[1] کاتێک دەچیت بۆ ماڵی خودا، ئاگاداری پێی خۆت بە. وەرە پێشەوە هەتا گوێ بگریت، نەوەک قوربانی گێلەکان بکەی کە خراپەکاری خۆیان نازانن.
[2] با دەمت لە قسەکردندا پەلە نەکات، با دڵیشت خێرا نەکات، لە دەربڕینی قسە لەبەردەم خودا، چونکە خودا لە ئاسمانە و تۆ لەسەر زەویت، لەبەر ئەمە با وشەکانت کەم بن.
[3] خەون لە ئەنجامی ماندووبوونی زۆرەوە دێت و قسەی گێلیش لە زۆر گوتن.
[4] ئەگەر نەزرێکت بۆ خودا کرد، دوا مەکەوە لە ئەنجامدانی، چونکە بە گێلەکان دڵخۆش نابێت. جا ئەوەی نەزرت کردووە ئەنجامی بدە.
[5] باشترە نەزر نەکەیت لەوەی بیکەیت و ئەنجامی نەدەیت.
[6] ڕێگا مەدە دەمت وا بکات لەشت گوناه بکات و لەبەردەم نێردراوی پەرستگا مەڵێ: «ئەم نەزرە هەڵە بوو.» بۆچی خودا لە قسەکەت تووڕە بێت و ئەوەی کردووتە لەناوی ببات؟
[7] زیادبوونی خەون و چەنەبازی بێ واتان، لەبەر ئەوە لەخواترس بە.
[8] ئەگەر زۆرلێکراوی هەژار و داماڵینی ڕاستودروستی و دادپەروەریت لە هەرێمێکدا بینی، سەرسام مەبە لەم کێشەیە، چونکە لێپرسراوی بەرز لێپرسراوی بەرز دەپارێزێت و بەرزتر لەوانیش هەردووکیان دەپارێزێت.
[9] بەڵام گەل لە وڵات سوود وەردەگرن، چونکە پاشا هەموو کێڵگەکانی دەپارێزێت.
[10] ئەوەی حەزی لە پارە بێت لە پارە تێر نابێت، ئەوەی حەزی لە سامان بێت لە داهات تێر نابێت، هەروەها ئەمەش بێ واتایە.
[11] بە زیادبوونی خێروبێر زیاد دەبن ئەوانەی دەیخۆن. ئایا چ سوودێکی بۆ خاوەنەکەی هەیە، جگە لەوەی تەنها چاوەکانی تێری لێ دەخۆن؟
[12] خۆشە خەوی کارگەر، کەم بخوات یان زۆر، بەڵام تێری دەوڵەمەندە ڕێ بۆ خەو نادات.
[13] خراپەیەکی ناخۆش هەیە لەسەر زەویدا بینیم: سامانێک پارێزراوە بۆ خراپەی خاوەنەکانی،
[14] ئەم سامانەش لە مامەڵەیەکی خراپدا لەناوچوو، ئینجا کوڕێکیان بوو و هیچی بۆ نەمایەوە هەتا بۆ کوڕەکەی بەجێبهێڵێت.
[15] وەک چۆن لە سکی دایکی هاتە دەرەوە، بە ڕووتی دەگەڕێتەوە، دەڕوات وەک هات. هیچ شتێک لە ماندووبوونەکەی نابات لەگەڵ دەستی کە دەڕوات.
[16] ئەمەش خراپەیەکی ناخۆشە: هەروەک چۆن مرۆڤ دێتە جیهان، بە هەمان شێوە بەجێدەهێڵێت، ئەوەی ماندووبوونەکەی بۆ با دەبێت چ قازانجێک دەکات؟
[17] هەروەها هەموو ڕۆژانی ژیانی لە تاریکیدا بەسەردەبات، لەگەڵ وەڕسبوونێکی زۆر و نەخۆشی و تووڕەیی.
[18] ئەوەی من بینیومە باشە، ئەوەی گونجاوە، کە مرۆڤ بخوات و بخواتەوە و خۆشی ببینێت کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو دەبێت، بە درێژایی ئەو ڕۆژگارە کەمەی کە خودا پێیداوە، چونکە بەشی ئەوە.
[19] هەروەها کە خودا بە یەکێک دەوڵەمەندی و سامان دەدات و ئەویش دەتوانێت سوودی لێی وەربگرێت و بە بەشی خۆی ڕازی بێت و بە ماندووبوونەکەی دڵخۆش بێت، ئەمە دیارییەکە لە خوداوە.
[20] جا ڕۆژگاری ژیانی بەبیر نایەتەوە، چونکە خودا بە خۆشی دڵییەوە خەریکی کردووە.