[1] ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، لە ساڵی دەیەمی سدقیای پاشای یەهودا کە دەکاتە ساڵی هەژدەمینی نەبوخودنەسر.
[2] ئەو کاتە لەشکری پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دابوو، یەرمیای پێغەمبەریش لە حەوشەی پاسەوانەکانی کۆشکی پاشای یەهودا بەند کرابوو.
[3] سدقیای پاشای یەهودا یەرمیای بەند کردبوو، پێی گوت: «بۆچی بەم پەیامە پێشبینیت کرد؟ گوتت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: خەریکم ئەم شارە دەدەمە دەست پاشای بابل و دەیگرێت.
[4] سدقیای پاشای یەهوداش لە دەست بابلییەکان دەرباز نابێت، بەڵکو دەدرێتە دەست پاشای بابلەوە، ڕووبەڕوو قسەی لەگەڵ دەکات، چاوەکانی ئەو دەبینێت.
[5] سدقیا دەباتە بابل، لەوێ دەمێنێتەوە هەتا سزاکەی تەواو وەردەگرێت. ئەگەر لەگەڵ بابلییەکان بجەنگن سەر ناکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»
[6] ئینجا یەرمیا گوتی: «فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
[7] حەنەمێلی کوڕی شەلومی مامت دێتە لات و پێت دەڵێت: ”ئەو کێڵگەیەی لە عەناتۆت هەمە بۆ خۆتی بکڕە، چونکە ماف و ئەرکی تۆیە بیکڕیتەوە .“
[8] «جا بەپێی فەرمایشتی یەزدان حەنەمێلی کوڕی مامم هاتە لام بۆ حەوشەی پاسەوانەکان و پێی گوتم: ”کێڵگەکەم بکڕە، ئەوەی لە عەناتۆتە لە خاکی بنیامین، چونکە مافی کڕینەوە و خاوەنداریێتیت هەیە، بۆ خۆت بیکڕە.“ «جا زانیم ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[9] منیش کێڵگەکەم لە حەنەمێلی کوڕی مامم کڕی، ئەوەی لە عەناتۆتە، زیوەکەشم بۆی کێشا، حەڤدە شاقل زیو.
[10] گرێبەستم لە کاغەزێک نووسی و مۆرم کرد و چەند کەسێکم لێکرد بە شایەت، زیوەکەشم بە تەرازوو کێشا.
[11] گرێبەستی کڕینەکەم لە دوو وێنەدا برد، وێنەیەکی داخراو کە مەرج و بەندەکانی تێدابوو، لەگەڵ وێنەیەکی کراوە،
[12] گرێبەستی کڕینەکەم دایە باروخی کوڕی نێرییا کوڕی مەحسێیا، لەبەرچاوی حەنەمێلی ئامۆزام و ئەو شایەتانەی لە گرێبەستی کڕینەکە نووسرابوون، هەروەها لەبەرچاوی هەموو ئەو جولەکانەی لە حەوشەی پاسەوانەکان دانیشتبوون.
[13] «لەبەرچاویان باروخم ڕاسپارد و گوتم:
[14] ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل دەفەرموێت: ئەم گرێبەستانە هەڵبگرە، گرێبەستە مۆرکراوەکەی کڕین و ئەم لەبەرگیراوەیەی گرێبەستەکە لەناو گۆزەیەکی گڵین دابنێ، تاوەکو بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە،
[15] چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: جارێکی دیکە دیسان لەم خاکەدا خانوو و کێڵگە و ڕەز دەکڕدرێتەوە.“
[16] «دوای ئەوەی گرێبەستەکەی کڕینم دایە باروخی کوڕی نێرییا، نوێژم بۆ یەزدان کرد و گوتم: m
[17] «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوەتا تۆ بە توانای مەزن و دەستی بەهێزەوە ئاسمان و زەویت دروستکردووە و هیچ شتێک لەلای تۆ قورس نییە.
[18] خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران بەدەردەخەیت، بەڵام تۆ سزای کوڕ دەدەیت لەسەر ئەو تاوانەی باوکی لەپێش ئەو کردوویەتی. ئەی خودای گەورە و پاڵەوان، ئەوەی ناوت یەزدانی سوپاسالارە،
[19] لە پلاندانان مەزنی، لە کارکردندا بە توانای، چاوەکانت لەسەر هەموو ڕەفتارەکانی ئادەمیزاد کراوەن، هەتا هەریەکە و پاداشتی شایستەی ڕەفتار و کردەوەکانی بدەیتەوە.
[20] تۆ نیشانە و پەرجووەکانت لە خاکی میسردا نواند، بەردەوام هەتا ئەمڕۆش لە ئیسرائیل و لەنێو هەموو مرۆڤایەتیدا دەیاننوێنیت، بەمەش ناوێکت بەدەستهێناوە کە هێشتا ماوە.
[21] بە نیشانە و پەرجوو، بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز، بە ترسێکی گەورەوە، ئیسرائیلی گەلی خۆتت لە خاکی میسر دەرهێنا.
[22] ئەم خاکەت پێدان کە سوێندت خواردبوو بیدەیتە باوباپیرانیان، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.
[23] جا هاتن و بوونە خاوەنی، بەڵام گوێیان لە تۆ نەگرت، فێرکردنی تۆیان پەیڕەو نەکرد، ئەوانەیان نەکرد کە تۆ فەرمانت پێکردن بیانکەن. جا هەموو ئەم خراپەیەت بەسەریاندا هێنا. m
[24] «ئەوەتا مەتەرێز بۆ دەست بەسەرداگرتنی شارەکە لێدراوە. شارەکە بەهۆی شمشێر و قاتوقڕی و دەردەوە ڕادەستی بابلییەکان دەکرێت کە لە دژی دەجەنگن. هەروەک دەیبینیت، ئەوەی تۆ فەرمووت ڕوویدا.
[25] ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ خۆت پێت فەرمووم: ”بە شایەتی چەند شایەتێک کێڵگەکە بە زیو بۆ خۆت بکڕە،“ کەچی شارەکەت داوەتە دەست بابلییەکان.»
[26] ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:
[27] «من یەزدانم، خودای هەموو ئادەمیزاد، ئایا هیچ شتێک هەیە بۆ من قورس بێت؟
[28] لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەم شارە بدەمە دەست بابلییەکان و دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و بیگرێت.
[29] جا بابلییەکان کە لە دژی ئەو شار دەجەنگن، دێنە ناوی بە ئاگر گڕی تێبەردەدەن، ئەو ماڵانەش دەسووتێنن کە لە سەربانەکانیان بخووریان بۆ بەعل سووتاند و شەرابی پێشکەشکراویان پێشکەشی خوداوەندەکانی دیکە کرد بۆ ئەوەی پەستم بکەن.»
[30] یەزدان دەفەرموێت: «نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا هەر لە گەنجیێتییانەوە تەنها خراپەیان لەبەرچاوم کردووە، چونکە نەوەی ئیسرائیل بە دروستکراوەکانی دەستیان تەنها پەستیان کردم.
[31] لەو ڕۆژەوەی ئەم شارەیان بنیادیان ناوە هەتا ئەمڕۆ، بۆ من بووەتە مایەی تووڕەبوون و هەڵچوونم، کە دەبێت لەبەردەمم ڕایماڵم.
[32] نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا پەستیان کردم، بە هەموو ئەو خراپانەی کردیان، ئەوان و پاشا و سەرکردە و کاهین و پێغەمبەرەکانیان، پیاوانی یەهودا و خەڵکی ئۆرشەلیم.
[33] جا پشتیان تێکردم نەک ڕوو، لە کاتێکدا من بەردەوام فێرم دەکردن، بەڵام نە گوێیانگرت و نە تەمبێ بوون.
[34] بەڵکو بتە قێزەونەکانیان لەو ماڵە دانا کە ناوی منی هەڵگرتووە و گڵاویان کرد.
[35] هەروەها نزرگەی بەعلیان لەسەر بەرزاییەکان بنیاد نا، کە لە دۆڵی بەنهینۆمە، تاوەکو کوڕ و کچەکانیان وەک قوربانی بۆ مۆلەخ بسووتێنن، ئەو شتە قێزەونانەیان کرد و وایانکرد یەهودا گوناه بکات، کە من نە فەرمانم پێکردووە و نە بە خەیاڵیشمدا هاتووە.
[36] «ئێوە دەربارەی ئەو شارە دەڵێن: ”بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دراوەتە دەست پاشای بابل.“ بەڵام یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت:
[37] ئەوەتا من کۆیان دەکەمەوە، لە هەموو ئەو خاکانەی کە بە تووڕەیی و هەڵچوونمەوە و بە پەستییەکی مەزنەوە دەرمکردن بۆیان، دەیانگەڕێنمەوە ئەم شوێنە و بە ئاسوودەیی نیشتەجێیان دەکەم.
[38] ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان.
[39] یەک دڵ و یەک ڕێبازیان پێدەدەم، بۆ ئەوەی هەردەم لێم بترسن، بۆ چاکەی خۆیان و چاکەی کوڕەکانیان لەپاش خۆیان.
[40] پەیمانێکی هەتاهەتاییان لەگەڵدا دەبەستم، کە خۆمیان لێ نەکێشمەوە و بەردەوام چاکەیان لەگەڵدا بکەم، ترسی خۆم بخەمە دڵیان، بۆ ئەوەی لێم لانەدەن.
[41] پێیان شاد دەبم کە چاکەیان لەگەڵدا بکەم، بە دڵنیاییەوە، بە هەموو دڵم و لە ناخمەوە، لەم خاکەدا دەیانڕوێنم.
[42] «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: هەروەک هەموو ئەم خراپە گەورانەم بەسەر ئەم گەلەدا هێنا، ئاواش من هەموو ئەو چاکەیەیان بەسەردا دەهێنم کە بەڵێنم پێیان دا.
[43] جا کێڵگە دەکڕدرێتەوە لەم خاکەی کە دەڵێن: ”وێرانە، نە مرۆڤ و نە ئاژەڵی تێدا نییە، دراوەتە دەست بابلییەکان.“
[44] بە شایەتی چەند شایەتێک بە زیو کێڵگە دەکڕن، گرێبەست لە کاغەزێک دەنووسن و مۆری دەکەن، لە خاکی بنیامین و دەوروبەری ئۆرشەلیم، لە شارۆچکەکانی یەهودا، لە شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکان، لە زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب، چونکە من ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.