Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:00

[1] بەدیهێنەری خۆت لەبیر بێت لە سەردەمی گەنجیێتیت، پێش ئەوەی ڕۆژگاری خراپە بێت یان ئەو ساڵانە نزیک بێتەوە کە بڵێی: «خۆشییان تێدا نابینم.»

[2] پێش ئەوەی درەوشانەوەی خۆر و ڕووناکی و مانگ و ئەستێرە تەواو بێت، پێش ئەوەی گەڕانەوەی هەوری باران ئاسمان تاریک بکات؛

[3] ئەو ڕۆژەی پارێزەرانی ماڵ دەلەرزن، پیاوانی بەهێز دەچەمێنەوە، ئەو ئافرەتانەی کە ئیشی دەستاڕیان دەکرد لەبەر کەمی لە کار دەکەون، تاریک دادێن ئەو ژنانەش کە لە پەنجەرەکانەوە تەماشا دەکەن؛

[4] کاتێک دەرگاکانی لە بازاڕ داخراون دەنگی هاڕین نزم دەبێتەوە؛ ئەو ڕۆژەی کە پیرەمێرد لە دەنگی چۆلەکە هەڵدەستێت، هەرچەندە بەلایەوە گۆرانی کچەکان کز دەبن؛

[5] ئەو ڕۆژەش کە خەڵک لە بەرزایی دەترسن و لە ڕێگا تۆقیون، کە بادەم چرۆ دەکات و کوللەحاجی خۆی ڕادەکێشێت و هیچ ئارەزوو نامێنێت. ئیتر مرۆڤ بەرەو ماڵی هەتاهەتایی خۆی دەچێت و شینگێڕەکان بە شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە.

[6] لەبیرت بێت، پێش ئەوەی زنجیری زیو بپچڕێت و قاپی زێڕین بشکێت؛ پێش ئەوەی گۆزە لەسەر کانی وردوخاش بکرێت، یان چەرخە لەسەر بیر بشکێنرێت و

[7] خۆڵ دەگەڕێتەوە سەر زەوی وەک پێشوو، ڕۆحیش دەگەڕێتەوە لای ئەو خودایەی کە بەخشیویەتی.

[8] وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «بێ واتای بێ واتایان! هەموو شتێک بێ واتایە!»

[9] سەرباری ئەوەی کە وتاربێژی ژیرمەند دانا بوو، گەلیشی فێری زانین کرد، شارەزای هەڵسەنگاندن و پشکنین و ڕێکخستنی پەندی زۆر بوو.

[10] وتاربێژی ژیرمەند هەوڵی دا وشە شادی بەخشەکان بدۆزێتەوە کە بە سەرڕاستی نووسراون و وشەکانی ڕاستین.

[11] وشەکانی پیاوی دانا وەک نەقیزە وایە، وەک بزمارە چەقیوەکانن لە پیاوانی کۆمەڵ، لەلایەن یەک شوانەوە دراون.

[12] سەرەڕای ئەمانەش، ئەی ڕۆڵە، سەرنجی ئەم شتانە بدە. دانانی پەڕتووکی زۆر کۆتایی بۆ نییە، لێکۆڵینەوەی زۆریش لەش ماندوو دەکات.

[13] هەموو شت ئێستا بیستراوە و دەرئەنجامەکەی ئەوەیە: لە خودا بترسە و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنە، چونکە ئەمە ئەرکی سەر شانی هەموو مرۆڤە.

[14] چونکە خودا حوکم بەسەر هەموو کارێک دەدات، لەسەر هەموو کارێکی نهێنی، جا چ چاک بێت یان خراپ.

ژیرمەندی — Chapters