[1] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
[2] «بڕۆ و بە ئۆرشەلیمی ڕابگەیەنە با خەڵکەکە بیبیستن، بڵێ: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”بە یادی خۆمم هێنایەوە، دڵسۆزی کاتی مێردمنداڵیت و خۆشەویستی کاتی بووکێنیت، بەدوای مندا ڕۆیشتیت لە چۆڵەوانی، بە خاکێکدا کە کشتوکاڵی تێدا نەبوو.
[3] ئیسرائیل بۆ یەزدان پیرۆز بوو، یەکەمین بەرهەمی بەروبوومەکەیەتی. هەموو ئەوانەی خواردیان تاوانیان کرد، بەڵایان بەسەردا هات.“» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[4] گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی بنەماڵەی یاقوب، ئەی هەموو خێڵەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل،
[5] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «باوباپیرانتان چ کەموکوڕییەکیان لە مندا بینی کە لێم دوورکەوتنەوە؟ چوون دوای بتی پووچ کەوتن و خۆیان پووچ کرد.
[6] پرسیاریان نەکرد: ”کوا یەزدان، ئەوەی لە خاکی میسرەوە دەریهێناین، ئەوەی ئێمەی بەناو چۆڵەوانیدا برد، بە خاکێکی ڕووتەن و چاڵوچۆڵدا، بە خاکێکی وشک و سێبەری مەرگ، بە خاکێکدا کە کەسی پێدا تێنەپەڕیبوو، کەس لەوێ نیشتەجێ نەببوو؟“
[7] ئێوەم هێنایە ناو خاکێکی بەپیت بۆ ئەوەی بەروبووم و بەرهەمە چاکەکانی بخۆن. بەڵام هاتن و زەوییەکەی منتان گڵاو کرد، میراتەکەی منتان قێزەون کرد.
[8] کاهینەکان پرسیاریان نەکرد: ”کوا یەزدان؟“ ئەوانەی مامۆستای تەوراتن نەیانناسیم، ڕابەرەکان لێم یاخی بوون، پێغەمبەرەکان بەهۆی بەعلەوە پێشبینییان کرد، دوای بتی پووچ کەوتن.»
[9] یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە دیسان دادگاییتان دەکەم، منداڵی منداڵیشتان پەلکێشی دادگا دەکەم.
[10] لە کەنارەکانی کیتیم بپەڕنەوە و ببینن، بنێرن بۆ قێدار و بە وردی سەرنج بدەن، ببینن ئاخۆ وەک ئەمە بووە؟
[11] ئایا هیچ نەتەوەیەک خوداوەندەکانی خۆی گۆڕیوە؟ هەرچەندە خودا نین. بەڵام گەلەکەی من خودای شکۆمەندیان گۆڕییەوە بە بتی پووچ.
[12] ئەی ئاسمان، لەبەر ئەمە واقت وڕبمێنێت، موچڕکەت پێدابێت و زۆر سەرسام بە.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[13] «گەلەکەم دوو خراپەی کردووە: وازیان لە من هێنا کە کانی ئاوی ژیانم، هەروەها ئەمباراویان بۆ خۆیان هەڵکەند، ئەمباراوی شکاو کە ئاو ڕاناگرێت.
[14] ئایا ئیسرائیل کۆیلەیە؟ یان کوڕی کۆیلەی لەدایک بووی ماڵە؟ بۆچی بوو بە تاڵانی؟
[15] بەچکە شێران بەسەریدا نەڕاندیان، دەنگیان هات، خاکەکەیان وێران کردووە، شارۆچکەکانی سووتاون، بێ دانیشتووانن.
[16] هەروەها نەوەی مەمفیس و تەحپەنحێس تەپڵی سەری تۆیان تراشیووە.
[17] ئایا تۆ ئەمەت بە خۆت نەکرد، کە وازت لە یەزدانی پەروەردگارت هێنا کاتێک بە ڕێگادا دەیبردیت؟
[18] ئێستا بۆچی دەچیتە میسر بۆ خواردنەوەی ئاوی نیل؟ ئێستا بۆچی دەچیتە ئاشور بۆ خواردنەوەی ئاوی ڕووباری فورات؟
[19] خراپەی خۆت تەمبێت دەکات و هەڵگەڕانەوەت سەرزەنشتت دەکات. جا بزانە و ببینە کە بۆتان خراپ و تاڵە، کاتێک واز لە یەزدانی پەروەردگارت دەهێنیت و ترسی منت لە دڵدا نییە،» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
[20] «تۆ لە کۆنەوە نیری خۆتت شکاندووە، کۆتەکانت پساندووە، گوتت: ”تۆ ناپەرستم!“ تۆ بە ڕاستی لەسەر هەموو گردێکی بەرز و لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا وەک لەشفرۆشێک ڕاکشایت.
[21] من وەک شامێوێک لە نایابترین جۆر تۆم چاند، ئیتر چۆن لێم گۆڕایت، گۆڕایت بۆ زڕمێو؟
[22] هەرچەندە بە سۆدەش خۆت بشۆیت، زیاد سابوونیش لە خۆت بدەیت، هێشتا لەکەداری تاوانەکەت لەبەردەممە.» q4 ئەمە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
[23] «ئیتر چۆن دەڵێیت: ”گڵاو نەبووم، دوای بەعلەکان نەکەوتووم؟“ تەماشای ڕێگاکەی خۆت بکە لە دۆڵەکە، بزانە چیت کردووە. تۆ وەک وشترە سووکەکەی کە لە ڕۆیشتندا بەلادادێی،
[24] وەک کەرەکێوییەکەی کە بە چۆڵەوانی فێری، لەتاو هەوەسی با هەڵدەمژێت، لە کاتی بەتەڵەب هاتنی کێ دەیگێڕێتەوە؟ هەموو ئەوانەی داوای دەکەن بەبێ ماندووبوون لە کاتی زاوزێ دەیدۆزنەوە.
[25] ئەوەندە مەگەڕێ تاوەکو ئەوەی پێیەکانت ڕووت بێتەوە و گەرووت وشک بێت. بەڵام گوتت: ”بێهوودەیە! نا! چونکە خوداوەندە بێگانەکانم خۆشویستووە، دوای ئەوان دەکەوم.“
[26] «وەک شەرمەزاری دز کە دەگیرێت، ئاوا بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاربوون، خۆیان و پاشا و میر و کاهین و پێغەمبەرەکانیان.
[27] هەریەکەیان بە دار دەڵێت: ”تۆ باوکمی منیت“ و بە بەرد: ”تۆ منت بووە.“ پشتیان تێ کردم نەک ڕوو، بەڵام لە کاتی بەڵایاندا دەڵێن: ”هەستە و ڕزگارمان بکە!“
[28] ئیتر کوا خوداوەندەکانت کە بۆ خۆت دروستت کردن؟ با هەستن، ئەگەر لە کاتی بەڵادا دەتوانن ڕزگارت بکەن! ئەی یەهودا، خوداوەندەکانت بەقەد ژمارەی شارۆچکەکانتن.»
[29] یەزدان دەفەرموێت: «بۆچی سکاڵام لێ دەکەن؟ هەمووتان لێم یاخی بوون،
[30] بەخۆڕایی سزای منداڵەکانتانم دا، تەمبێکردنیان وەرنەگرت، شمشێرەکانتان پێغەمبەرەکانتانی خوارد، وەک شێرێکی لەناوبەر.
[31] «ئەی نەوە، ئێوە ئاگاداری فەرمایشتی یەزدان بن: «ئایا بۆ ئیسرائیل بووم بە چۆڵەوانی، یان خاکی تاریک و تنۆک؟ بۆچی گەلەکەم دەڵێن: ”بەڕەڵا بووین، ئیتر بۆ لات نایەینەوە؟“
[32] ئایا کچ خشڵی خۆی لەبیر دەکات، یان بووک جلی بووکێنی؟ بەڵام گەلەکەی خۆم ڕۆژانێکی بێشومار منیان لەبیر کرد.
[33] تۆ چەند لێزانیت لە گەڕانەوەی دوای خۆشەویستی! تەنانەت سۆزانییەکانیشت فێری ڕێگای خۆت کرد.
[34] هەروەها بە جلەکانت دەبینیرێت، خوێنی گیانی نەدارە بێتاوانەکان، هەرچەندە ئەوانت لە کاتی دیواربڕیندا نەگرت. بەڵام لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە
[35] دەڵێیت: ”من بێتاوانم، خودا لە من تووڕە نییە.“ بەڵام دادگاییت دەکەم، چونکە گوتت: ”گوناهم نەکرد.“
[36] بۆچی زۆر دەگەڕێیت بۆ گۆڕینی ڕێگاکانت؟ هەروەها لە میسریش شەرمەزار دەبیت، وەک چۆن لە ئاشور شەرمەزار بوویت.
[37] هەروەها میسر بەجێدەهێڵیت و وەک دیل دەستەکانت بەسەر سەرتەوە دەبن، چونکە ئەوانەی تۆ پشتیان پێ دەبەستیت یەزدان ڕەتیکردنەوە، بەوان سەرکەوتوو نابیت.»