Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:57

[1] پاشان ئاوڕم دایەوە و بینیم هەموو ئەو ستەمەی کە لەسەر زەویدا دەکرێت و ئەوەتا: فرمێسکی ستەملێکراوانم بینی، کەس نەبوو دڵنەواییان بکات، ستەمکارانیشیان زەبریان بەدەست بوو، کەس نەبوو دڵنەواییان بکات.

[2] خۆزگە بە مردووان دەخوازرێت کە دەمێکە مردوون، ئەوان خۆشحاڵترن لەوانەی کە لە ژیاندا ماون.

[3] بەڵام لە هەردووکیان باشتر ئەوەیە کە هێشتا لەدایک نەبووە، ئەوەی ئەو خراپەکارییەی نەدیوە کە لەسەر زەوی ئەنجام دەدرێت.

[4] من بینیم کە هەموو ماندووبوون و هەموو ئەوەی مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت لە ئەنجامی ئەو کێشمەکێشەی کە مرۆڤ بەرامبەر بە نزیکەکەی دەیکات، ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.

[5] کەسی گێل دەست دەخاتە سەر دەست و گۆشتی خۆی دەخوات.

[6] مشتێک حەسانەوە باشترە لە دوو مشتی پڕ ماندووبوون و گڤەی با.

[7] دیسان شتێکی بێ واتام لەسەر زەوی بینی:

[8] یەکێکی تاک و تەنها، نە کوڕی هەبوو، نە برا، هەموو ماندووبوونەکەی بێ کۆتایی بوو، هەروەها چاوی لە دەوڵەمەندی تێر نەدەبوو. گوتی: «ئیتر بۆ کێ خۆم ماندوو بکەم و گیانی خۆم بۆچی لە خۆشی بێبەش بکەم؟» ئەمەش بێ واتایە و بارێکی قورسە.

[9] دوو کەس لە یەک کەس باشترە، چونکە لە ماندووبوونەکەیان قازانجێکی باشتریان دەبێت.

[10] ئەگەر یەکێکیان بکەوێت، هاوڕێکەی هەڵیدەستێنێتەوە. بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کە تەنهایە، دەکەوێت و کەس نییە هەڵیبستێنێتەوە.

[11] هەروەها ئەگەر دوو کەس پێکەوە ڕابکشێن، گەرم دەبنەوە، بەڵام یەکێک تەنها بێت، چۆن گەرم دەبێتەوە؟

[12] ئەگەر یەکێک یەک کەس ببەزێنێت، دووان دەتوانن بەرامبەری بوەستن، داوی سێ تەلیش زوو ناپسێت.

[13] گەنجێکی هەژار و دانا باشترە لە پاشایەکی پیر و گێل، کە ئیتر ناتوانێت گوێ لە هۆشداری بگرێت.

[14] دەشێت گەنجەکە لە بەندیخانەوە هاتبێتە دەرەوە هەتا ببێت بە پاشا، یاخود بە هەژاری لەو شانشینەدا لەدایک بووبێت.

[15] ڕوانیمە هەموو ئەو مرۆڤانەی کە بەسەر زەویدا هاتوچۆیان دەکرد پشتگیری گەنجەکەیان دەکرد کە جێگەی پاشاکەی گرتەوە.

[16] ئەو مرۆڤانەی کە هاتنە بەردەمی پاشا بێشومار بوون، بەڵام گەل دڵیان بەو پاشایە خۆش نەبوو. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.

ژیرمەندی — Chapters