[1] وەک چۆن مێشی مردوو بۆنی خۆش بۆگەن دەکات، کەمێک کاری گێلانە دەتوانێت دانایی و ڕێزی کەسێک لەناوبەرێت.
[2] دڵی دانا مەیلی ڕێی ڕاست دەکات، دڵی گێلیش مەیلی خواری دەکات.
[3] کە گێل بە ڕێگادا دەڕوات گێلی لێ دەبارێت، ئیتر گێلایەتییەکەی بۆ هەموو لایەک دیارە.
[4] ئەگەر تووڕەیی فەرمانڕەوا بەسەرتدا جۆشا، شوێنی کاری خۆت بەجێمەهێڵە، چونکە هێمنی هەڵەی گەورە ئارام دەکاتەوە.
[5] خراپەیەک هەیە لەسەر زەویدا بینیم وەک هەڵەیەکی مەزنە لەلایەن فەرمانڕەوا.
[6] گێل زۆر جار لە پلەوپایەی بەرز دادەنرێت و دەوڵەمەندەکانیش لە شوێنە نزمەکان دادەنیشن.
[7] بینیم خزمەتکاران ئەسپ سوار بوون و میران پیادە بوون وەک خزمەتکار.
[8] ئەوەی چاڵ هەڵکەنێت خۆی تێی دەکەوێت، ئەوەی دیوار بڕووخێنێت مار پێیەوە دەدات.
[9] ئەوەی بەرد هەڵکەنێت ئازاری پێوە دەبینێت، ئەوەی دار ببڕێت لە مەترسییەکەیدا دەبێت.
[10] ئەگەر تەور کول بێت و دەمی تیژ نەکرێت، هێزی زیاتری دەوێت، بەڵام دانایی بەسوودە بۆ سەرکەوتن.
[11] ئەگەر پێش نوشتەکردن مار پێتەوە بدات، ئیتر نوشتەکەر کرێیەکەی وەرناگرێت.
[12] قسەی زاری دانا شیرینە، بەڵام گێل لێوەکانی خۆی هەڵیدەلووشن.
[13] سەرەتای وشەکانی دەمی گێلییە، لە کۆتاییدا دەبنە شێتێکی خراپ.
[14] گێل زۆر قسە دەکات. مرۆڤ نازانێت چی دەبێت و کێ دەتوانێت بە کەسێکی دیکە ڕابگەیەنێت کە چی لەدوای خۆی ڕوودەدات؟
[15] ماندووبوونی گێل خۆی شەکەت دەکات، بە جۆرێک نازانێت چۆن بۆ شار بچێت.
[16] قوڕبەسەر ئەو خاکەی کە پاشاکەی پێشتر خزمەتکار بوو و میرەکانیشی بەیانییان لەسەر خوان دادەنیشن.
[17] خۆزگە بەو خاکەی کە پاشاکەی لە نەوەی شازادە بێت و میرەکانیشی نان لە کاتی خۆیدا بخۆن، بۆ هێز نەک بۆ سەرخۆشی.
[18] بە تەمبەڵی بنمێچ دێتە خوارێ و بە دەست شلکردنیش خانوو دڵۆپە دەکات.
[19] بۆ ئەوەی پێبکەنن خوان ئامادە دەکەن و شەرابیش ژیان خۆش دەکات، بەڵام پارە هەموو شتێکی پێ دەکرێت.
[20] تەنانەت لەبیری خۆشت نەفرەت لە پاشا مەکە، لە ژووری نوستنیشت نەفرەت لە دەوڵەمەند مەکە، چونکە چۆلەکەی ئاسمان دەنگەکەت دەگەیەنێت و باڵداریش قسەکەت ڕادەگەیەنێت.