Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:05

[1] من لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئێستا وەرە با بە شادی تاقیت بکەمەوە، جا چاکە دەبینیت!» بەڵام ئەمیش بووە شتێکی بێ واتا.

[2] لەبارەی پێکەنینەوە گوتم: «گێلایەتییە، ئەی شادی دەتگەیەنێتە چی؟»

[3] هەوڵم دا ڕۆحی خۆم بە شەراب شاد و گێل بکەم، لەو کاتەی کە هێشتا بیرم بە دانایی ڕێنمایی دەکردم. ویستم ببینم چی بۆ مرۆڤ باشە کە بە درێژایی ڕۆژانی ژیانی لەژێر ئاسماندا بیکات.

[4] کاری مەزنم ئەنجام دا، چەندین ماڵم بۆ خۆم بنیاد نا، چەندین ڕەزم بۆ خۆم چاند،

[5] باخ و بێستانم دروستکرد، لەناویاندا هەموو جۆرە دارێکی بەردارم چاند.

[6] حەوزی ئاوم دروستکرد هەتا لەوێوە دارستانە سەوزەکان ئاو بدەم.

[7] کۆیلە و کەنیزەم کڕی و چەند کۆیلەیەکی دیکەشم هەبوو کە لە ماڵەکەم لەدایک ببوون. هەروەها سەرمایەی مەڕ و مانگام زۆرتر بوو لە هەموو ئەوانەی پێش من لە ئۆرشەلیم بوون.

[8] زێڕ و زیو و گەنجینەی پاشاکان و هەرێمەکانم بۆ خۆم کۆکردەوە، چەندین ژن و پیاوی گۆرانیبێژ و کەنیزەم بۆ خۆم دانا. ئەوەی چێژ بداتە مرۆڤ بۆ خۆم دامنا.

[9] مەزن و پایەدارتر بووم لە هەموو ئەوانەی پێش من لە ئۆرشەلیم بوون، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەر بە دانایی مامەوە.

[10] هەرچی چاوم خواستی ڕێم لێ نەگرت، ئەوەی دڵم پێی خۆش بوو کردم. دڵم بە هەموو ماندووبوونەکەم خۆش بوو، ئەمەش پاداشتی هەموو ماندووبوونەکەم بوو.

[11] بەڵام کاتێک سەیری هەموو کارەکانی دەستی خۆمم کرد، لەوانەی کە پێیانەوە ماندوو ببووم، بینیم هەمووی بێ واتا بوون وەک گڤەی با. لەسەر زەوی هیچت بۆ نامێنێتەوە.

[12] پاشان ئاوڕم دایەوە بۆ ئەوەی دانایی و شێتی و گێلایەتی ببینم، چونکە ئەو کەسەی کە دوای پاشا دێت چی زیاتر دەکات، لەوەی پێشتر کراوە؟

[13] جا بینیم دانایی لە گێلی بەسوودترە، وەک چۆن ڕووناکی بەسوودترە لە تاریکی.

[14] دانا چاوی لە سەریدایە، بەڵام گێل بە تاریکیدا دەڕوات، پاشان بۆم دەرکەوت کە هەردووکیان یەک چارەنووسیان هەیە.

[15] ئینجا لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئەوەی لە گێل ڕوودەدات لە منیش ڕوودەدات، ئیتر قازانجی چییە کە من داناتربم؟» لەبەر ئەوە لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئەمەش هەر بێ واتایە.»

[16] چونکە نە دانا و نە گێل، هەتاهەتایە یاد ناکرێنەوە. وەک چۆن لە کۆنەوە ئاواش لە ڕۆژانی داهاتوو هەموو لەبیر دەچنەوە. هەروەک گێل، داناش دەمرێت.

[17] ئیتر ڕقم لە ژیان هەستا، چونکە ئەوەی لەسەر زەویدا دەکرێت، لەلام خراپە، هەمووی بێ واتایە و گڤەی بایە.

[18] ڕقم لە هەموو ماندووبوونەکەم هەستا کە لەسەر زەویدا ڕەنجم بۆی کێشا، لەبەر ئەوەی بە ناچاری بۆ ئەو کەسەی بەجێدەهێڵم کە لەپاش خۆم دێت.

[19] کێ دەزانێت ئەو کەسە دانا دەبێت یان گێل؟ لەگەڵ ئەوەشدا دەست بەسەر هەموو ماندووبوونەکەم دەگرێت کە لەسەر زەویدا ڕەنجم بۆی کێشا. ئەمەش هەر بێ واتایە.

[20] ئیتر دڵی خۆم بێ ئومێد بووە لە هەموو ئەو ماندووبوونە کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو بووم.

[21] لەوانەیە کەسێک بە دانایی و زانین و کارامەییەوە خۆی ماندوو بکات، بەڵام بۆ کەسێک کە پێوەی ماندوو نەبووبێت وەک میرات بەجێی بهێڵێت. هەروەها ئەمەش بێ واتایە و نەهامەتییەکی گەورەیە.

[22] چی تێدایە بۆ مرۆڤ لە هەموو ئەو ماندووبوون و کۆششەی کە بە دڵەڕاوکێ لەسەر زەویدا ڕەنجی بۆ دەکێشێت؟

[23] چونکە بە درێژایی ژیانی کارەکەی پڕ لە خەم و ئازارە، بگرە لە شەویشدا بیری ئاسوودە نابێت. ئەمەش هەر بێ واتایە.

[24] لەوە باشتر نییە بۆ مرۆڤ کە بخوات و بخواتەوە و چێژ لە ماندووبوونەکەی ببینێت. هەروەها ئەمەشم بینی کە لە خوداوەیە،

[25] چونکە بەبێ خودا کێ دەتوانێت بخوات و کێ دەتوانێت خۆشی ببینێت؟

[26] خودا ئەوەی چاکە لەبەردەمی، دانایی و زانین و دڵخۆشی دەداتێ، گوناهباریش خەریک دەکات بە کۆکردنەوەی ماڵ و سامان و ئەمبارکردنی، هەتا بیداتە ئەو کەسەی کە خودا پەسەندی دەکات. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.

ژیرمەندی — Chapters