Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:37

[1] ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن یەزدان چی بە ئێوە دەفەرموێت.

[2] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئێوە نەریتی نەتەوەکان فێر مەبن و لە نیشانەکانی ئاسمان مەتۆقن، هەرچەندە نەتەوەکان لەم شتانە دەتۆقن.

[3] چونکە نەریتی نەتەوەکان مایەپووچە: درەختی بڕاوەی دارستانن، دارتاش بە ئەسکەنە دروستیان دەکات،

[4] بە زێڕ و زیو دەیڕازێننەوە و بە مێخ و چەکوش توندیان دەکەن بۆ ئەوەی نەلەقن.

[5] وەک داوەڵی لە بێستانی خەیاردان، بتەکانیان قسە ناکەن، بە هەڵگرتن هەڵدەگیرێن، چونکە هەنگاو نانێن، لێیان مەترسن، چونکە زیان نابەخشن، هەروەها ناتوانن هیچ سوود بگەیەنن.»

[6] ئەی یەزدان، کەس وەک تۆ نییە، تۆ مەزنیت، لە پاڵەوانیێتی ناوت گەورەیە.

[7] کێ لێت ناترسێت، ئەی پاشای نەتەوەکان؟ چونکە لە تۆ دەوەشێتەوە. لەناو هەموو دانایانی نەتەوەکان و لە هەموو شانشینەکانیان، کەس هاوتای تۆ نییە.

[8] تێکڕا دەبەنگ و گێل بوون، شتی پووچ لە بتی دارین فێر دەبن.

[9] زیوی کوتراوە لە تەرشیشەوە دەهێنن و زێڕ لە ئوفازەوە. دەستکردی پیشەوەرە و دەستی زێڕنگەرە، بەرگیان مۆر و ئەرخەوانییە، هەمووی دەستکردی وەستایانن.

[10] بەڵام تەنها یەزدان پەروەردگاری ڕاستییە، ئەو خودای زیندوو و پاشای هەتاهەتاییە، زەوی لەبەر تووڕەیی ئەو دەلەرزێت و نەتەوەکان بەرگەی هەڵچوونی ئەو ناگرن.

[11] «ئاوایان پێ دەڵێن: ”ئەو خوداوەندانەی ئاسمان و زەوییان دروستنەکردووە، لەسەر زەوی و لەژێر ئەم ئاسمانە لەناودەچن.“»

[12] بەڵام یەزدان بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە، بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە، بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە.

[13] کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت، هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە، بروسکە بۆ باران دروستدەکات، با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت.

[14] هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە، هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی شەرمەزارە، چونکە داڕێژراوی درۆن و ڕۆحیان تێدا نییە.

[15] ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین، لە کاتی سزادانیان لەناودەچن.

[16] بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە، چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە، ئیسرائیل هۆزی میراتی ئەویشی داناوە، یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە.

[17] لەم خاکە بوخچەکەت بپێچەوە، ئەی دانیشتووی ژێر ئابڵوقە!

[18] چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەم جارە دانیشتووانی ئەم خاکە دەردەکەمە دەرەوە، تەنگیان پێ هەڵدەچنم هەتا ئەوەی هەستی پێدەکەن.»

[19] وەی لە حاڵم لەبەر وردوخاشبوونم! برینەکەم بێ چارەیە! بەڵام بە خۆمم گوت: «بێگومان ئەمە دەردی منە و دەبێ بەرگەی بگرم.»

[20] چادرەکەم تێکدراوە، هەموو گوریسەکانی پساون. کوڕەکانم بەجێیان هێشتووم و نەماون، ئیتر کەس نییە بۆ ئەوەی چادرەکەم هەڵبدات و پڵاسەکانی چادرەکەم ڕابگرێت.

[21] شوانەکان دەبەنگ بوون و داوای یەزدانیان نەکرد، لەبەر ئەوە سەرنەکەوتن و هەموو مێگەلەکەیان پەرتەوازە بوو.

[22] گوێ بگرن! دەنگی هەواڵ دێت، هەراوهۆریای گەورە لە خاکی باکوورەوە، تاوەکو شارۆچکەکانی یەهودا وێران بکرێن، بکرێنە داڵدەی چەقەڵ.

[23] ئەی یەزدان، زانیم کە مرۆڤ خاوەنی ڕێگای خۆی نییە، کەس ناتوانێت ڕێڕەوەکانی خۆی ئاراستە بکات.

[24] ئەی یەزدان، تەمبێم بکە، بەڵام بە دادپەروەری، نەک بە تووڕەییت، نەوەک لەناوم ببەیت.

[25] تووڕەییت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە کە دانت پێدا نانێن و بەسەر ئەو گەلانەی کە بە ناوی تۆوە نزا ناکەن، چونکە یاقوبیان خوارد، بە تەواوی خواردیان و نشینگەکەیان وێران کرد.

یەرمیا — Chapters