[1] ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
[2] «ژن مەهێنە و لەم شوێنەدا کوڕ و کچت نەبێت.»
[3] چونکە یەزدان سەبارەت بەو کوڕ و کچانەی لەم شوێنەدا لەدایک بوون و سەبارەت بە دایکانیان کە ئەوانیان بووە و سەبارەت بە باوکانیان کە لەم خاکەدا ئەوانیان خستووەتەوە ئەمە دەفەرموێت:
[4] «بە نەخۆشی کوشندە دەمرن، شینیان بۆ ناگێڕدرێت و نانێژرێن، بەڵکو دەبن بە زبڵ لەسەر ڕووی خاکەکە. ئەوانە بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن، تەرمیان دەبێتە خۆراکی باڵندە ئاژەڵی کێوی.»
[5] یەزدان ئەمەش دەفەرموێت: «مەچۆ بۆ ماڵی پرسەگێڕ و مەڕۆ بۆ شینگێڕان و سەرەخۆشییان لێ مەکە، چونکە ئاشتی خۆم، خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەییم لەم گەلە داماڵیوە.
[6] گەورە و بچووک لەم خاکە دەمرن، نانێژرێن و شینیان بۆ ناگێڕدرێت و کەس لە خەمی ئەوان لە خۆی نادات و قژی ناڕنێتەوە.
[7] لە ماتەم کەس شیوەغەریبەیان بۆ نابات بۆ ئەوەی سەرەخۆشییان لێ بکات، سەبارەت بە نەریتی مردوو کەس جامی سەرەخۆشی پێشکەش ناکات، تەنانەت لەبەر دایک و باوکیشیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[8] «هەروەها مەچووە ماڵێک داوەتی هەبێت، بۆ ئەوەی لەگەڵیان دابنیشیت و بخۆیت و بخۆیتەوە،
[9] چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا من لەم شوێنەدا و لە سەردەمی ئێوە و لەبەرچاوی ئێوە دەنگی شادی و دەنگی خۆشی و دەنگی زاوا و دەنگی بووک ڕادەگرم.
[10] «جا کاتێک هەموو ئەم قسانەت بەم گەلە ڕاگەیاند لێت دەپرسن: ”بۆچی یەزدان هەموو ئەم بەڵا گەورەیەی سەبارەت بە ئێمە فەرمووە؟ تاوانمان چییە و گوناهمان چییە کە دەرهەق بە یەزدانی پەروەردگارمان ئەنجاممان داوە؟“
[11] تۆش پێیان دەڵێیت، یەزدان دەفەرموێت: ”لەسەر ئەوەی باوباپیرانتان وازیان لە من هێنا، دوای خوداکانی دیکە کەوتن و ئەوانیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ بردن. وازیان لە من هێنا و گوێڕایەڵی فێرکردنەکانی من نەبوون.
[12] ئێوەش لە باوباپیرانتان زیاتر خراپەتان کرد، ئەوەتا هەریەکە بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی کەوتووە، لە جیاتی ئەوەی گوێڕایەڵی من بن.
[13] لەبەر ئەوە لەم خاکە فڕێتاندەدەمە دەرەوە بۆ خاکێک کە نە ئێوە و نە باوباپیرانتان نەتانناسیوە. لەوێ بە شەو و ڕۆژ خوداکانی دیکە دەپەرستن، چونکە من لەگەڵتان میهرەبان نابم.“»
[14] هەروەها یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە سەردەمێک دێت، چیتر ناڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا،“
[15] بەڵکو دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی باکوورەوە دەرهێنا و هەروەها لە هەموو ئەو خاکانەی بۆ ئەوێ دەریکردن.“ چونکە دەیانگەڕێنمەوە بۆ خاکەکەیان، ئەوەی دام بە باوباپیرانیان.»
[16] یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام ئێستا دەنێرم بەدوای زۆرێک لە ماسیگران، جا وەک ماسی دەیانگرن. پاش ئەمە دەنێرم بەدوای زۆرێک لە ڕاوچییان و لەسەر هەموو کێوێک و هەموو گردێک و لە کون و کەلەبەری بەردەکان ڕاویان دەکەن،
[17] چونکە چاوم لە هەموو ڕێگاکانیانە، ڕێگاکانیان لەبەردەم من شاردراوە نین و تاوانەکەیان لەبەرچاوم بزر نەبووە.
[18] دوو ئەوەندە سزایان دەدەم لەسەر تاوان و گوناهەکانیان، لەسەر ئەوەی خاکی منیان بە کەلاکی بتەکانیان گڵاو کردووە و میراتەکەی منیان پڕکردووە لە قێزەونەکانیان.»
[19] ئەی یەزدان، ئەی هێز و قەڵای من، ئەی پەناگای من لە ڕۆژی تەنگانە، نەتەوەکان لەوپەڕی زەوییەوە بۆ لای تۆ دێن و دەڵێن: «باوباپیرانمان تەنها خوداوەندی درۆیینیان بە میرات بۆ مایەوە، بتی پووچی بێ کەڵک.
[20] ئایا مرۆڤ بە خۆی خوداوەند دروستدەکات؟ بەڵێ، بەڵام خودا نین!»
[21] «لەبەر ئەوە ئەوەتا پێیان دەناسێنم، ئەم جارە دەسەڵات و هێزی خۆمیان پێ دەناسێنم. ئینجا ئەوان دەزانن کە ناوم یەزدانە.