Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:02

[1] وتەکانی وتاربێژی ژیرمەند، کوڕی داود، پاشا لە ئۆرشەلیم:

[2] وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «بێ واتای بێ واتایان! بێ واتا هەر بێ واتایە! هەرچی هەیە بێ واتایە.»

[3] مرۆڤ لە هەموو ماندووبوونەکەی چی بۆ دەمێنێتەوە، کە لەسەر زەوی پێوەی ماندوو دەبێت؟

[4] نەوەیەک دێت و نەوەیەک دەڕوات، بەڵام زەوی هەتاهەتایە هەر هەیە.

[5] خۆر هەڵدێت و خۆرئاوا دەبێت، بە پەلەیە بۆ شوێنەکەی لەوێوە هەڵدێت.

[6] با هەڵدەکات بەرەو باشوور و دەسووڕێتەوە بەرەو باکوور، دەسووڕێتەوە و دەسووڕێتەوە، هەمیشە بۆ خولگەکەی خۆی دەگەڕێتەوە.

[7] هەرچەندە هەموو ڕووبارەکان بەرەو دەریا دەچن، بەڵام دەریا هەر پڕ نابێت. ڕووبارەکان بۆ شوێنەکەی خۆیان دەچنەوە، بۆ ئەوێ دەڕۆن و دەگەڕێنەوە.

[8] هەموو شتەکان ماندووکەرن، مرۆڤ ناتوانێت دەریانببڕێت. چاو لە سەیرکردن تێر نابێت و گوێ لە بیستن پڕ نابێت.

[9] ئەوەی بووە هەر ئەو دەبێت، ئەوەی کراوە هەر ئەو دەکرێت، هیچی نوێ لەسەر زەوی نییە.

[10] هیچ شتێک نییە کە بگوترێت: «سەیر بکە، ئەمە نوێیە!» لە دێرزەمانەوە هەر بووە، لە سەردەمانی پێش ئێمەوە.

[11] کەس یادی نەوەکانی پێشوو ناکاتەوە، تەنانەت نەوەکانی داهاتووش نایەنەوە یادی ئەوانەی کە لەپاش ئەوان دێن.

[12] من کە وتاربێژی ژیرمەندم، پاشای ئیسرائیل بووم لە ئۆرشەلیم.

[13] لە ڕێگای داناییەوە خۆمم تەرخان کرد بۆ فێربوون و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هەموو ئەو کارانەی کە لەسەر زەوی کراون. بارێکی گرانە کە خودا لەسەر شانی مرۆڤی داناوە!

[14] ڕوانیمە هەموو کردارەکان کە لەسەر زەویدا کراون و ئەوەتا هەمووی بێ واتایە و گڤەی بایە.

[15] خوار ناتوانرێت ڕاست بکرێتەوە و ونبوو ناتوانرێت بژمێردرێت.

[16] لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئەوەتا من مەزن بووم، داناییم زۆرتر بوو لە هەموو ئەوانەی پێش من لەسەر تەختی ئۆرشەلیم بوون و دڵم دانایی و زانینی زۆری بینی.»

[17] ئینجا خۆمم تەرخان کرد بۆ تێگەیشتن لە دانایی، هەروەها شێتی و گێلی، ئەو کاتە بۆم دەرکەوت ئەمەش بە هەمان شێوە گڤەی بایە.

[18] چونکە لە زۆری دانایی، پەستی زۆر دەبێت و ئەوەی زانینی زیاتر بێت خەمی زیاد دەبێت.

ژیرمەندی — Chapters