[1] یەزدان ئەمەی پێ فەرمووم: «بڕۆ پشتێنێکی کەتان بۆ خۆت بکڕە و لە ناوقەدی خۆتی ببەستە، بەڵام مەیخەرە ناو ئاوەوە.»
[2] منیش پشتێنم کڕی، بەپێی فەرمانی یەزدان، لە ناوقەدی خۆمم بەست.
[3] ئینجا دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
[4] «ئەو پشتێنەی کە کڕیت، کە لە ناوقەدت بەستاوە، هەستە و بڕۆ بیبە پەرات و لەوێ لە کەلێنی بەردێک بیشارەوە.»
[5] منیش بەپێی ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردم چووم و لە پەرات شاردمەوە.
[6] دوای ماوەیەکی درێژ، یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە، بڕۆ بۆ پەرات و لەوێ ئەو پشتێنە هەڵبگرە کە فەرمانم پێکردیت لەوێ بیشاریتەوە.»
[7] منیش چووم بۆ پەرات، هەڵمکۆڵی و پشتێنەکەم لەو شوێنە هەڵگرتەوە کە تێیدا شاردبوومەوە، ئەوەتا ڕزیوە و بە کەڵکی هیچ نایەت.
[8] ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
[9] «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئاوا شانازی یەهودا و شانازییە مەزنەکەی ئۆرشەلیم دەڕزێنم.
[10] ئەم گەلە بەدکارەی نایەوێت گوێ لە قسەی من بگرێت و بەدوای کەللەڕەقی خۆی کەوتووە، بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەوێت بۆ ئەوەی بیانپەرستێت و کڕنۆشیان بۆ ببات، وەک ئەم پشتێنەی لێدێت کە بە کەڵکی هیچ نایەت.
[11] وەک چۆن پشتێن لە پشتی مرۆڤ دەبەسرتێت، ئاوا هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی یەهودام لە پشتی خۆم بەست، هەتا ببنە گەلی من و ناو و شانازی و شکۆمەندی، بەڵام گوێیان نەگرت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[12] «جا ئەم فەرمایشتەیان پێ ڕابگەیەنە: ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت.“ جا پێت دەڵێن: ”بۆ ئێمە نازانین هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت؟“
[13] تۆش پێیان دەڵێیت: ”یەزدان دەفەرموێت: ئەوەتا من هەموو دانیشتووانی ئەم خاکە پڕ دەکەم لە سەرخۆشی، ئەو پاشایانەی لە داودن، لەسەر تەختەکەی دانیشتوون، کاهین و پێغەمبەران و هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم.
[14] بە یەکتری وردوخاش دەکەم، باوک و کوڕ پێکەوە، دڵم ناسووتێت و دەست ناپارێزم و بەزەییم نایەتەوە لە لەناوبردنیان.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[15] گوێ بگرن و گوێ شل بکەن، لووتبەرز مەبن، چونکە یەزدان فەرموویەتی.
[16] شکۆ بدەنە یەزدانی پەروەردگارتان بەر لەوەی تاریکی دابێنێت، بەر لەوەی پەل بکوتن لەسەر چیا بەر لە تاریکایی شەو. ئێوە خوازیاری ڕووناکین بەڵام ئەو دەیکاتە سێبەری مەرگ، دەیکاتە ئەنگوستەچاو.
[17] بەڵام ئەگەر گوێ نەگرن، بە نهێنی دەگریێم لەبەر لووتبەرزیتان، چاوەکانم بەکوڵ دەگریێن و فرمێسک دەڕێژێت، چونکە مێگەلی یەزدان ڕاپێچ کرا.
[18] بە پاشا و بە شاژنی دایک بڵێ: «لەسەر تەختەکان وەرنە خوارەوە، چونکە تاجی شکۆمەندیتان لەسەرتان دێتە خوارەوە.»
[19] شارەکانی نەقەب دادەخرێن و کەس نییە بیانکاتەوە. هەموو یەهودا ڕاپێچ دەکرێ، سەراپای ڕاپێچ دەکرێن.
[20] چاوت هەڵبڕە و ئەوانە ببینە کە لە باکوورەوە دێن! کوا ئەو مێگەلەی پێت درا، ئەو مەڕانەی شانازیت پێوە دەکردن؟
[21] چی دەڵێی کاتێک یەزدان ئەوانەت لەسەر دادەنێت کە فێری هاوپەیمانیت کردن؟ ئایا ژان ناتگرێت وەک ئەو ژنەی منداڵی دەبێت؟
[22] ئەگەر لە دڵی خۆتدا بڵێی، «بۆچی ئەمانەم بەسەرهات؟» لەبەر زۆری تاوانت، دامێنت هەڵکرا دەستدرێژییان کردە سەرت.
[23] ئایا حەبەشی دەتوانێت پێستی خۆی بگۆڕێت، یان پڵنگ بەڵەکەکانی؟ ئێوەش ناتوانن چاکە بکەن، کە لە خراپە ڕاهاتوون!
[24] «وەک پووش پەرتیان دەکەم کە بای چۆڵەوانی هەڵیدەگرێت.»
[25] یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە بەختی تۆیە، ئەو بەشەی لەلایەن منەوە پێتدراوە، لەبەر ئەوەی منت لەبیر کرد و پشتت بە خوداوەندی درۆیین بەست.
[26] منیش دامێنت بەسەر ڕووتدا هەڵدەدەمەوە، ئینجا دەستدریژیت دەکرێتە سەر!
[27] داوێنپیسی و حیلاندنت، بێڕوویی لەشفرۆشیت! لەسەر گردەکان لە کێڵگە قێزەونییەکانی تۆم بینی. ئەی ئۆرشەلیم، قوڕبەسەرت! هەتا کەی پاک نابیتەوە؟»