[1] ژنی دانا ماڵی خۆی بنیاد دەنێت، گێلیش بە دەستی خۆی کاولی دەکات.
[2] ئەوەی ڕاستەڕێیەکەی خۆی بگرێت لەخواترسە، بەڵام ئەوەی ڕێگای خۆی خوار بکاتەوە سووکایەتی پێ دەکات.
[3] گێل بە قسەکانی خۆی تووشی گۆچانی سزادان دەبێت، بەڵام دانایان لێوەکانیان دەیانپارێزێت.
[4] کە مانگا نەبێت ئاخوڕ بەتاڵە، دروێنەی زۆریش بە هێزی گایە.
[5] شایەتی دەستپاک درۆ ناکات، بەڵام شایەتی درۆزن درۆ بڵاو دەکاتەوە.
[6] گاڵتەجاڕ داوای دانایی دەکات و نایدۆزێتەوە، بەڵام زانیاری بۆ تێگەیشتوو ئاسانە.
[7] لەبەردەم کەسی گێل دووربکەوە، چونکە لە لێوەکانی زانیاری نابیستیت.
[8] دانایی ژیر تێگەیشتنی ڕێگای خۆیەتی، بەڵام گێلایەتی گێلەکان فریودانە.
[9] گێلەکان گاڵتە بە تاوان دەکەن، بەڵام لەنێو سەرڕاستان ڕەزامەندی خودا دەدۆزرێتەوە.
[10] هەر دڵێک تاڵیێتی گیانی خۆی دەزانێت، بێگانەش لە خۆشییەکەی بەشداری ناکات.
[11] ماڵی بەدکارەکان کاول دەبێت، بەڵام ڕەشماڵی سەرڕاستان گەشە دەکات.
[12] ڕێگا هەیە لەبەرچاوی مرۆڤ ڕاست دیارە، بەڵام کۆتاییەکەی بەرەو مردنە.
[13] بگرە لە پێکەنینیشدا دڵ تەنگ دەبێت، لەوانەیە کۆتایی خۆشیش خەم بێت.
[14] کەسی ڕاڕا لە ڕێگای خۆی تێر دەبێت، پیاوچاکیش لەوەی کە هەیەتی.
[15] ساویلکە بە هەموو قسەیەک بڕوا دەکات، بەڵام ژیر دەڕوانێتە هەنگاوەکانی خۆی.
[16] کەسی دانا دەترسێت و لە خراپە لادەدات، بەڵام گێل سەرگەرمە و پشت ئەستوورە.
[17] کەسی هەڵەشە ڕەفتاری گێلانە دەکات، پیاوی تەڵەکەبازیش مایەی ڕقە.
[18] ساویلکەکان میراتگری گێلایەتین، بەڵام ژیرەکان سەریان بە زانیاری دەڕازێنرێتەوە.
[19] بەدکاران لەبەردەم پیاوچاکان دەچەمێنەوە، خراپەکارانیش لە بەردەرگای کەسی ڕاستودروست.
[20] هەژار تەنانەت دراوسێکەشی ڕقی لێی دەبێتەوە، بەڵام دەوڵەمەند دۆستی زۆرە.
[21] ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات گوناه دەکات، بەڵام خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لەگەڵ هەژاران میهرەبانە.
[22] ئایا وێڵ نابن ئەوانەی پیلانی خراپە دادەڕێژن؟ بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لەگەڵ ئەوانەیە کە پلانی چاکە دادەڕێژن.
[23] لە هەموو ماندووبوونێک سوود هەیە، بەڵام تەنها قسەی لێوان بێت بەرەو نەبوونییە.
[24] دەوڵەمەندی تاجی دانایانە، بەڵام گێلایەتی نادانایان دەڕازێنێتەوە.
[25] شایەتی ڕاستگۆ دەربازکەری خەڵکە، بەڵام ئەوەی درۆ بڵاو دەکاتەوە تەفرەدەرە.
[26] ئەوەی لە یەزدان بترسێت دڵنیاییەکی بەهێزی هەیە، بۆ کوڕەکانیشی دەبێتە پەناگا.
[27] لەخواترسی کانی ژیانە، بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن.
[28] زۆری گەل شکۆمەندییە بۆ پاشا، بەڵام نەمانی گەل شکستی میرە.
[29] ئەوەی درەنگ تووڕە بێت باش تێدەگات، بەڵام ئەوەی هەڵەشە بێت گێلایەتی دەردەخات.
[30] دڵی ئارام ژیان بە جەستە دەبەخشێت، بەڵام ئیرەیی ئێسک کلۆر دەکات.
[31] ئەوەی ستەم لە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات، بەڵام ئەوەی لەگەڵ نەدار میهرەبانە ڕێز لە خودا دەگرێت.
[32] خراپەکار بە خراپەکانی خۆی دەکەوێنرێت، بەڵام کەسی ڕاستودروست لە مردنیشی پەناگای هەیە.
[33] دانایی لەناو دڵی کەسی تێگەیشتوو دەحەسێتەوە، هەروەها گێلەکان تەنانەت ناواخنیشیان دەزانرێت.
[34] ڕاستودروستی نەتەوە بەرز دەکاتەوە، بەڵام گوناه شەرمەزاری گەلانە.
[35] ڕەزامەندی پاشا بۆ خزمەتکاری وریایە، بەڵام تووڕەبوونی لە خزمەتکاری شەرمەزارە.