Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:36

[1] «یەزدان دەفەرموێت: ”لەو کاتەدا، ئێسکی پاشا و پیاوە گەورەکانی یەهودا، ئێسکی کاهین و پێغەمبەران، ئێسکی دانیشتووانی ئۆرشەلیم لە گۆڕەکانیان دەردەهێنن.

[2] بۆ خۆر و مانگ و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان دەریدەخەن، ئەوانەی خۆشیان ویستن و ئەوانەی پەرستنیان و دوایان کەوتن و ڕاوێژیان پێ کردن و کڕنۆشیان بۆ بردن. کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە.

[3] هەموو ئەوانەی لەم نەتەوە بەدکارە ماونەتەوە، لە هەر شوێنێک کە دەرمکردن بۆی، مردنیان پێ لە ژیان چاکتر دەبێت. ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.“

[4] «پێیان بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”ئایا کەسێک بکەوێت هەڵناستێتەوە؟ یان کەسێک هەڵبگەڕێتەوە، ناگەڕێتەوە؟

[5] بۆچی ئەم گەلە هەڵگەڕایەوە؟ بۆچی خەڵکی ئۆرشەلیم بە بەردەوامی هەڵدەگەڕێنەوە؟ دەستیان بە فرتوفێڵ گرتووە، ڕەتیانکردەوە بگەڕێنەوە.

[6] بە ئاگاییەوە گوێم شل کرد، بەڵام ڕاستی ناڵێن. کەس نییە لە خراپەی خۆی پەشیمان بێتەوە و بڵێت: ’چیم کرد؟‘ هەریەکە و گەڕاوەتەوە سەر ڕێڕەوەکەی خۆی، وەک ئەسپێکی بە تاو بۆ ناو جەنگ.

[7] تەنانەت لەقلەق لە ئاسمان کاتی خۆی دەزانێت، کۆتر و پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵەش کاتی هاتنی خۆیان ڕەچاو دەکەن، بەڵام گەلەکەی من نازانن یەزدان داوای چییان لێ دەکات.

[8] «”ئێوە چۆن دەڵێن: ’ئێمە داناین، چونکە فێرکردنی یەزدانمان لەلایە،‘ لە کاتێکدا پێنووسی درۆی مامۆستایانی تەورات بۆ درۆ دەستبەکار بوو؟

[9] داناکان ڕیسوا دەبن، دەتۆقن و پێوە دەبن. ئەوەتا فەرمایشتی یەزدانیان ڕەتکردەوە، ئیتر چ داناییەکیان هەیە؟

[10] لەبەر ئەوە ژنەکانیان دەدەمە خەڵکی دیکە، کێڵگەکانیان بەوانەی میراتگریانن، چونکە لە بچووکەوە هەتا گەورە هەموو پەرۆشی قازانجن، لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین هەموو ساختە دەکەن.

[11] برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و دەڵێن، ’ئاشتی، ئاشتی!‘ بەڵام ئاشتی نییە.

[12] ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟ نەخێر! شەرمەزار نەبوون، هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە. لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان، لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.“» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[13] یەزدان دەفەرموێت: «”دروێنەکەیان لێ دەبەم، نە ترێ بە مێوەوە دەمێنێت، نە هەنجیر بە دار هەنجیرەوە، گەڵاکانیش سیس دەبن. ئەوەی دەیاندەمێ لەلایان نامێنێت.“»

[14] «ئێمە بۆچی دانیشتووین؟ با کۆببینەوە! با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان و لەوێ لەناوبچین! یەزدانی پەروەردگارمان بڕیاری لەناوچوونی ئێمەی داوە، ئاوی ژەهراویمان دەرخوارد دەدات، لەبەر ئەوەی لە دژی یەزدان گوناهمان کرد.

[15] چاوەڕێی ئاشتی بووین، بەڵام چاکە نەبوو. چاوەڕێی کاتی چاکبوونەوە بووین، بەڵام ئەوەتا تۆقین.

[16] پڕمەی ئەسپەکانی ئەو لە دانەوە دەبیسترێت، لە دەنگی حیلەی ئەسپە بەهێزەکانی هەموو زەوی دەلەرزێت، جا هاتن بۆ ئەوەی بخۆن، زەوی و هەرچی تێیدایە، شار و دانیشتووانەکەی.»

[17] «ئاگاداربن، ماری ژەهراوی دەنێرمە سەرتان، کە نوشتەیان لێ ناکرێت، ئینجا پێتانەوە دەدەن.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[18] ئەی خودایە، تۆ دڵنەوایی خەمی منیت، دڵم دەردەدارە.

[19] ئەوەتا دەنگی هانای گەلەکەم لە خاکێکی دوورەوە دێت: «ئایا یەزدان لە سییۆن نییە؟ یان پاشاکەی تێیدا نییە؟» «بۆچی بە پەیکەرە داتاشراوەکانیان پەستیان کردم، بە بتە هیچوپووچە بێگانەکان؟»

[20] «دروێنە تێپەڕی، هاوین تەواو بوو، ئێمەش ڕزگارمان نەبوو.»

[21] لەبەر وردوخاشبوونی گەلەکەم وردوخاش بووم، خەمبارم، تۆقین دەستی بەسەردا گرتووم.

[22] ئایا لە گلعاد هەتووان نییە؟ ئایا پزیشک لەوێ نییە؟ ئیتر بۆچی برینی گەلەکەم ساڕێژ نابێت؟

یەرمیا — Chapters