Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:21

[1] یەرمیا کە هێشتا لە حەوشەی پاسەوانەکان بەند کرابوو، دووبارە فەرمایشتی یەزدانی بۆ هاتەوە:

[2] «یەزدانی دروستکەری زەوی کە شێوەی کێشاوە هەتا بیچەسپێنێت، ناوی یەزدانە، ئەمە دەفەرموێت:

[3] ”بانگم بکە، وەڵامت دەدەمەوە و شتە مەزنەکانت پێ ڕادەگەیەنم، شتە پەی پێ نەبراوەکان کە نایانزانیت.“

[4] چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بە خانووەکانی ئەم شارە و کۆشکەکانی پاشاکانی یەهودا، ئەوانەی تێکدران بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەتەرێز و شمشێر

[5] لە جەنگی دژی بابلییەکان، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”پڕ بکرێن لە لاشەی ئەو کەسانەی بە تووڕەیی و بە جۆشی خۆم لێم دان، ئەوانەی لەبەر هەموو خراپەکانی ئەوان ڕووی خۆم لەم شارە وەرگێڕا.

[6] «”لەگەڵ ئەوەشدا من تەندروستی و چاکبوونەوەی بۆ دێنم، گەلەکەم چاک دەکەمەوە، ئاشتی و ئارامییەکی فراوانیان بۆ فەراهەم دەکەم.

[7] یەهودا و ئیسرائیل لە ڕاپێچکراوی دەهێنمەوە و وەک پێشوویان بنیادیان دەنێمەوە.

[8] پاکیان دەکەمەوە لە هەموو گوناهەکانیان کە لە دژی من کردوویانە، لە هەموو گوناه و یاخیبوونەکانیان خۆشدەبم کە لە دژی من کردوویانە.

[9] جا ئەم شارە بۆم دەبێتە ناوبانگ و شادی، ستایشکردن و شانازی، لەلای هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی کە ئەم هەموو چاکەیە دەبیستنەوە من بۆی دەکەم. جا دەترسن و لەرز دەیانگرێت، لەبەر هەموو ئەو چاکەیە و هەموو ئەو ئاشتییەی کە من بۆی فەراهەم دەکەم.“

[10] «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”سەبارەت بەم شوێنەی ئێوە دەڵێن، ’وێرانە، بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە.‘ بەڵام شارۆچکەکانی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم وێرانن، بێ مرۆڤ و بێ دانیشتووان و بێ ئاژەڵن،

[11] دەنگی شادی و دەنگی خۆشی دەبیسترێت، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، دەنگی ئەوانەی قوربانی سوپاسگوزاری دەهێننە ناو ماڵی یەزدان، کە دەڵێن: «”’ستایشی یەزدانی سوپاسالار بکەن، چونکە یەزدان چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.‘ یەزدان دەفەرموێت، ڕاپێچکراوی خاکەکە دەگەڕێنمەوە و وەک پێشتریان لێدەکەمەوە.“

[12] «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”لەم شوێنە وێرانەدا کە بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە، جارێکی دیکە لە هەموو شارۆچکەکانی جێی شەوینی شوانەکان و مانەوەی مەڕەکانی لێ دەبێت.

[13] لە شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکان و زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب و خاکی بنیامین، دەوروبەری ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا، جارێکی دیکە مەڕ بەژێر دەستی ئەوەدا تێدەپەڕێت کە دەیانژمێرێت. “ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.»

[14] یەزدان دەفەرموێت: «”ڕۆژێک دێت، ئەو بەڵێنە چاکە دەهێنمە دی کە سەبارەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا فەرمووبووم.

[15] «”لەو سەردەمەدا و لەو کاتەدا لقێکی ڕاستودروست بۆ داود دەردەکەم، جا ڕاستودروستی و دادپەروەری لەسەر زەوی پەیڕەو دەکات.

[16] لەو ڕۆژانەدا یەهودا ڕزگاری دەبێت و ئۆرشەلیم بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت. ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت: یەزدان ڕاستودروستیمانە.“»

[17] «چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”پیاو لە داود نابڕێت بۆ دانیشتن لەسەر تەختی بنەماڵەی ئیسرائیل.

[18] لە کاهینە لێڤییەکانیش پیاو نابڕێت لەبەردەمم بۆ بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن، سووتاندنی پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ئامادەکردنی قوربانی سەربڕاو.“»

[19] هەروەها فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:

[20] «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر بتوانن پەیمانەکەم لەگەڵ ڕۆژ و لەگەڵ شەودا بشکێنن، تاکو ئیتر ڕۆژ و شەو لە کاتی خۆیاندا نەبن،

[21] ئەوسا دەکرێ پەیمانەکەم لەگەڵ داودی بەندەم بشکێنرێت و کوڕی نەبێت بۆ ئەوەی لەسەر تەختەکەی ببێتە پاشا، هەروەها لەگەڵ لێڤییە کاهینەکانی خزمەتکارانم.

[22] هەروەک چۆن ئەستێرەکانی ئاسمان ناژمێردرێن و لمی دەریا ئامار ناکرێت، ئاوا نەوەی داودی بەندەم و لێڤییە خزمەتکارەکانم زیاد دەکەم.“»

[23] ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:

[24] «نەتبینیوە ئەم گەلە باسی چی دەکەن و دەڵێن: ”ئەو دوو خێڵەی یەزدان هەڵیبژاردن، ڕەتی کردنەوە.“ ئینجا سووکایەتییان بە گەلەکەم کرد، وەک ئەوەی ئیتر نەتەوە نەبێت لەبەردەمیان.

[25] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر پەیمانی خۆمم لەگەڵ ڕۆژ و شەو و فەرزەکانی ئاسمان و زەوی نەبەست،

[26] ئەوسا نەوەی یاقوب و داودی بەندەم ڕەت دەکەمەوە و لە نەوەکەی ئەو فەرمانڕەوایان بەسەر نەوەی ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبەوە دانانێم، چونکە من ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە و بەزەییم پێیاندا دێتەوە.“»

یەرمیا — Chapters