Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:49

[1] کەسی دوورەپەرێز دوای ئارەزووی خۆی کەوتووە، بە ڕووی هەموو داناییەکی تەواودا دەتەقێتەوە.

[2] گێل خۆشی لە تێگەیشتن نابینێت، بەڵکو بە پەخشکردنی ئەوەی لە دڵیدایە.

[3] بە هاتنی خراپەکار سووکایەتیش دێت، لەگەڵ شەرمەزاریش ڕیسوایی.

[4] قسەی دەمی مرۆڤ ئاوێکی قووڵە، بەڵام سەرچاوەی دانایی ڕووبارێکی هەڵچووە.

[5] نە لایەنگری خراپەکار باشە، نە بێبەشکردنی ڕاستودروست لە دادپەروەری.

[6] لێوەکانی کەسی گێل دەیهێننە ناو ناکۆکییەوە، دەمی بانگی لێدان دەکات.

[7] دەمی گێل دەبێتە هۆی لەناوچوونی، لێوەکانیشی تەڵەن بۆ گیانی.

[8] قسەکانی دەمشڕ وەک پارووی بەتامە، شۆڕ دەبێتەوە ناو ورگ.

[9] ئەوەی سست بێت لە کارەکەی برای وەستای وێرانکردنە.

[10] ناوی یەزدان قوللەیەکی بەهێزە، کەسی ڕاستودروست بۆ ئەوێ ڕادەکات و پەناگیر دەبێت.

[11] سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی، وەک شوورایەکی بڵندە بە خەیاڵی ئەو.

[12] پێش شکستهێنان دڵی مرۆڤ بەفیزە، بەڵام پێش ڕێزلێنان بێفیزە.

[13] ئەوەی وەڵامی شتێک بداتەوە پێش بیستنی دەبێتە مایەی گێلایەتی و شەرمەزاری بۆی.

[14] ڕۆحی مرۆڤ بەرگەی نەخۆشی دەگرێت، بەڵام ڕۆحی تێکشکاو کێ بەرگەی دەگرێت؟

[15] دڵی پیاوی تێگەیشتوو زانیاری وەردەگرێت، گوێی دانایانیش داوای زانینی لێ دەکات.

[16] دیاری مرۆڤ ڕێگای خۆش دەکات و بەرەو ئامادەبوونی گەورە پیاوانی دەبات.

[17] ئەوەی یەکەم جار سکاڵا بکات لەوە دەچێت ڕاست بێت، هەتا نزیکەکەی دێت و لێی دەکۆڵێتەوە.

[18] تیروپشک ناکۆکی دەبڕێنێتەوە و بەهێزەکان لە یەکتر جیا دەکاتەوە.

[19] خراپە دەرهەق بە برا، ئاشتکردنەوەی لە شاری قەڵابەند سەختترە، ناکۆکیش وەک شمشیرەی قەڵایە.

[20] لە بەروبوومی دەمی مرۆڤ سکی تێردەبێت، لە دروێنەی لێوەکانی خۆی تێر دەخوات.

[21] مردن و ژیان بە دەست زمانە، ئەوەی حەزی لێی بێت بەروبوومەکەی دەخوات.

[22] ئەوەی ژنێکی دەست بکەوێت خێرێکی دەست دەکەوێت، ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت.

[23] هەژار بۆ بەزەیی دەپاڕێتەوە، بەڵام دەوڵەمەند بە ڕەقی وەڵام دەداتەوە.

[24] پیاو برادەری زۆر بێت خۆی گرفتار دەکات، بەڵام دۆستێک هەیە لە برا نزیکترە.

پەندەکانی سلێمان — Chapters