Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:47

[1] ئیتر هەموو لە هەموو ئەوانە تێڕامام کە ڕاستودروستان و دانایان و کردەوەکانیان لەژێر دەسەڵاتی خودان، بەڵام کەس نازانێت لە ڕێگەی خۆشەویستی یان ڕق لێبوونەوەوە دێت.

[2] هەموویان یەک چارەنووسیان هەیە، بۆ کەسی ڕاستودروست و بۆ بەدکار، بۆ چاک و بۆ خراپ، بۆ پاک بۆ گڵاو، بۆ قوربانی سەربڕ و بۆ ئەوەی قوربانی سەرنابڕێت. چاکەکار و گوناهبار، سوێندخۆر و ئەوەی دەترسێت سوێند بخوات.

[3] ئەمە ئەو خراپەیە کە لە پشتی هەموو ڕووداوەکانی سەر زەوییە: کە یەک چارەنووس بۆ هەمووان بێت، هەروەها دڵی ئادەمیزاد پڕە لە خراپە و شێتی لە دڵیاندایە کە زیندوون و پاشانیش کە دەچنە پاڵ مردووان.

[4] هەرکەسێک کە لەنێو زیندووان بێت، ئومێدەوارە. سەگی زیندووش لە شێری تۆپیو چاکترە!

[5] چونکە زیندووان دەزانن کە دەمرن، بەڵام مردووان هیچ نازانن و لەمەودواش پاداشتیان نییە، تەنانەت ناویان لەبیرکراوە.

[6] خۆشەویستی و ڕق و بەغیلیشیان لەمێژە لەناوچوون، ئیتر بەشیان نییە هەتاهەتایە لە هەموو ئەوەی لەسەر زەویدا دەکرێت.

[7] بڕۆ بە شادی نانی خۆت بخۆ و بە دڵێکی خۆش شەرابی خۆت بنۆشە، چونکە لەمێژە خودا لە کردەوەت ڕازییە.

[8] با هەموو کاتێک جلوبەرگت سپی بێت و زەیت لە سەری خۆت بدە.

[9] خۆشی ببینە لەگەڵ ژنەکەت کە خۆشت دەوێت، هەموو ڕۆژانی ژیانی بێ واتات، کە خودا لەسەر زەوی پێیداویت، هەموو ڕۆژانی بێ واتات، چونکە ئەمە بەشی تۆیە لە ژیان و لە ماندووبوونەکەت کە لەسەر زەوی پێوەی ماندوو دەبیت.

[10] ئەوەی لە دەستت دێ بیکەیت، بە هێزەوە، چونکە نە کار و نە پلاندانان و نە زانین و نە دانایی نییە لە جیهانی مردووان، ئەوەی تۆ دەچیت بۆ ئەوێ.

[11] دیاردەیەکی نوێم لەسەر زەوی بینی: ڕاکردن بۆ سووکەڵەکان نییە و جەنگ بۆ پاڵەوانان نییە و نان بۆ دانایان نییە و دەوڵەمەندی بۆ تێگەیشتووان نییە و پەسەندی بۆ زانایان نییە، چونکە کات و بەخت تووشی هەمووان دێت.

[12] هەروەها مرۆڤ کاتی خۆی نازانێت: وەک ئەو ماسییانەی بە تۆڕێکی لەناوبەر دەبردرێن یان وەک ئەو چۆلەکانەی بە تەڵەوە دەبن، وەک ئەوان ئادەمیزاد ڕاو دەکرێن لە کاتی خراپەدا کە لەناکاو بەسەریاندا دێت.

[13] ئەم داناییەشم لەسەر زەویدا بینی، لەلای من مەزنە:

[14] شارێکی بچووک و خەڵکێکی کەمی تێدابوو، پاشایەکی مەزن پەلاماری دا و ئابڵوقەی دا و قوللەی مەزنی بەدەوریدا بنیاد نا.

[15] ئەو شارە پیاوێکی هەژاری دانای تێدابوو، بە دانایی خۆی شارەکەی دەرباز کرد. بەڵام کەس ئەو پیاوە هەژارەی لەبیر نەما.

[16] منیش گوتم: «دانایی لە هێز باشترە،» بەڵام دانایی هەژاریش بە سووکی تەماشا دەکرێت و گوێ لە قسەکانی ناگیرێت.

[17] قسەی بە هێمنی لەلایەن دانایان شایانی سەرنجدانە، زیاتر لە هاواری دەسەڵاتدار لەناو گێلان.

[18] دانایی لە چەکی جەنگ چاکترە، بەڵام یەک گوناهبار چاکەیەکی زۆر تێک دەدات.

ژیرمەندی — Chapters