[1] ئەمە دەقی ئەو نامەیەیە کە یەرمیای پێغەمبەر لە ئۆرشەلیمەوە بۆ پاشماوەکانی نارد، پیر و کاهین و پێغەمبەر و هەموو گەل، هەموو ئەوانەی نەبوخودنەسر لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچی کردبوون،
[2] لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا و شاژنی دایکی و دەستوپێوەندەکانی و پیاوە گەورەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم، هەروەها پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی ئۆرشەلیم.
[3] سدقیای پاشای یەهودا ئەلعاسای کوڕی شافان و گەمەریای کوڕی حیلقیای ناردە لای نەبوخودنەسری پاشای بابل. یەرمیاش نامەیەکی پێدا ناردن بۆ بابل و تێیدا گوتی: m
[4] یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل بە هەموو ئەوانە دەفەرموێت کە لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچی کردن:
[5] «خانوو بنیاد بنێن و نیشتەجێ بن؛ باخ بچێنن و بەروبوومی بخۆن.
[6] ژن بهێنن با کوڕ و کچتان ببێت؛ ژن بۆ کوڕتان بهێنن و کچتان بە مێرد بدەن، با ئەوانیش کوڕ و کچیان ببێت و لەوێ زۆر بن و کەم مەکەن.
[7] داوای ئاشتی و گەشەسەندن بکەن بۆ ئەو شارەی ئێوەم بۆ ئەوێ ڕاپێچ کردووە؛ نوێژ بکەن بۆ یەزدان لە پێناوی، چونکە بە گەشەسەندنی ئەو ئێوەش گەشە دەکەن.»
[8] چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «با پێغەمبەر و فاڵگرەوەکان کە لەنێوتانن هەڵتاننەخەڵەتێنن و گوێ لە خەونەکانیان مەگرن کە بۆ ئێوەی دەبینن.
[9] ئەوان بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینیتان بۆ دەکەن. من ئەوانم نەناردووە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. m
[10] «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: کاتێک حەفتا ساڵ لە بابل تەواو دەبێت، بەسەرتان دەکەمەوە و بەڵێنە باشەکەم سەبارەت بە ئێوە دەهێنمە دی، دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەم شوێنە.
[11] خۆم ئەو پلانە دەزانم کە بۆ ئێوەم داڕشتووە، پلان بۆ ئاشتی و گەشەسەندنی ئێوە نەک بۆ زیانتان، بۆ ئەوەی دواڕۆژ و هیواتان بدەمێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[12] «جا لێم دەپاڕێنەوە و دێن و نوێژم بۆ دەکەن، منیش گوێتان لێ دەگرم.
[13] ڕووتان لە من دەکەن و بۆتان دەردەکەوم، کاتێک بە هەموو دڵتانەوە ڕووتان لێم دەکەن.
[14] کاتێک بۆتان دەردەکەوم، ڕاپێچکراوەکانتان دەگەڕێنمەوە و بەختیاریتان نوێ دەکەمەوە. لەناو هەموو ئەو نەتەوانە و ئەو شوێنانە کۆتان دەکەمەوە کە بۆ ئەوێ دەرمکردبوون. دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێیەوە ڕاپێچم کردن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. m
[15] چونکە گوتتان: «یەزدان لە بابل پێغەمبەرانی بۆ هەستاندینەوە.»
[16] بەڵام یەزدان ئاوا دەفەرموێت سەبارەت بەو پاشایەی لەسەر تەختەکەی داود دانیشتووە و هەموو ئەو گەلەی لەم شارەدا ماونەتەوە، ئەو هاوڵاتییانەی ڕاپێچ نەکراون،
[17] بەڵێ، یەزدانی سوپاسالار ئاوا دەفەرموێت: «ئەوەتا من شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەنێرمە ناویان و دەیانکەمە هەنجیری خراپ کە لە خراپیدا نەخورێت.
[18] بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد ڕاویان دەنێم، لەبەردەم هەموو شانشینەکانی زەوی قێزەونیان دەکەم، نەفرەتیان لێ دەکرێت و دەبنە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی و ڕیسوایی، لەنێو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ ئەوێ دەریاندەکەم.
[19] لەبەر ئەوەی گوێیان لە فەرمایشتی من نەگرت، ئەوەی بە بەردەوامی بەدەستی بەندە پێغەمبەرەکانم بۆم ناردن. هەروەک ئێوەی ڕاپێچکراویش گوێتان لێ نەگرت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. m
[20] لەبەر ئەوە، ئەی هەموو ڕاپێچکراوەکان، ئەی ئەوانەی لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابلم ناردن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن.
[21] ئەمە فەرموودەی یەزدانی سوپاسالارە، خودای ئیسرائیل، سەبارەت بە ئەحاڤی کوڕی قولایا و سدقیای کوڕی مەعسێیاهو، ئەوانەی بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینیتان بۆ دەکەن: «دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل، ئەویش لەبەرچاوتان دەیانکوژێت.
[22] لەبەر ئەوە هەموو ڕاپێچکراوەکانی یەهودا لە بابل، ناوی ئەوان وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و دەڵێن: ”یەزدان وەک سدقیا و ئەحاڤت لێ بکات، ئەوانەی پاشای بابل بە ئاگر برژاندنی.“
[23] چونکە لەناو ئیسرائیلدا کارێکی قێزەونیان کرد، داوێنپیسییان لەگەڵ ژنی برادەرەکانیان کرد، بە ناوی منەوە بە درۆ قسەیان کرد کە من فەرمانم پێ نەکردبوون. من خۆم دەزانم و شایەتی ئەوەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[24] بە شەمەعیای نەحەلامی بڵێ:
[25] «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: تۆ بە ناوی خۆتەوە نامەت نارد بۆ هەموو ئەو گەلەی لە ئۆرشەلیمە و بۆ سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهین و بۆ هەموو کاهینەکان. بە سەفەنیات گوت:
[26] ”یەزدان تۆی لە جێگای یەهۆیاداعی کاهین کردووە بە کاهین، بۆ ئەوەی ببیتە سەرپەرشتیار بەسەر ماڵی یەزدانەوە، هەر پیاوێکی شێت کە خۆی وەک پێغەمبەر بنوێنێ بیخەیتە ناو کۆت و بەندەوە.
[27] ئەی بۆچی سەرزەنشتی یەرمیای عەناتۆتی ناکەیت کە خۆی وەک پێغەمبەر دەنوێنێ؟
[28] پەیامێکی بۆ بابل بۆ ناردووین و دەڵێت: مانەوەتان درێژە دەکێشێت. جا بۆ خۆتان خانوو بنیاد بنێن و نیشتەجێ بن؛ باخ بچێنن و لە بەروبوومەکەی بخۆن.“»
[29] سەفەنیای کاهینیش ئەم نامەیەی بۆ یەرمیای پێغەمبەر خوێندەوە.
[30] ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:
[31] «پەیامێک بۆ هەموو ڕاپێچکراوان بنێرە و بڵێ: ”یەزدان لەبارەی شەمەعیای نەحەلامییەوە ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی شمەعیا پێشبینیی بۆ کردن، منیش نەمناردووە، وای لێکردوون پشت بە درۆ ببەستن،
[32] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا من سزای شەمەعیای نەحەلامی و وەچەکەی دەدەم. کەسی بۆ نامێنێتەوە لەناو ئەم گەلەدا دانیشێت، ئەو شتە باشانە نابینێت کە من بۆ گەلەکەی خۆمی دەکەم، چونکە جاڕی یاخیبوونی دا لە دژی من.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.