Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:47

[1] دڵی پاشا لەناو دەستی یەزدان جۆگەی ئاوە، بۆ کوێ بیەوێت ئاراستەی دەکات.

[2] هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی ڕاستە، بەڵام یەزدان دڵەکان هەڵدەسەنگێنێت.

[3] کارکردن بە ڕاستودروستی و دادپەروەری لەلای یەزدان لە قوربانی سەربڕین پەسەندترە.

[4] چاوی بەفیز و دڵی لەخۆبایی چرای بەدکارانن و گوناهن.

[5] پلانی مرۆڤی ماندوو بەرەو پڕییە، بێگومان هەموو هەڵەشەیەکیش بەرەو نەبوونییە.

[6] کۆکردنەوەی سامان بە زمانی درۆ هەڵمە دەڕەوێتەوە و تەڵەی مردنە.

[7] زۆرداری بەدکارەکان ڕایاندەماڵێت، چونکە ڕەتیان کردەوە دادپەروەری بکەن.

[8] ڕێگای پیاوی تاوانبار خوارە، بەڵام کەسی پاک کرداری ڕاستە.

[9] باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت، نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی.

[10] کەسی بەدکار ئارەزووی خراپە دەکات، دراوسێکەی بەزەیی لێی نابینێت.

[11] بە سزادانی گاڵتەجاڕ ساویلکە دانا دەبێت، بە فێرکردنی داناش زانیاری وەردەگرێت.

[12] خودای ڕاستودروست سەرنج دەداتە ماڵی خراپەکار، خراپەکاران لە خراپە سەرەوژێر دەکات.

[13] ئەوەی گوێی خۆی لە هاواری هەژاران کەڕ بکات، ئەویش هاوار دەکات و وەڵام نادرێتەوە.

[14] دیاری بە نهێنی تووڕەیی سارد دەکاتەوە، بەرتیلی ناو باخەڵیش هەڵچوونی توند.

[15] ئەنجامدانی دادپەروەری دڵخۆشی ڕاستودروستانە، بەڵام تۆقاندنی بەدکارانە.

[16] پیاو لە ڕێگای وریایی وێڵ بێت لەناو کۆمەڵی مردووان پاڵدەداتەوە.

[17] ئەوەی حەزی لە ڕابواردن بێت هەژار دەبێت، ئەوەی حەز لە شەراب و ڕۆن بکات دەوڵەمەند نابێت.

[18] بەدکار دەبێتە قوربانی بۆ کەسی ڕاستودروست، ناپاکانیش بۆ سەرڕاستان.

[19] باشترە لە چۆڵەوانی نیشتەجێ بیت، نەک لەگەڵ ئافرەتێکی شەڕانی و تووڕە.

[20] گەنجینەی خۆراکی باش و ڕۆن لە ماڵی کەسی دانا هەیە، بەڵام کەسی گێل هەڵدەلووشێت.

[21] ئەوەی دوای ڕاستودروستی و خۆشەویستی نەگۆڕ بکەوێت، ژیان و ڕاستودروستی و ڕێزداری دەدۆزێتەوە.

[22] پیاوی دانا بە شاری پاڵەوانەکاندا هەڵدەگەڕێت و قەڵا پشتبەستەکەیان وێران دەکات.

[23] ئەوەی دەم و زمانی خۆی بپارێزێت، خۆی لە تەنگانە دەپارێزێت.

[24] لووتبەرز و لەخۆبایی بە گاڵتەجاڕ ناودەبردرێت، بە لێشاوی لووتبەرزییەوە ڕەفتار دەکات.

[25] ئارەزووی کەسی تەمبەڵ دەیکوژێت، چونکە دەستەکانی ئیش ڕەت دەکەنەوە،

[26] بە درێژایی ڕۆژ تامەزرۆی ئارەزووە، بەڵام کەسی ڕاستودروست دەبەخشێت و دەستی پێوە ناگرێت.

[27] قوربانی بەدکاران قێزەونە، لەوەش زیاتر ئەگەر بە نیازێکی خراپەوە بیکات!

[28] شایەتی درۆزن لەناودەچێت، بەڵام قسەی پیاوی گوێگر دەچەسپێت.

[29] پیاوی بەدکار ناوچەوانی خۆی گرژ دەکات، بەڵام سەرڕاست ئاگای لە ڕێگای خۆیەتی.

[30] دانایی و تێگەیشتن و ڕاوێژ نییە لە دژی یەزدان سەربکەوێت.

[31] ئەسپ ئامادەیە بۆ ڕۆژی جەنگ، بەڵام ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.

پەندەکانی سلێمان — Chapters