Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:27

[1] ناوبانگی باش لە بۆنی خۆش باشترە و ڕۆژی مردنیش لە ڕۆژی لەدایکبوون.

[2] چوون بۆ ماڵی ماتەمدار باشترە لە چوون بۆ ماڵی ئاهەنگدار، چونکە مردن کۆتایی هەموو مرۆڤێکە، زیندوو دەیخاتە دڵی خۆیەوە.

[3] وەڕسبوون لە پێکەنین باشترە، چونکە بە خەمۆکی ڕوخسار دڵ چاک دەبێتەوە.

[4] دڵی دانایان لە ماڵی ماتەمدارە و دڵی گێلانیش لە ماڵی ئاهەنگدارە.

[5] گوێگرتن لە سەرزەنشتی دانا باشترە لە گوێگرتن لە گۆرانی گێلەکان.

[6] چونکە وەک قرچەی دڕکە کە لەژێر مەنجەڵە، بەم شێوەیە پێکەنینی پیاوی گێل. ئەمەش هەر بێ واتایە.

[7] زۆرداری پیاوی دانا گێل دەکات و بەرتیل دڵ گەندەڵ دەکات.

[8] کۆتایی شت باشترە لە سەرەتاکەی، پشوو درێژ باشترە لە هەڵەشە.

[9] لە ناخەوە زوو پەست مەبە، چونکە تووڕەیی لەناو سنگی گێلەکاندا جێگیرە.

[10] مەڵێ: «بۆچی سەردەمانی کۆن لە ئەمڕۆ باشتر بوون؟» چونکە لە داناییەوە نییە لەمە پرسیار دەکەیت.

[11] دانایی باشە وەک میرات و بە سوودە بۆ ئەوانەی کە خۆر دەبینن.

[12] دانایی پەناگایە وەک چۆن پارەش پەناگایەکە، سوودی زانینیش، داناییە ژیان دەبەخشێت بە خاوەنەکەی.

[13] تەماشای کاری خودا بکە: کێ دەتوانێت ڕاستی بکاتەوە ئەوەی خودا خواری کردووەتەوە؟

[14] لە ڕۆژی باشدا، لە خۆشیدا بە و لە ڕۆژی خراپدا ببینە: خودا هەردووکیانی دروستکردووە. ئیتر مرۆڤ ناتوانێت هیچ شتێک سەبارەت بە داهاتووەکەی بدۆزێتەوە.

[15] لە ڕۆژگاری بێ واتای خۆمدا ئەم دووانەم بینی: کەسی ڕاستودروست هەیە بە ڕاستودروستییەکەی دەفەوتێت، خراپەکاریش هەیە درێژە بە خراپەکەی دەدات.

[16] زۆر ڕاستودروست مەبە و زیاد دانا مەبە. بۆچی خۆت تێکدەدەیت؟

[17] زۆر بەدکار مەبە و مەبە بە گێل. بۆچی بمریت لە کاتی خۆت نەبێت؟

[18] باشترە دەست بە ئەمیانەوە بگریت، هەروەها لەمەش دەست شل نەکەیت، چونکە لەخواترس بە هیچ شێوەیەک زیادەڕەوی ناکات.

[19] دانایی دانا بەهێزتر دەکات لە دە فەرمانڕەوا کە لە شاردا بن.

[20] بێگومان هیچ مرۆڤێکی ڕاستودروست لەسەر زەویدا نییە، کە چاکە دەکات و هەرگیز گوناه ناکات.

[21] هەروەها هەموو قسەیەک کە دەیکەن دڵی خۆتی مەدەرێ، نەوەک گوێت لە خزمەتکارەکەت بێت نەفرەتت لێ بکات،

[22] چونکە دڵت دەزانێت کە تۆش زۆر جار نەفرەتت لەوانی دیکە کردووە.

[23] هەموو ئەمانەم بە دانایی تاقی کردووەتەوە. گوتم: «دانا دەبم،» کەچی لێم دوور بوو.

[24] ئەو داناییە کە هەیە دوورە و هێندە قووڵە کێ دەیدۆزێتەوە؟

[25] هاتم سەرنجم دا لە دانایی و لێم کۆڵییەوە و گەڕام بەدوای ڕاستیەکاندا بۆ ئەوەی لێی تێبگەم، لە ئەنجامدا بۆم دەرکەوت کە خراپەکاری نەزانینە و گێلایەتیش شێتییە.

[26] من دۆزیمەوە کە لە مردن تاڵترە ئەو ژنەی کە تۆڕە و دڵی تەڵەیە، دەستەکانیشی کۆتن. ئەوەی لەبەردەم خودا چاک بێت، لێی دەرباز دەبێت، بەڵام گوناهبار بە تەڵەکەیەوە دەبێت.

[27] وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «سەیر بکە، ئەمەم دۆزییەوە: «بۆ ئەوەی بگەمە ئەنجامی ڕاستییەکان زانیارییەکانم یەک بە یەک کۆکردەوە،

[28] لە کاتێکدا کە هێشتا دەگەڕام و جارێ نەگەیەشتبوومە ئەنجام، پەندێکم بیستووە کە دەڵێت: ”لەنێو هەزار پیاودا تەنها یەکێکم دۆزییەوە، بەڵام لەنێو هەموویان یەک ئافرەتم نەبینی.“

[29] تەنها شتێکم دۆزیوەتەوە، ئەمەش ئەوەیە: خودا مرۆڤی لەسەر بنچینەیەکی ڕاست دروستکردووە، بەڵام ئەوان دوای داهێنانی زۆر کەوتوون.»

ژیرمەندی — Chapters