Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:46

[1] ئەوەی حەز لە تەمبێکردن بکات حەز لە زانیاری دەکات، بەڵام ئەوەی ڕقی لە سەرزەنشت بێت دەبەنگە.

[2] پیاوچاک ڕەزامەندی یەزدان بەدەستدەهێنێت، بەڵام کەسی تەڵەکەباز تاوانبار دەکرێت.

[3] مرۆڤ بە بەدکاری ناچەسپێت، ڕیشەی ڕاستودروستانیش نالەقێت.

[4] ئافرەتی خانەدان تاجی سەری مێردەکەیەتی، بەڵام ئافرەتی شەرمەزار وەک کلۆرییە لەناو ئێسقانەکانی.

[5] پلانی ڕاستودروستان دادپەروەرییە، بەڵام ڕاوێژی بەدکاران هەڵخەڵەتێنەرە.

[6] قسەی بەدکاران بۆسەی خوێنڕشتنە، دەمی سەرڕاستان فریایان دەکەوێت.

[7] بەدکاران وەردەگەڕێنەوە و نامێنن، بەڵام ماڵی ڕاستودروستان دەچەسپێت.

[8] مرۆڤ بەپێی وریاییەکەی ستایش دەکرێت، بەڵام ئەوەی دڵخراپە ڕیسوا دەبێت.

[9] باشترە ساکار بیت و خزمەتکارت هەبێت لەوەی خۆت گەورە دەربخەیت بەڵام نانت نەبێت.

[10] کەسی ڕاستودروست بایەخ بە ئاژەڵەکەی دەدات، بەڵام بەزەیی بەدکاران دڵڕەقییە.

[11] ئەوەی خزمەتی زەوی خۆی بکات تێر نان دەبێت، بەڵام ئەوەی دوای هیچوپووچی بکەوێت تێنەگەیشتووە.

[12] بەدکار حەز لە قازانجی خراپەکاران دەکات، ڕیشەی ڕاستودروستان بەروبووم دەدات.

[13] خراپەکار دەکەوێتە تەڵەی زمانە یاخییەکەی، بەڵام کەسی ڕاستودروست لە تەنگانە دەرباز دەبێت.

[14] مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی تێر چاکە دەبێت، پاداشتی دەستی مرۆڤیش بۆی دەگەڕێتەوە.

[15] ڕێگای گێل لەبەرچاوی خۆی ڕاستە، بەڵام دانا گوێگری ئامۆژگارییە.

[16] گێل دەستبەجێ تووڕەیی دەردەبڕێت، بەڵام داپۆشەری سووکایەتی ژیرە.

[17] ئەوەی بە ڕاستگۆیی دەدوێت ڕاستودروستی ڕادەگەیەنێت، بەڵام شایەتی ساختە درۆ دەکات.

[18] هەیە هەڵەشەییەکەی وەک زەبری شمشێرە، بەڵام زمانی دانایان چاکبوونەوەیە .

[19] لێوی ڕاستگۆ هەتاهەتایە دەچەسپێت، بەڵام زمانی درۆ هەتا چاوتروکانێکە.

[20] ساختە لە دڵی ئەوانەیە کە پیلانی خراپە دەنێنەوە، بەڵام دڵخۆشی بۆ ڕاوێژکارانی ئاشتییە.

[21] کەسی ڕاستودروست تووشی هیچ ناخۆشییەک نابێت، بەڵام بەدکاران پڕ دەبن لە خراپە.

[22] قێزی یەزدان لە لێوی درۆیە، بەڵام ئەوانەی بە ڕاستگۆیی کار دەکەن جێی ڕەزامەندی ئەون.

[23] مرۆڤی ژیر زانیارییەکەی دەپارێزێت، دڵی گێلەکانیش گێلایەتی دەردەبڕێت.

[24] دەستی ماندوو فەرمانڕەوایەتی دەکات، بەڵام دەستی تەمبەڵ لەژێر بێگاری دەبێت.

[25] نیگەرانی لە دڵی مرۆڤدا دەیچەمێنێتەوە، بەڵام قسەی خۆش شادمانی دەکات.

[26] کەسی ڕاستودروست ڕاوێژی چاک دەداتە هاوڕێکەی، بەڵام ڕێگای خراپەکاران گومڕایان دەکات.

[27] مرۆڤی تەمبەڵ نێچیری خۆی ناگرێت، بەڵام مرۆڤی ماندوو نرخی سامانەکەی دەدات.

[28] لە ڕێچکەی ڕاستودروستی ژیان هەیە، ڕێگای ڕێڕەوەکانی بەرەو نەمرییە.

پەندەکانی سلێمان — Chapters