[1] یەزدان دەفەرموێت: «قوڕبەسەر ئەو شوانانەی مەڕی مێگەلەکەم دەفەوتێنن و پەرتوبڵاوی دەکەنەوە!»
[2] لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لەبارەی ئەو شوانانەی کە شوانایەتی گەلەکەی من دەکەن، ئەمە دەفەرموێت: «ئێوە مەڕەکانی منتان پەرتوبڵاوکردەوە و دەرتانکرد و گرنگیتان پێنەدا، لەبەر ئەوە منیش لەسەر خراپی کردەوەکانتان سزاتان دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[3] «بەڵام من پاشماوەی مێگەلەکەی خۆم لە هەموو ئەو خاکانە کۆدەکەمەوە کە دەرمکردن بۆی، دەیانگەڕێنمەوە بۆ لەوەڕگاکانیان و زاوزێ دەکەن و زۆر دەبن.
[4] ئینجا شوانیان بۆ دادەنێم و شوانەتییان دەکەن، ئیتر ناترسن و ناتۆقن و ون نابن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[5] یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت، لقێکی ڕاستودروست لە داودەوە هەڵدەستێنم، پاشایەک بە دانایی پاشایەتی دەکات، ڕاستودروستی و دادپەروەری لە زەویدا پەیڕەو دەکات.
[6] لە سەردەمی ئەودا یەهودا ڕزگاری دەبێت و ئیسرائیل بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت. ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت: ”یەزدان ڕاستودروستیمانە.“»
[7] یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا سەردەمێک دێت، چیتر ناڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا،“
[8] بەڵکو دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی ڕەچەڵەکی بنەماڵەی ئیسرائیلی لە خاکی باکوورەوە دەرهێنا و لە هەموو ئەو خاکانەوە بۆ ئەوێ دەریکردن.“ ئەوانیش لەسەر خاکەکەی خۆیان نیشتەجێ دەبن.»
[9] سەبارەت بە پێغەمبەرەکان: دڵم لە ناخمدا وردوخاش بووە، هەموو ئێسکەکانم دەلەرزن. من وەک کەسێکی سەرخۆشم لێهات، وەک پیاوێک شەراب بەسەریدا زاڵ بووبێت، لەبەر یەزدان و لەبەر فەرموودە پیرۆزەکانی.
[10] چونکە خاکەکە پڕ بووە لە داوێنپیسان، خاکەکە لەبەر نەفرەت دەناڵێنێت، لەوەڕگاکانی چۆڵەوانی وشک بوون. پێغەمبەران لەسەر ڕێڕەوی خراپە دەڕۆن و دەسەڵاتیان بۆ ستەم بەکاردەهێنن.
[11] «پێغەمبەر و کاهین هەردووکیان گڵاوبوون، تەنانەت لە پەرستگاکەشم خراپەی ئەوانم بەرچاوکەوت.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[12] «لەبەر ئەوە ڕێگاکانیان خلیسکە بۆیان، بۆ ناو تاریکی دەردەکرێن و لەوێ دەخزێن، چونکە بەڵایان بەسەردا دەهێنم لە ساڵی سزادانیان.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[13] «لەنێو پێغەمبەرەکانی سامیرەدا قێزەونییەکەم بینی، بەهۆی بەعلەوە پێشبینی دەکەن و ئیسرائیلی گەلی من گومڕا دەکەن.
[14] لەنێو پێغەمبەرەکانی ئۆرشەلیمیش ئەوەی بینیم موچڕکە بە لەشدا دەهێنێت: داوێنپیسی و ڕێی درۆیان گرتووەتەبەر، خراپەکاران هاندەدەن بۆ ئەوەی کەس لە خراپەکەی نەگەڕێتەوە. ئەوان بۆ من وەک سەدۆمیان لێهاتووە، خەڵکی ئۆرشەلیمیش وەک عەمۆرا.»
[15] لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار سەبارەت بە پێغەمبەرەکان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من زەقنەبووتیان دەرخوارد دەدەم و ئاوی ژەهراوییان پێ دەنۆشم، چونکە لەلای پێغەمبەرەکانی ئۆرشەلیمەوە گڵاوی بۆ هەموو زەوی بڵاو بووەوە.»
[16] یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە مەگرن کە پێشبینیتان بۆ دەکەن، چونکە ئەوان تەفرەتان دەدەن. لە خەیاڵی بیری خۆیانەوە دەدوێن، نەک لەسەر زمانی یەزدانەوە.
[17] ئەوانەی سووکایەتی بە من دەکەن، دەڵێن، ”یەزدان دەفەرموێت، ئاشتیتان بۆ دەبێت.“ هەروەها هەموو ئەوانەی بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتوون، دەڵێن، ”خراپەتان بەسەرنایەت.“
[18] بەڵام کامیان لە ئەنجومەنی یەزدان ڕاوەستا و بینی و گوێی لە فەرموودەکانی بوو؟ کامیان فەرموودەکانی بیست و گوێی لێ گرت؟
[19] ئەوەتا ڕەشەبای یەزدان لە تووڕەییدا هەڵدەچێت، گەردەلوولێکی ڕاماڵە لەسەر سەری بەدکاران هەڵدەکات.
[20] تووڕەیی یەزدان دانامرکێتەوە هەتا نیازەکانی دڵی خۆی بە تەواوی جێبەجێ نەکات. لە داهاتوودا بە ڕوونی تێی دەگەن.
[21] من ئەو پێغەمبەرانەم نەنارد، بە پەلە پەیامیان ڕاگەیاند، من قسەم لەگەڵیان نەکرد، کەچی خۆیان پێشبینییان کرد.
[22] بەڵام ئەگەر لە ئەنجومەنی مندا بووەستابان، فەرموودەکانی منیان بە گەلەکەم ڕادەگەیاند و لە ڕێگا خراپەکانیان و لە خراپەی کردەوەکانیان دەیانگێڕانەوە.
[23] «ئایا من تەنها لە نزیکەوە خودام و لە دوورەوە خودا نیم؟» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[24] «یان کەس هەیە لە پەناگا خۆی بشارێتەوە و من نەیبینم؟ ئایا من ئاسمان و زەوی پڕناکەمەوە؟» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[25] «گوێم لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە بوو کە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن، دەڵێن: ”خەونم بینی! خەونم بینی!“
[26] هەتا کەی ئەمە لە دڵی ئەو پێغەمبەرە درۆزنانە دەبێت کە بە خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینی بکەن؟
[27] بەو خەونانەی بۆ یەکتری دەگێڕنەوە وای لێک دەدەنەوە ناوی من لەبیری گەلەکەم ببەنەوە، وەک چۆن باوباپیرانیان لەبەر پەرستنی بەعل ناوی منیان لەبیرچوو.
[28] با ئەو پێغەمبەرەی خەونی هەیە خەونەکەی بگێڕێتەوە، بەڵام با ئەوەی فەرموودەی منی لەلایە بە دڵسۆزییەوە فەرموودەی من ڕابگەیەنێت! گەنم و کا زۆر لە یەکتری جیاوازن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[29] «ئایا فەرموودەکانم وەک ئاگر نین؟ وەک چەکوش بەرد وردوخاش ناکەن؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[30] یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی فەرموودەکان لە یەکتری دەدزن، جا دەڵێن کە لە منەوە هاتووە.
[31] ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی زمانیان دەخەنەگەڕ و ڕایدەگەیەنن: ”ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“
[32] ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم کە بە خەونی درۆوە پێشبینی دەکەن، ئەوانەی بە شانازییەوە درۆکانیان دەگێڕنەوە و گەلەکەم گومڕا دەکەن، بەڵام من نە ناردوومن و نە فەرمانم پێکردوون. هیچ سوودێکیش بەم گەلە ناگەیەنن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[33] «کاتێک ئەم گەلە یان پێغەمبەر یان کاهینێک لێت دەپرسێت: ”سروشی یەزدان چییە؟“ پێیان بڵێ: ”سروشی چی؟ یەزدان دەفەرموێت: من لە کۆڵ خۆمتان دەکەمەوە.“
[34] هەرکەسێک، پێغەمبەر یان کاهین یان لە گەل، ئەگەر وا بڵێت: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ خۆی و ماڵەکەی سزا دەدەم.
[35] ئاوا بە یەکتری دەڵێن، هەریەکە بە برادەرەکەی و هەریەکە بە براکەی: ”وەڵامی یەزدان چی بوو؟ یەزدان چی فەرموو؟“
[36] بەڵام چیتر باسی ”سروشی یەزدان“ ناکەن، چونکە هەرکەسە و قسەکەی خۆی دەبێت بە سروشەکەی، ئێوە دەستکاری فەرموودەکانی خودای زیندووتان کرد، فەرموودەکانی خودامان، یەزدانی سوپاسالار.
[37] ئاوا بە هەر پێغەمبەرێک دەڵێیت: ”وەڵامی یەزدان چی بوو؟ یەزدان چی فەرموو؟“
[38] هەرچەندە وا بڵێن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی ئەم قسەیە دەکەن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ هەرچەندە من بۆم ناردوون کە وا نەڵێن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“
[39] لەبەر ئەوە بە تەواوی لەبەردەمی خۆم هەڵتاندەگرم و لە کۆڵ خۆمتان دەکەمەوە، خۆتان و ئەم شارەش کە بە خۆتان و باوباپیرانتانم داوە.
[40] ڕیسواییەکی هەتاهەتایی و سەرشۆڕییەکی هەتاهەتاییتان لەسەر دادەنێم کە هەرگیز لەیاد نەچێت.»