا دەدرێ.
[4] پاداشتی بێفیزی و لەخواترسی دەوڵەمەندی و ڕێزداری و ژیانە.
[5] چقڵ و تەڵە لە ڕێگای پیاوی خواردایە، بەڵام ئەوەی خۆی بپارێزێت لێی دوور دەکەوێتەوە.
[6] منداڵ لەسەر ئەو ڕێگایە ڕابهێنە کە پێویستە بیگرێت، پیریش بێت لێی لا نادات.
[7] دەوڵەمەند بەسەر هەژاردا حوکم دەکات، قەرزاریش کۆیلەی خاوەن قەرزە.
[8] ئەوەی ناڕەوایی بچێنێت دروێنەی خراپە دەکات، کوتەکی تووڕەییشی دەفەوتێت.
[9] ئەوەی چاوتێر بێت بەرەکەتدار دەبێت، چونکە لە نانی خۆی دەداتە هەژار.
[10] گاڵتەجاڕ دەربکە، ناکۆکی دەڕوات، دووبەرەکی و ڕیسواییش نامێنێت.
[11] ئەوەی حەزی لە دڵپاکی بێت و قسەی شیرین بێت پاشا دەبێتە دۆستی.
[12] چاوی یەزدان چاودێری زانیاری دەکات، بەڵام قسەی ناپاکان سەرەوژێر دەکات.
[13] تەمبەڵ دەڵێت: «شێرێک لە دەرەوەیە! ئەگەر بچمە گۆڕەپانەکان دەکوژرێم!»
[14] دەمی ژنی بەدڕەوشت چاڵێکی قووڵە، ئەوەی بەر تووڕەیی یەزدان بکەوێت دەکەوێتە ناوی.
[15] گێلی بە دڵی منداڵەوە گرێدراوە، بەڵام گۆچانی تەمبێکردن دووری دەخاتەوە لێی.
[16] ئەوەی زۆرداری لە هەژار بکات بۆ ئەوەی بۆ خۆی زیاد بکات و ئەوەی بە دەوڵەمەند ببەخشێت، بێگومان هەردووکیان بەرەو نەبوونییە.
[17] گوێ شل بکە و قسەی دانایان ببیستە، دڵت بدە زانیاری من،
[18] چونکە جوانە ئەگەر لە ناختدا هەڵیبگریت و تێکڕا لەسەر لێوەکانت بچەسپێن.
[19] بۆ ئەوەی پشتبەستنت بە یەزدان بێت، ئەمڕۆ تۆ فێر دەکەم، بەڵێ تۆ.
[20] ئایا سی پەندم بۆ نەنووسیوی سەبارەت بە ڕاوێژ و زانیاری،
[21] بۆ ئەوەی دروستی قسەی ڕاستیت فێر بکەم، هەتا وەڵامە ڕاستییەکان بدەیتەوە ئەوانەی کە تۆیان ناردووە؟
[22] هەژار تاڵان مەکە لەبەر هەژارییەکەی و نەبوون وردوخاش مەکە لە دادگا،
[23] چونکە یەزدان بەرگری لە کێشەکەیان دەکات و ئەوانەی تاڵانیان دەکەن گیانیان تاڵان دەکات.
[24] مەبە برادەری کەسی تووڕە، هاوڕێیەتی کەسی هەڵچوو مەکە،
[25] نەوەک لە ڕێچکەی ئەوان ڕابێیت، خۆت تووشی تەڵە بکەیت.
[26] لەوانە مەبە کە تەوقە دەکەن ، دەستەبەری قەرزی خەڵک مەکە.
[27] ئەگەر نەتبوو بیدەیتەوە، بۆچی نوێنەکەی ژێرت ببردرێت.
[28] سنووری کۆن مەگوازەوە، ئەوەی باوباپیرانت دایانناوە.
[29] ئایا ئەو کەسەت بینیوە بە دەستوبردە لە کارەکەی؟ لەبەردەم پاشاکان ڕادەوەستێت ، نەک لەبەردەم خەڵکی بێ ناوبانگ.