Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:46

[1] ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت کاتێک سکاڵای خۆم بۆ تۆ دەهێنم. لەگەڵ ئەوەشدا سەبارەت بە حوکمەکانی تۆ دەدوێم: بۆچی ڕێگای بەدکاران سەرکەوتووە؟ بۆچی هەموو ناپاکەکان ئاسوودەن؟

[2] ئەوانت چاند و ڕەگیان داکوتا، گەشەیان کرد و بەریان دا. تۆ هەردەم لەسەر زاری ئەوانیت بەڵام لە دڵیان دووریت.

[3] بەڵام ئەی یەزدان، تۆ دەمناسیت، دەمبینیت و لەلای خۆت دڵی من تاقی دەکەیتەوە. وەک مەڕ بۆ سەربڕین جیایان بکەوە! بۆ ڕۆژی کوشتن تەرخانیان بکە!

[4] هەتا کەی زەوی بگریێ و گیای هەموو کێڵگەکان وشک بێت؟ لەبەر خراپەی دانیشتووانەکەی ئاژەڵ و باڵندە لەناوچوون، چونکە گوتیان: «خودا کۆتایی ئێمە نابینێت.»

[5] «ئەگەر لە ڕاکردن لەگەڵ پیادەکان ماندوو بیت، ئەی چۆن پێشبڕکێ لەگەڵ ئەسپەکان دەکەیت؟ ئەگەر لەسەر خاکێکی سەلامەت ساتمە دەکەیت و دەکەویت، ئەی لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون چی دەکەیت؟

[6] چونکە براکانت و بنەماڵەکەشت، ئەوانیش ناپاکییان لەگەڵ کردیت، ئەوانیش پڕ بەدەم بەدواتدا هاواریان کرد. لێیان دڵنیا مەبە، هەرچەندە باسی چاکەشیان بۆ کردیت.

[7] «واز لە ماڵی خۆم دەهێنم، میراتی خۆم ڕەت دەکەمەوە، ئەویندارەکەی خۆم دەخەمە چنگی دوژمەنەکانیەوە.

[8] میراتەکەم لێم دەبێتە شێرێک لە دارستان، بەسەرمدا دەنەڕێنێت، لەبەر ئەوە دژایەتی دەکەم.

[9] میراتەکەم مەلی گۆشتخۆری خاڵدارە، مەلە گۆشتخۆرەکانی دیکە چواردەوریان داوە و هێرشیان کردووەتە سەری؟ بڕۆن هەموو ئاژەڵە کێوییەکان کۆبکەنەوە، بیانهێنن بۆ خواردن.

[10] زۆر شوان ڕەزەمێوەکەی من تێکدەدەن، کێڵگەکەی من پێپەست دەکەن. کێڵگە ئارەزووبەخشەکەی من دەکەنە چۆڵەوانییەکی کاول.

[11] دەیکەنە کاولگە، کاولگە شیوەن بۆ من دەگێڕێت. هەموو زەوی کاول دەبێت، چونکە کەس نییە گرنگی پێبدات.

[12] لەسەر هەموو گردۆڵکەکانی چۆڵەوانی تاڵانکەران دێن، چونکە شمشێری یەزدان لەوپەڕی زەوییەوە هەتا ئەم پەڕی دەخوات، ئاشتی بۆ هیچ کەسێک نابێت.

[13] گەنم دەچێنن و دڕک دەدورنەوە، ماندوو دەبن و قازانج ناکەن. ئیتر شەرمەزار دەبن لە بەروبوومەکەتان، لە گڕی تووڕەیی یەزدان.»

[14] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو نەتەوە بەدکارانەی دراوسێم کە دەستیان لە میراتەکەم دا کە دامە ئیسرائیلی گەلەکەم، ئەوەتا لە خاکەکەدا ڕیشەکێشیان دەکەم و بنەماڵەی یەهوداش لەناوەڕاستیان ڕیشەکێش دەکەم.

[15] لەدوای ئەوەی ڕیشەکێشیان دەکەم، دەگەڕێمەوە بەزەییم پێیاندا دێتەوە، هەریەکە بۆ میراتەکەی خۆی و بۆ خاکەکەی خۆی دەگەڕێنمەوە.

[16] لە ڕابردوو گەلەکەی منیان فێرکرد سوێند بە ناوی بەعل بخۆن، بەڵام ئەگەر ئێستا بە تەواوی فێری نەریتی گەلەکەی من ببن، ئەگەر سوێندیان بە ناوی من خوارد و گوتیان: ”بە یەزدانی زیندوو،“ ئەوا لەنێو گەلەکەم بنیاد دەنرێن.

[17] بەڵام هەر نەتەوەیەک ئەگەر گوێ نەگرێت، من لە ڕەگەوە ڕیشەکێشی دەکەم و لەناوی دەبەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

یەرمیا — Chapters