Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:07

[1] کاتێک نەبوخودنەسری پاشای بابل و هەموو سوپاکەی و هەموو شانشینەکانی ئەو خاکانەی لەژێر دەستی فەرمانڕەوایەتی ئەودا بوون و هەموو گەلان لە دژی ئۆرشەلیم و هەموو شارۆچکەکانی دەجەنگین، یەزدان پەیامی بۆ یەرمیا نارد، فەرمووی:

[2] «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بڕۆ قسە لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا بکە و پێی بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەم شارە دەدەمە دەست پاشای بابلەوە و بە ئاگر دەیسووتێنێت.

[3] تۆش لە دەستی دەرباز نابیت، بەڵکو بەگرتن دەگیرێیت و دەدرێیتە دەستی ئەوەوە، چاوەکانت چاوەکانی پاشای بابل دەبینێت، ڕووبەڕوو قسەت لەگەڵ دەکات. پاشان دەچیتە بابل.

[4] «”ئەی سدقیای پاشای یەهودا، گوێ لە بەڵێنی یەزدان بگرە، یەزدان ئەمە دەفەرموێت سەبارەت بە تۆ: بە شمشێر نامریت،

[5] بە ئاشتی دەمریت. وەک چۆن خەڵکی بۆ ڕێزگرتن لە باوباپیرانی پاشاکانی پێش تۆ بخووریان دەسووتاند، ئاوا بۆ ڕێزگرتن لە تۆ بخوور دەسووتێنن، بە ’گەورە ڕۆ!‘ بۆت دەلاوێنەوە. یەزدان دەفەرموێت: من ئەو بەڵێنە دەدەم.“»

[6] جا یەرمیای پێغەمبەر لە ئۆرشەلیم هەموو ئەم قسانەی بە سدقیای پاشای یەهودا گوت،

[7] لەو کاتەی سوپاکەی پاشای بابل کەوتە جەنگەوە لە دژی ئۆرشەلیم و ئەو شارانەی دیکەی یەهودا کە مابوونەوە، لە دژی لاخیش و عەزێقا، لە شارە قەڵابەندەکانی یەهودا تەنها ئەمانە مابوونەوە.

[8] ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، دوای ئەوەی سدقیای پاشا پەیمانی لەگەڵ هەموو گەل بەست کە لە ئۆرشەلیم بوون بۆ ڕاگەیاندنی ئازادکردنی کۆیلە.

[9] هەرکەسە کۆیلە عیبرانییەکەی و کەنیزە عیبرانییەکەی خۆی ئازاد بکات، بۆ ئەوەی کەس ئەو برا و خوشکە جولەکەیەی نەکات بە کۆیلە.

[10] پیاوە گەورەکان و هەموو گەل هاتنە ناو پەیمانەکەوە و ڕازی بوون بەوەی هەرکەسە و دەبێت کۆیلە و کەنیزەکەی خۆی ئازاد بکات و ئیتر کەس نەیانکات بە کۆیلە، گوێڕایەڵ بوون و بەڕەڵایان کردن.

[11] بەڵام پاشان گەڕانەوە، ئەو کۆیلە و کەنیزانەی ئازادیان کردبوون جارێکی دیکە کردیاننەوە بە کۆیلە و کەنیزە.

[12] ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:

[13] «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من لەگەڵ باوباپیرانتان پەیمانم بەست، ئەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان لە خاکی کۆیلایەتییەوە، فەرمووم:

[14] ”لە کۆتایی حەوت ساڵدا هەرکەسە و دەبێت ئەو عیبرانییە ئازاد بکات و بەڕەڵا بکات کە خۆی بە ئێوە فرۆشتووە و شەش ساڵ خزمەتی کردوون.“ بەڵام باوکانتان گوێیان لێ نەگرتم و گوێیان شل نەکرد.

[15] ئەمڕۆ ئێوە تۆبەتان کرد و ئەوەی لەبەرچاوی من ڕاست بوو کردتان، هەرکەسە و ئازادکردنی بۆ هاونیشتیمانییەکەی ڕاگەیاند، لەو ماڵەی ناوی منی هەڵگرتووە پەیمانتان بەست.

[16] بەڵام پاشان هەڵگەڕانەوە و ناوی منتان زڕاند، هەریەکەتان کۆیلە و کەنیزەکەی گەڕاندەوە، ئەوانەی ئازادتان کردبوون چییان بوێ بۆ خۆیان بیکەن، ناچارتان کردن ببنەوە کۆیلە و کەنیزەتان.

[17] «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون بۆ ئەوەی هەرکەسە و ئازادکردنی هاونیشتیمانییەکەی ڕابگەیەنێت، من ”ئازادی“ بۆ ئێوە ڕادەگەیەنم، ”ئازادی“ بۆ ئەوەی بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناوبچن. وا دەکەم هەموو شانشینەکانی زەوی لێتان بتۆقن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[18] ئەو کەسانەی کە پەیمانەکەی منیان شکاند، ئەوانەی بەندەکانی ئەو پەیمانەیان جێبەجێ نەکرد کە لەبەردەمی من بەستیان، وەک ئەو گوێرەکەیەیان لێدەکەم کە دوو لەتیان کرد و بەناو دوو لەتەکەیدا تێپەڕین.

[19] پیاوە گەورەکانی یەهودا و پیاوە گەورەکانی ئۆرشەلیم و کاربەدەستان و کاهینان و هەموو گەلی خاکەکە، ئەوانەی بەناو دوو لەتی جوانەگادا تێپەڕین،

[20] دەیاندەمە دەست دوژمنەکانیان کە دەیانەوێ بیانکوژن. تەرمەکانیان دەبێت بە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی.

[21] «سدقیای پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانیشی دەدەمە دەست دوژمنەکانیان کە دەیانەوێ بیانکوژن، دەیاندەمە دەست سوپاکەی پاشای بابل، ئەوانەی لە کۆڵتان بوونەتەوە.

[22] من فەرمان دەدەم بابلییەکان بگەڕێنەوە ئەم شارە و لە دژی بجەنگن. ئەم شارە دەگرن و بە ئاگر دەیسووتێنن، شارۆچکەکانی یەهوداش وێران دەکەم و ئاوەدانی تێدا نامێنێت.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

یەرمیا — Chapters