Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:06

[1] نان بدە بە دەم ئاوەوە، چونکە لە پاشەڕۆژدا دێتەوە ڕێگای خۆت.

[2] بەش بدە بە حەوت کەس، بەڵێ، بە هەشتیش، چونکە نازانیت چ کارەساتێک لەسەر زەوی ڕوودەدات.

[3] ئەگەر هەور پڕبێت، باران بەسەر زەویدا دەبارێنێت. ئەگەر دارێک بەرەو باشوور بکەوێت یان بەرەو باکوور، ئەو شوێنەی دارەکەی لێ دەکەوێت، لەوێ دەبێت.

[4] ئەوەی چاوی لە با بێت ناچێنێت، ئەوەی سەیری هەور بکات دروێنە ناکات.

[5] هەروەک نازانیت کامە ڕێگای بایە، یان چۆن کۆرپەلە لەناو سکی دایکیدا شێوەی دەکێشرێت، بە هەمان شێوە ناتوانیت لە کارەکانی خودا بگەیت، کە هەمووان دروستدەکات.

[6] سەر لە بەیانی تۆوی خۆت بچێنە، سەر لە ئێوارەش دەست شل مەکە، چونکە نازانیت کامیان سەوز دەبێت، ئەم یان ئەو، یان بەرهەمی هەردووکیان وەک یەک دەبێت.

[7] ڕووناکی شیرینە و باشە بۆ چاوان کە خۆر ببینێت.

[8] ئەگەر مرۆڤ تەمەنێکی درێژ ژیا، با بە هەمووی دڵخۆش بێت. بەڵام با ڕۆژانی تاریکی لەبیربێت، چونکە زۆر دەبێت. هەموو ئەوەی دێت بێ واتایە.

[9] ئەی لاو، لە سەردەمی گەنجیێتیت شادمان بە، با لە ڕۆژانی لاویێتیت دڵت خۆش بێت. بە ڕێگای دڵی خۆت و بە بینینی چاوەکانتدا بڕۆ، بەڵام بزانە کە لەسەر هەموو ئەمانە خودا دەتهێنێت بۆ حوکم بەسەردادان.

[10] پەستی لە دڵت داماڵە و خراپە لە لەشت دووربخەوە، چونکە نەوجەوانی و گەنجیێتی بێ واتان.

ژیرمەندی — Chapters