[1] ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:
[2] «گوێ لە بەندەکانی ئەو پەیمانە بگرن و لەگەڵ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم پێی بدوێن.
[3] پێیان دەڵێیت کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی گوێڕایەڵی بەندەکانی ئەو پەیمانە نابێت،
[4] کە من فەرمانم بە باوباپیرانتان کرد، لەو ڕۆژەی لە خاکی میسر، لەناو کوورەی ئاسن دەرمهێنان.“ فەرمووم: ”گوێم لێ بگرن و کاریان پێ بکەن بەپێی هەموو ئەوەی فەرمانتان پێ دەکەم. جا دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئێوە،
[5] بۆ ئەوەی ئەو سوێندە بەجێبهێنم کە بۆ باوباپیرانتان خواردم کە خاکێکیان بدەمێ شیر و هەنگوینی لێ بڕژێتەوە،“ هەروەک ئەو خاکەی ئەمڕۆ تێیدان.» منیش وەڵامم دایەوە: «ئامین، ئەی یەزدان!»
[6] ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «تەواوی ئەم پەیامە لەناو شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم ڕابگەیەنە و بڵێ: ”گوێ لە بەندەکانی ئەم پەیمانە بگرن و کاریان پێ بکەن،
[7] چونکە لەو ڕۆژەوە کە باوباپیرانی ئێوەم لە خاکی میسرەوە هێنایە دەرەوە هەتا ئەمڕۆ، بە تەواوی و بەردەوام ئاگادارم کردوونەتەوە و بە ڕوونی فەرموومە: ’گوێم لێ بگرن.‘
[8] نە گوێیان گرت و نە گوێیان شل کرد، هەریەکە بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی کەوت، جا منیش هەموو نەفرەتەکانی ئەم پەیمانەم بەسەریاندا هێنا، ئەوەی فەرمانم پێکردن کە کاری پێ بکەن، بەڵام نەیانکرد.“»
[9] ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «بە پیلانگێڕیم زانیوە لەنێو پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم.
[10] گەڕانەوە سەر تاوانی باوباپیرانی پێشوویان، کە ڕەتیان کردەوە گوێ لە پەیامەکەم بگرن، کەوتنە دوای خوداوەندەکانی دیکە بۆ ئەوەی بیانپەرستن. بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا ئەو پەیمانەیان شکاند کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستم.
[11] لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من بەڵایەکیان بەسەردا دەهێنم کە نەتوانن لێی دەرباز بن، جا هاوارم بۆ دەکەن و منیش گوێیان لێ ناگرم.
[12] شارۆچکەکانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەچن و هاوار دەبەن بۆ ئەو خوداوەندانەی بخووریان بۆ دەسووتێنن، بەڵام ئەوان لە کاتی بەڵایان ڕزگاریان ناکەن.
[13] ئەی یەهودا، خوداوەندەکانت هێندەی ژمارەی شارۆچکەکانت بوون، قوربانگاتان هێندەی ژمارەی شەقامەکانی ئۆرشەلیم بوون بۆ بخوور سووتاندن بۆ خوداوەندی بەعلی شەرمەزاری.“
[14] «تۆش لە پێناوی ئەم گەلە نوێژ مەکە و لە پێناویان پاڕانەوە و نزا بەرز مەکەرەوە، چونکە لە کاتی هاوارکردنیان بۆم لەبەر بەڵاکەیان گوێیان لێ ناگرم.
[15] «ئەی ئەویندارەکەم، لە پەرستگاکەم چی دەکەیت، پلانگێڕیت لەگەڵ زۆر لایەن داڕشتووە، ئایا گۆشتی قوربانی پیرۆزکراو سزات لەسەر لادەبات؟ کاتێک خراپە دەکەیت، ئینجا دڵخۆش دەبیت.»
[16] یەزدان ناوی لێنایت زەیتوونی سەوز لەگەڵ بەروبووم بە شێوەی جوان، بەڵام بە دەنگی هاتوهەرایەکی گەورە ئاگری لەسەر کردەوە جا لقەکانی دەشکێنرێن.
[17] یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی تۆی چاند، بڕیاری دا تووشی بەڵاتان بکات، لەبەر خراپەکەی بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا، کە بخووریان بۆ بەعل سووتاند، بەو خراپەیە پەستیان کردم.
[18] یەزدان پیلانی ئەوانی بۆ من ئاشکرا کرد، جا زانیم، لەم کاتەدا کردارەکانی ئەوانی پیشاندام.
[19] منیش وەک بەرخێکی دەستەمۆ بۆ سەربڕین ببردرێت، نەمزانی پیلانیان لە دژی من گێڕاوە و دەڵێن: «با دارەکە بە بەرەکەیەوە لەناو ببەین، با لە خاکی زیندووان بیبڕینەوە، ئیتر یادی ناوی ناکرێتەوە.»
[20] بەڵام تۆ، ئەی یەزدانی سوپاسالار، دادوەری ڕاستودروست، تاقیکەرەوەی مێشک و دڵ، با تۆڵەسەندنەوەت لەوان ببینم، چونکە کێشەی خۆمم بە تۆ سپارد.
[21] «لەبەر ئەوە فەرمایشتی یەزدان ئەمەیە سەبارەت بە پیاوانی عەناتۆت، ئەوانەی داوای گیانی تۆ دەکەن و دەڵێن: ”بە ناوی یەزدانەوە پەیام ڕامەگەیەنە، با بە دەستی خۆمان نەتکوژین.“
[22] لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”من سزایان دەدەم، لاوان بە شمشێر دەمرن و کوڕ و کچیشیان بە قاتوقڕی دەمرن.
[23] پاشماوەشیان بۆ نامێنێتەوە، چونکە لە ساڵی سزادانیان بەڵا بەسەر پیاوانی عەناتۆتدا دەهێنم.“»