Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:34

[1] قسەی ئاگوری کوڕی یاقە و سروشەکەی: ئەم پیاوە بۆ ئیتیێلی ڕاگەیاند بۆ ئیتیێل و بۆ ئوخال:

[2] «من لە هەموو مرۆڤێک دەبەنگترم، تێگەیشتنی مرۆڤانەم نییە.

[3] فێری دانایی نەبووم و ناسینی خودای پیرۆزم نییە.

[4] کێ بەرزبووەوە بۆ ئاسمان و هاتە خوارەوە؟ کێ بای لەناو هەردوو لەپی خۆی کۆکردەوە؟ کێ ئاوی لەناو جلدا پێچایەوە؟ کێ هەموو لایەکی زەوی دامەزراند؟ ناوی چییە؟ ناوی کوڕەکەی چییە؟ ئەگەر دەیزانیت پێم بڵێ!

[5] «هەموو وشەیەکی خودا بێگەردە، قەڵغانە بۆ ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.

[6] هیچ شتێک بۆ وشەکانی زیاد مەکە، نەوەک سەرزەنشتت بکات و بە درۆزن دەربچیت.

[7] «ئەی یەزدان، دوو شتم لێ داوا کردیت، لێمی قەدەغە مەکە پێش مردنم:

[8] شتی پووچ و قسەی درۆم لێ دووربخەوە، هەژاری یان دەوڵەمەندیم مەدەرێ، نانی پێویستی خۆم دەرخوارد بدە.

[9] نەوەک تێر بم و نکۆڵیت لێبکەم و بڵێم: ”یەزدان کێیە؟“ یان نەوەک هەژار بم و دزی بکەم و ناوی خودای خۆم بێ ڕێز بکەم.

[10] «بوختان بە خزمەتکار مەکە لەلای گەورەکەی، نەوەک نەفرەتت لێ بکات و تاوانبار بیت.

[11] «نەوەیەک هەیە نەفرەت لە باوکی دەکات و دایکی پیرۆز ناکات.

[12] نەوەیەک هەیە لە ڕوانگەی خۆی پاکە، بەڵام خۆی نەشوشتووەتەوە لە پیسوپۆخڵییەکەی.

[13] نەوەیەک هەیە چەند چاو لە هەوراز و بەرز دەڕوانێت.

[14] نەوەیەک هەیە ددانەکانی شمشێرن و کاکیلەکانی چەقۆن، بۆ خواردنی کڵۆڵەکان لەسەر زەوی و نەدارەکان لەنێو خەڵکی.

[15] «زەروو دوو کچی هەیە، هاوار دەکەن: ”بێنە، بێنە!“ «سێ شت هەن تێر نابن، چوارەمیش ناڵێت، ”بەسە!“:

[16] جیهانی مردووان و منداڵدانی نەزۆک و زەوییەک تێر ئاو نەبێت و ئاگرێک هەرگیز نەڵێت: ”بەسە!“

[17] «ئەو چاوەی گاڵتە بە باوکی بکات و سووکایەتی بە گوێڕایەڵی بکات بۆ دایک، قەلەڕەشەکانی دۆڵ هەڵیدەکۆڵن و بێچووە سیسارکە کەچەڵ دەیخۆن.

[18] «سێ شت هەن زۆر سەیرن بۆ من، چوارەمیش تێناگەم:

[19] ڕێگای هەڵۆ لە ئاسمان، ڕێگای مار لەسەر بەرد، ڕێگای کەشتی لەناو جەرگەی دەریا و ڕێگای پیاویش لەگەڵ کچ.

[20] «ئەمە هەڵسوکەوتی ژنی داوێنپیسە: دەخوات و دەمی دەسڕێتەوە و دەڵێت: ”خراپەم نەکردووە!“

[21] «زەوی لەژێر سێ شتدا دەلەرزێت و لەژێر چوارەمیش ناتوانێت بەرگە بگرێت،

[22] خزمەتکارێک کە بووبێتە پاشا، گێلێک کە تێر نان بێت،

[23] ئافرەتێک بێ ناز بێت و مێرد بکات، کەنیزەیەک ببێت بە میراتگری خاتوونەکەی.

[24] «چوار شت هەن لەسەر زەوی بچووکن بەڵام لە دانایان داناترن:

[25] مێروولە کۆمەڵێکی بێهێزن، بەڵام لە هاویندا خواردنی خۆیان ئەمبار دەکەن.

[26] گۆڕهەڵکەنە کۆمەڵێکی بێ توانان، بەڵام لەناو بەرد لانەکانیان دروستدەکەن.

[27] کوللە پاشایان نییە، بەڵام هەموویان پۆل پۆل دەجوڵێن.

[28] مارمێلکە بەدەست دەگیرێن، بەڵام لە کۆشکی پاشادان.

[29] «سێ شت هەن هەنگاویان سەنگینە و چوارەمیش ڕۆیشتنی سەنگینە:

[30] شێر کە پاڵەوانی هەموو گیاندارەکانە، لە ڕووی هیچ شتێک ناگەڕێتەوە،

[31] کەڵەشێری بە فیز، تەگە، پاشایەکیش لە سەرکردایەتی لەشکرەکەی.

[32] «ئەگەر گێلایەتیت کرد بە خۆهەڵکێشانت، یان پیلانی خراپت نایەوە، دەستت بخەرە سەر دەمت!

[33] چونکە شیر بهەژێنیت کەرەی لێ دەردەچێت، لووت بهەژێنیت خوێنی لێ دێت، تووڕەییش بهەژێنیت ناکۆکی لێ پێدا دەبێت.»

پەندەکانی سلێمان — Chapters