Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:04

[1] «ئەی نەوەی بنیامین، لە ئۆرشەلیمەوە هەڵبێن! لە تەقۆعە فوو بە کەڕەنادا بکەن! لەسەر بێت‌هاکارەم ئاگر وەک نیشانە هەڵبکەن! چونکە بەڵا و شکستێکی گەورە لە باکوورەوە دەرکەوتووە.

[2] من سییۆنی کچ لەناو دەبەم، کچە جوان و نازدارەکە.

[3] شوانەکان بە مێگەلەکانیانەوە بۆ لای ئەو دێن، ڕەشماڵەکان لە دەوری هەڵدەدەن و هەرکەسە لە بەشی خۆی دەلەوەڕێنێ.»

[4] «جەنگێک لە دژی سییۆن ئامادە بکەن! هەستن بە نیوەڕۆ هێرش ببەین! بەڵام بە داخەوە، ڕۆژ ئاوا بوو، سێبەرەکانی ئێوارە درێژبوونەوە.

[5] کەواتە هەستن بە شەو هێرش ببەین، قەڵاکانی وێران بکەین!»

[6] یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «دار ببڕنەوە و مەتەرێز لە دەوری ئۆرشەلیمەوە دابڕێژن. دەبێت ئەو شارە سزا بدرێت، چونکە سەراپای پڕ ستەمە.

[7] وەک کانییەک ئاوەکەی هەڵبقوڵێت، ئاوا خراپییەکەی هەڵدەقوڵێت. توندوتیژی و ڕفاندنی تێدا دەبیسترێت، هەمیشە لەبەردەمم نەخۆشی و برینداری هەیە.

[8] ئەی ئۆرشەلیم، ئاگاداربە، نەوەک پشتم لە تۆ بکەم، نەوەک بتکەمە خاکێکی وێران، ئیتر کەسی تێدا نیشتەجێ نەبێ.»

[9] یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «با پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی بچنرێنەوە، بە تەواوی وەک ڕەزەمێو، با دەستت بەسەر لقەکاندا بگێڕیت، وەک کەسێک ترێ دەچنێتەوە.»

[10] بۆ کێ قسە بکەم؟ کێ ئاگادار بکەمەوە؟ کێ گوێم لێ دەگرێت؟ ئەوەتا گوێیان داخراوە بۆ ئەوەی نەتوانن گوێ شل بکەن. فەرمایشتی یەزدان بۆیان بووە بە ڕیسوایی، دڵیان پێی خۆش نییە.

[11] لەبەر ئەوە پڕبووم لە تووڕەیی یەزدان، بێزاربووم لە دەستپێوەگرتنی. «تووڕەییەکەی بەسەر منداڵی کۆڵانەکانیدا بڕێژە، بەسەر تێکڕای کۆڕی گەنجان، ژن لەگەڵ مێرد دەبردرێت، پیر لەگەڵ بەساڵاچووان.

[12] ماڵەکانیان بۆ خەڵکی دیکە دەبن، کێڵگە و ژنەکانیان پێکەوە، چونکە دەستم بۆ سەر دانیشتووانی خاکەکە درێژ دەکەم.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[13] «لە بچووکیان هەتا گەورەیان، هەموویان پەرۆشی قازانجن، لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین، هەموو ساختە دەکەن.

[14] برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و دەڵێن: ”ئاشتی، ئاشتی!“ بەڵام ئاشتی نییە.

[15] ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟ نەخێر! شەرمەزار نەبوون، هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە. لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان، لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[16] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «لەسەر ڕێگاکان بوەستن و تەماشا بکەن، پرسیاری ڕێچکە کۆنەکان بکەن، ڕێگا چاکەکە لەکوێیە، پێیدا بڕۆن، حەسانەوە بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە. بەڵام گوتتان: ”پێیدا ناڕۆین.“

[17] چاودێرم بەسەرتانەوە دانا، گوتم: ”گوێ بۆ دەنگی کەڕەنا شل بکەن!“ بەڵام گوتتان: ”گوێ شل ناکەین.“

[18] لەبەر ئەوە ئەی نەتەوەکان، گوێ بگرن، ئەی شایەتەکان، بزانن چییان بەسەردێت.

[19] ئەی زەوی، گوێ بگرە: ئەوەتا من بەڵا بەسەر ئەم گەلەدا دەهێنم، بەروبوومی بیرکردنەوەکانیانە، چونکە گوێیان بۆ وشەکانم شل نەکرد و فێرکردنی منیان ڕەتکردەوە.

[20] بەلامەوە گرنگ نییە، بخوور لە شەباوە بێت و قامیشی بۆنخۆش لە خاکێکی دوورەوە؟ قوربانی سووتاندنەکانتان قبوڵ نین و قوربانییە سەربڕدراوەکانتان لەلای من خۆش نین.»

[21] لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «من کۆسپ بۆ ئەم گەلە دادەنێم، باوکان و کوڕان پێکەوە ساتمەی لێ دەکەن، دراوسێ و هاوڕێ لەناودەچن.»

[22] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا! سوپایەک لە خاکی باکوورەوە دێت، نەتەوەیەکی مەزن لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێت.

[23] کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە، دڵڕەقن و بەزەییان نییە، دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و سواری ئەسپ دەبن، وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی سییۆنی کچ.»

[24] هەواڵی ئەوانمان بیست، ورەمان ڕووخا، تووشی تەنگانە بووین، تووشی ئازار بووین وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.

[25] دەرمەچن بۆ کێڵگە! بە ڕێگادا مەڕۆن! چونکە دوژمن شمشێری پێیە، لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە.

[26] ئەی گەلەکەم، جلوبەرگی گوش بپۆشە، خۆت لە خۆڵەمێش بگەوزێنە، شینی تاقانەیەک بۆ خۆت بگێڕە، بە لاوانەوەیەکی تاڵ، چونکە لەناکاو تێکدەر بەسەرماندا دەدات.

[27] «ئەی یەرمیا، تۆم لەنێو گەلەکەم دانا، وەک تاقیکەرەوە و سەنگی مەحەک، بۆ ئەوەی ڕەفتاریان بزانیت و تاقییان بکەیتەوە.

[28] هەموو یاخی و کەللەڕەقن، بە پەلەن بۆ بوختانکردن، ئەوان بڕۆنز و ئاسنن، هەموو تێکدەرن.

[29] مووشەی دێت مووشەدەمە بۆ ئەوەی بە ئاگر قورقوشم بفەوتێنێت، بەڵام بێهوودە زێڕنگەر بێگەردی دەکات، بەدکاران بێگەرد نابن.

[30] پێیان دەگوترێت زیوی ناپەسەند، چونکە یەزدان پەسەندی نەکردوون.»

یەرمیا — Chapters