[1] بۆ مۆئاب: یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «قوڕبەسەر نەبۆ، چونکە وێران دەبێت، قیریاتەیم شەرمەزار دەبێت و دەگیرێت، قەڵاکە شەرمەزار دەبێت و دەڕووخێت.
[2] شانازی مۆئاب نامێنێت، لە حەشبۆن پیلانی خراپەیان لە دژی گێڕا، ”وەرن، با کۆتایی بەو نەتەوەیە بهێنین.“ هەروەها تۆش ئەی مەدمێن کپ دەبیت، شمشێر دوات دەکەوێت.
[3] گوێ لە دەنگی هاوار بگرن لە حۆرۆنایمەوە دێت، هاواری لەناوچوون و وێرانبوونێکی گەورە.
[4] مۆئاب تێکدەشکێت، بچووکەکانی هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە.
[5] سەردەکەون بۆ هەورازەکەی ڕێگای لوحیت، بەدەم ڕێگاوە بەکوڵ دەگریێن، لە ڕێگا نشێوەکەی بەرەو حۆرۆنایم هاواری شکست دەبیسترێت.
[6] هەڵێن و خۆتان دەرباز بکەن! ببن بە سەرو لە چۆڵەوانی.
[7] لەبەر پشتبەستنت بە کردار و گەنجینەکانت، تۆش دەگیرێیت، کەمۆش ڕاپێچ دەکرێت، کاهین و پیاوە گەورەکانی پێکەوە.
[8] وێرانکەر بۆ هەموو شارۆچکەکان دێت، هیچ شارۆچکەیەک دەرباز نابێت. دۆڵ لەناودەچێت، دەشت وێران دەبێت، وەک ئەوەی یەزدان فەرمووی.
[9] خوێ بەسەر خاکی مۆئابدا بکەن، چونکە دەبێتە چۆڵەوانی. شارۆچکەکانی وێران دەبن، بەبێ ئاوەدانی دەبن.
[10] «نەفرەت لێکراوە ئەوەی بە تەوەزەلی کاری یەزدان دەکات! نەفرەت لێکراوە ئەوەی شمشێرەکەی لە خوێنڕشتن ڕادەگرێت!
[11] «مۆئاب لە هەڕەتی گەنجییەوە دڵنیایە، ڕاپێچیش نەکراوە، وەک مەی بەسەر خڵتەکەیەوە مەنگە، لە دەفرێکەوە بۆ دەفرێکی دیکە نەشڵەقاوە، لەبەر ئەوە تامەکەی هەر ماوە و بۆنیشی نەگۆڕاوە.
[12] یەزدان دەفەرموێت: لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت، بۆ تێکدانی ئەو کەسانەی بۆ دەنێرم کە لە ئەمباری مەی ئیش دەکەن، ئەوان دەیڕێژن و دەفرەکانی بەتاڵ دەکەن و گۆزەکانی وردوخاش دەکەن.
[13] جا مۆئاب شەرمەزاری کەمۆش دەبێت، هەروەک بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاری بێتئێل بوون کە پشتیان پێی بەستبوو.
[14] «چۆن دەڵێن: ”ئێمە پاڵەوانین و پیاوی بەهێزین بۆ جەنگ“؟
[15] مۆئاب تەفروتونا دەبێت، شارۆچکەکانی داگیر دەکرێت، باشترین لاوەکانی بۆ سەربڕین دادەبەزن.» ئەمە فەرمایشتی پاشایە، ئەوەی ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
[16] «لەناوچوونی مۆئاب نزیک بووەتەوە، بەڵاکەی زۆر بە خێرایی دێت.
[17] ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون، بۆی بلاوێننەوە، ئەی هەموو ئەوانەی ناوبانگی دەزانن، بڵێن: ”چۆن داردەستی بەهێز شکا، شکۆ و دەسەڵاتی نەما!“
[18] «لە شکۆمەندی خۆت وەرە خوارەوە و لەسەر زەوی وشک دابنیشە، ئەی دانیشتووانی شاری دیڤۆن، چونکە تەفروتوناکەرەکەی مۆئاب دێتە سەر ئێوە، شارە قەڵابەندەکانی ئێوەی کاول دەکات.
[19] ئەی دانیشتووانی شاری عەرۆعێر، لەسەر ڕێگا بوەستن و بڕوانن. لە پیاوی هەڵاتوو و ژنی دەربازبوو بپرسن، بڵێن: ”چی ڕوویدا؟“
[20] مۆئاب ئابڕووی چوو، چونکە شکێنرا. واوەیلا بکە و هاوار بکە! لەلای ڕووباری ئەرنۆنەوە ڕایبگەیەنن کە مۆئاب تەفروتونا بووە.
[21] حوکمدان بەسەر زەوی دەشتەکەدا هات، بەسەر حۆلۆن و یەهچا و مێفەعەت،
[22] بەسەر دیڤۆن و نەبۆ و بێتدیڤلاتایم،
[23] بەسەر قیریاتەیم و بێتگاموول و بێتمەعۆن،
[24] بەسەر قەریۆت و بۆزرا، بەسەر هەموو شارۆچکەکانی خاکی مۆئاب، دوور و نزیکەکان.
[25] هێزی مۆئاب بڕایەوە، بازووی شکا.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[26] «سەرخۆشی بکەن، چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی. با مۆئاب لەناو ڕشانەوەکەی خۆی بگەوزێت، ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی.
[27] ئەی تۆ بە ئیسرائیل پێنەکەنیت؟ ئایا ئەو لەنێو دزان گیرا، هەر کاتێک باست دەکرد، سەرت دەلەقاند؟
[28] ئەی دانیشتووانی مۆئاب، شارۆچکەکان بەجێبهێڵن و لەناو بەردەکاندا نیشتەجێ بن. وەک کۆتر بن کە هێلانەی لەدەم ئەشکەوتدا دەکات.
[29] «لووتبەرزی مۆئابمان بیستووە، زۆر لووتبەرزە، خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و فیز و شانازییەکەی لە دڵەوە.
[30] یەزدان دەفەرموێت: من بێ شەرمی ئەوم زانیوە، بەڵام قسەی پووچە. کردارە پووچەکانی بێ سوودن.
[31] لەبەر ئەوە واوەیلا بۆ مۆئاب دەکەم، بۆ سەراپای مۆئاب هاوار دەکەم، بۆ پیاوانی قییر حەراسەت دەنووزێمەوە.
[32] ئەی مێوی سیڤما، وەک گریانی یەعزێر بۆت دەگریێم. لقەکانت لە دەریا پەڕینەوە، گەیشتنە دەریای یەعزێر. تەفروتوناکەر کەوتە سەر میوە پێگەیشتوو و هێشووە ترێیەکانت.
[33] خۆشی و دڵشادی داماڵران لە ڕەزەکان و لە خاکی مۆئاب. شەرابم لە گوشەر ڕاگرت، بە هاواری خۆشییەوە پێپەست ناکرێت، ئەگەر هاوارکردن هەبێت، لە خۆشیدا هاوار ناکەن.
[34] «دەنگی هاواریان بەرزبووەوە، لە حەشبۆنەوە هەتا ئەلعالێ و هەتا یەهەچ، لە زۆعەرەوە هەتا حۆرۆنایم و عەگلەت شەلیشیا، چونکە هەروەها ئاوی نیمریمیش وشک دەبێت.
[35] لە مۆئاب کۆتایی دەهێنم بەوانەی لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانی پێشکەش دەکەن و بخوور بۆ خوداوەندەکانی دادەگیرسێنن.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[36] «لەبەر ئەوە دڵم بۆ مۆئاب وەک شمشاڵ ناڵەی دێت، دڵم بۆ پیاوانی قییر حەراسەت وەک شمشاڵ دەناڵێنێت، چونکە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا لەناوچوو.
[37] چونکە هەموو سەرێک تاشراوە و هەموو ڕیشێک کورت کراوەتەوە، هەموو دەستێک بریندار کراوە و هەموو ناوقەدێک بە جلوبەرگی گوش داپۆشراوە.
[38] لەسەر هەموو سەربانەکانی مۆئاب و لە هەموو شەقامەکانی جگە لە گریان هیچی دیکە نییە، چونکە مۆئابم شکاند، وەک گۆزەیەک کەس نەیەوێت.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[39] «چۆن شکا! چۆن واوەیلا دەکەن! چۆن مۆئاب لە شەرمان ڕووی وەرگێڕا! مۆئاب بووە مایەی گاڵتەجاڕی و ترسناکی بۆ هەموو ئەوانەی دەوروبەری.»
[40] یەزدان ئەوە دەفەرموێت: «تەماشا بکەن! دوژمن وەک هەڵۆ بەرز دەفڕێت، بەسەر مۆئابدا باڵەکانی لێک دەکاتەوە.
[41] قەریۆت دەگیرێت و قەڵاکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت. لەو ڕۆژەدا دڵی پاڵەوانەکانی مۆئاب وەک دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت.
[42] مۆئاب لەوە دەکەوێت کە ببێتە گەل، چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی.
[43] ئەی دانیشتووی مۆئاب، ترس و چاڵ و تەڵە چاوەڕێت دەکات.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[44] «ئەوەی لە ترس هەڵدێت دەکەوێتە ناو چاڵەکەوە، ئەوەی لە چاڵەکە دێتە دەرەوە بە تەڵەکەوە دەبێت، چونکە ساڵی سزادان بەسەر مۆئابدا دەهێنم.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[45] «لە سێبەری حەشبۆن هەڵاتووەکان بە بێهێزی وەستاون، چونکە لە حەشبۆنەوە ئاگرێک دەرچوو، گڕێکیش لەنێو سیحۆنەوە، ناوچەوانی مۆئاب و کەللەسەری گەلی بە هاتوهاوار دەخوات.
[46] قوڕبەسەرت مۆئاب! خەڵکی کەمۆش لەناوچوو، کوڕەکانی تۆیان ڕاپێچ کرد و کچەکانت بە دیل بردران.
[47] «بەڵام لە ئایندەدا، ڕاپێچکراوەکانی مۆئاب دەگەڕێنمەوە.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ئێرە کۆتایی حوکم بەسەردادانی مۆئابە.