[1] ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، کاتێک سدقیای پاشا پەشحوری کوڕی مەلکیا و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی ناردە لای و گوتی:
[2] «تکایە لە پێناوی ئێمە داوا لە یەزدان بکە، چونکە نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشمان دەکاتە سەر، بەڵکو یەزدان وەک ڕابردوو کاری سەرسوڕهێنەرمان لەگەڵ دەکات هەتا نەبوخودنەسر لەلای ئێمە بکشێتەوە.»
[3] بەڵام یەرمیا وەڵامی دانەوە: «بە سدقیا بڵێن،
[4] ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەو چەکانەی لە دەستتانە کە لەگەڵ پاشای بابل و بابلییەکان شەڕی پێ دەکەن کە لە دەرەوەی شوورای شارەکان گەمارۆیان داون، من خەریکم ئەو چەکانە لە دژتان بەکاردەهێنم، لە ناوەڕاستی شار کۆیان دەکەمەوە.
[5] من خۆم بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز، بە تووڕەیی و هەڵچوونێکی بە جۆشی گەورەوە لە دژتان دەجەنگم.
[6] دانیشتووانی ئەو شارە دەکوژم، مرۆڤ و ئاژەڵ پێکەوە، بە دەردێکی گەورەوە دەمرن.
[7] پاش ئەمەش، سدقیای پاشای یەهودا و خزمەتکارەکانی و ئەوەی لەم گەلە لە شارەکەدا ماونەتەوە، لەدوای دەرد و شمشێر و قاتوقڕییەکە، دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دوژمنەکانیان و ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن. ئەوانیش دەیاندەنە بەر شمشێر و لەگەڵیان میهرەبان نابن و دڵیان پێیان ناسووتێت و بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[8] «بەم گەلەش دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێستا من ڕێگای ژیان و ڕێگای مردنتان لەپێش دادەنێم.
[9] ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، ئەوەش دەچێتە دەرەوە و ڕوو لە بابلییەکان بکات، ئەوانەی گەمارۆیان داون، دەژیێت و ژیانی خۆی دەرباز دەکات.
[10] لەبەر ئەوەی مکوڕم لەسەر ئەوەی خراپە بەسەر ئەو شارە بهێنم نەک باشە. دەدرێتە دەست پاشای بابل و بە ئاگر دەیسووتێنێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[11] «بە بنەماڵەی پاشای یەهودا بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن.
[12] ئەی بنەماڵەی داود، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”هەموو بەیانییەک بە دادپەروەری حوکم بدەن، تاڵانکراو لە دەستی زۆردار ڕزگار بکەن، نەوەک تووڕەییم وەک ئاگر بتەقێتەوە، لەبەر ئەو خراپانەی کردووتانە، جا بسووتێنێت و کەس نەبێت بکوژێنێتەوە.
[13] ئەی ئۆرشەلیم، ئەوەی نیشتەجێی لەسەر دۆڵەکە، بەسەر دەشتی بەردەڵانی بەرز، ئەوەتا من لە دژی تۆم. q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ئێوە دەڵێن: ’کێ بەسەرماندا دەدات؟ کێ دێتە ناو نشینگەکانمانەوە؟‘
[14] بەڵام من سزای شایستەی کردارەکانتان دەدەم، ئاگر بەردەدەمە دارستانەکەی و هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.“» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.