[1] کە دانیشتی لەگەڵ فەرمانڕەوایەک نان بخۆیت، باش وردبەرەوە لەوەی لەپێشتە.
[2] چەقۆیەک لە گەرووت دابنێ، ئەگەر تۆ نەوسنی.
[3] ئارەزووی خواردنە خۆشەکانی مەکە، چونکە ئەم نانە بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنە.
[4] خۆت ماندوو مەکە بۆ ئەوەی دەوڵەمەند بیت، بە تێگەیشتنەوە وازی لێ بهێنە.
[5] چاو لە دەوڵەمەندی دەبڕیت و نییە، چونکە بێگومان باڵ دەگرێت، وەک هەڵۆ بەرەو ئاسمان دەفڕێت.
[6] نانی کەسی بەرچاوتەنگ مەخۆ، ئارەزووی خواردنە خۆشەکانی مەکە.
[7] چونکە جۆرە کەسێکە هەردەم بیری لەلای تێچوونەکانە، پێت دەڵێت: «بخۆ و بنۆشە.» بەڵام دڵی لەگەڵت نییە.
[8] ئەو پارووەی خواردووتە دەیڕشێنیتەوە و قسە شیرینەکانت بە با دەدەیت.
[9] قسە بۆ گێل مەکە، چونکە گاڵتەی بە دانایی قسەکانت دێت.
[10] سنوورە کۆنەکان مەگوازەوە، هەروەها مەچووە ناو کێڵگەی هەتیوان،
[11] چونکە ئەوەی دەیانپارێزێت بە توانایە، ئەو بەرگری لە کێشەکەیان دەکات لە دژی تۆ.
[12] دڵت ئاراستەی تەمبێکردن بکە و گوێشت بەرەو قسەی زانیاری.
[13] ڕێگری لە تەمبێکردنی منداڵ مەکە، ئەگەر بە گۆچان لێی بدەیت نامرێت.
[14] تۆ بە گۆچان لێی بدەیت، گیانی لە مردن دەرباز دەبێت.
[15] ڕۆڵە، ئەگەر دڵت دانایە، منیش دڵم خۆش دەبێت.
[16] ناخم شادمان دەبێت، کە لێوەکانت ڕاستییەکان دەڵێن.
[17] دڵت ئیرەیی بە گوناهباران نەبات، بەڵکو بە درێژایی ڕۆژ بە پەرۆش بە بۆ لەخواترسی.
[18] چونکە بێگومان دواڕۆژت دەبێت، ئومێدی تۆ نابڕێت.
[19] ڕۆڵە، تۆ گوێ بگرە و دانابە، دڵت بەرەو ڕێگای ڕاستی ئاراستە بکە.
[20] لەوانە مەبە کە شەراب زۆر دەخۆنەوە، یان ئەوانەی گۆشت زۆر دەخۆن،
[21] چونکە مەیخۆر و زۆر خۆر هەژار دەبن، ئەوەی زۆر بخەوێت پینەوپەڕۆ لەبەر دەکات.
[22] گوێ لە باوکت بگرە کە تۆی خستووەتەوە، دایکت کە پیر بوو گاڵتەی پێ مەکە.
[23] ڕاستی بکڕە و مەیفرۆشە، هەروەها دانایی و تەمبێکردن و تێگەیشتن.
[24] باوکی کەسی ڕاستودروست زۆر دڵخۆش دەبێت، ئەوەی کوڕێکی دانای ببێت پێی شادمان دەبێت.
[25] با دایک و باوکت شادمان بن، ئەوەی تۆی بووە دڵخۆش بێت.
[26] ڕۆڵە، دڵی خۆتم بدەرێ، با چاوەکانت لەسەر ڕێگاکانم بێت،
[27] چونکە لەشفرۆش چاڵێکی قووڵە و ژنی داوێنپیس بیرێکی تەنگە.
[28] تەنانەت ئەویش وەک چەتە لە بۆسەدا دەبێت، ناپاک لەنێو خەڵک زۆر دەکات.
[29] واوەیلا بۆ کێیە؟ پەژارەیی بۆ کێیە؟ ناکۆکی بۆ کێیە؟ سکاڵاکردن بۆ کێیە؟ برینی بەخۆڕایی بۆ کێیە؟ چاو سووربوونەوە بۆ کێیە؟
[30] بۆ ئەوانەی بە دیار شەرابەوە لەنگەر دەگرن، ئەوانەی شەرابی تێکەڵاو تاقی دەکەنەوە.
[31] تەماشای شەراب مەکە بە ڕەنگی سووری، کە لەناو جام پڕشنگی داوە، بە سووکی دەچێتە خوارەوە!
[32] لە کۆتاییەکەی وەک مار دەتگەزێت و وەک توولەمار پێتەوەدەدات.
[33] چاوەکانت شتی نامۆ دەبینن و وڕێنەی سەیر و سەمەرە دەکەیت.
[34] وەک یەکێک دەبیت لەناو دڵی دەریا پاڵکەوتبێت، یان وەک یەکێک بەسەر دارئاڵای کەشتییەوە پاڵکەوتبێت.
[35] دەڵێی: «لێیان دام، ئازارم نەبوو! کوتامیان، نەمزانی! کەی بە هۆش خۆم دێمەوە، هەتا بەردەوام بم و بخۆمەوە؟»