[1] لە سەرەتای پاشایەتی سدقیای کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەم پەیامە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:
[2] یەزدان ئەمەی بە من فەرموو: «گوریس و دار ببە و بۆ خۆت نیرێکی لێ دروستبکە و بیخە سەر ملت.
[3] ئینجا پەیامێک بنێرە بۆ پاشاکانی ئەدۆم و مۆئاب و عەمۆن و سور و سەیدا، بەدەستی ئەو پەیامبەرانەی بۆ ئۆرشەلیم هاتوون بۆ لای سدقیای پاشای یەهودا.
[4] ڕایانبسپێرە بە گەورەکانیان بڵێن: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ’ئەمە بە گەورەکانتان بڵێن:
[5] من بە توانای مەزنی خۆم و بە دەستی بەهێزم زەویم دروستکردووە، هەروەها مرۆڤ و ئاژەڵیش کە لەسەرین، ئەوەی بمەوێ دەیدەمێ.
[6] ئێستاش من هەموو ئەم خاکانە دەدەمە دەستی خزمەتکارەکەم، نەبوخودنەسری پاشای بابل، هەروەها ئاژەڵە کێوییەکانیشی دەدەمێ تاکو خزمەتی بکەن.
[7] هەموو نەتەوەکانیش خزمەتی خۆی و کوڕ و نەوەکەی دەکەن، هەتا کاتی خاکەکەی ئەویش دێت، جا زۆر لە نەتەوەکان و پاشا مەزنەکان دەیخەنە ژێردەستی خۆیان.‘
[8] «”یەزدان دەفەرموێت: ’هەر نەتەوەیەک و شانشینێک خزمەتی نەبوخودنەسری پاشای بابل نەکات و مل نەخاتە ژێر نیری پاشای بابلەوە، بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد سزای ئەو نەتەوەیە دەدەم، هەتا بە دەستی ئەو لەناویان دەبەم.
[9] ئێوەش گوێ مەگرن لە پێغەمبەر و فاڵگرەوە و خەونبین و بەخت خوێنەر و جادووگەرەکانتان، ئەوانەی پێتان دەڵێن: (خزمەتی پاشای بابل ناکەن.)
[10] چونکە ئەوان بە درۆ پێشبینیتان بۆ دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دوورخستنەوەتان، جا دەرتاندەکەم و لەناودەچن.
[11] بەڵام ئەگەر هەر نەتەوەیەک ملی بخاتە ژێر نیری پاشای بابل و خزمەتی بکات، من لە خاکی خۆیدا دەیهێڵمەوە، جا دەیکێڵێت و تێیدا نیشتەجێ دەبێت.‘ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»
[12] هەمان پەیامم بە سدقیای پاشای یەهوداش ڕاگەیاند : «ملتان بخەنە ژێر نیری پاشای بابل و خزمەتی خۆی و گەلەکەی بکەن، ئینجا ئێوە دەژین.
[13] بۆچی خۆت و گەلەکەت بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناوبچن، وەک ئەوەی یەزدان سەبارەت بەو گەلە فەرمووی کە خزمەتی پاشای بابل نەکات؟
[14] گوێ لە پەیامی ئەو پێغەمبەرانە مەگرن کە پێتان دەڵێن: ”خزمەتی پاشای بابل ناکەن،“ چونکە ئەوان بە درۆ پێشبینیتان بۆ دەکەن.
[15] ”من نەمناردوون، ئەوان بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن، لەبەر ئەوە دەرتاندەکەم و لەناودەچن، خۆتان و ئەو پێغەمبەرانەش کە پێشبینیتان بۆ دەکەن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[16] بە کاهینەکان و بە هەموو ئەم گەلەشم گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: گوێ لە قسەی پێغەمبەرەکانتان مەگرن، ئەوانەی پێشبینیتان بۆ دەکەن و دەڵێن: ”ئەوەتا قاپوقاچاغەکانی ماڵی یەزدان بەم زووانە لە بابلەوە دەگەڕێنرێنەوە.“ ئەوان بە درۆ پێشبینیتان بۆ دەکەن.
[17] گوێیان لێ مەگرن. خزمەتی پاشای بابل بکەن، ئینجا ئێوە دەژین. بۆچی ئەم شارە وێران بێت؟
[18] ئەگەر ئەمانە پێغەمبەرن و فەرمایشتی یەزدانیان لەلایە، کەواتە با بۆمان لە یەزدانی سوپاسالار بپاڕێنەوە، بۆ ئەوەی ئەو قاپوقاچاغەی ماوەتەوە لە ماڵی یەزدان و لە کۆشکی پاشای یەهودا و لە ئۆرشەلیم نەبردرێنە بابل،
[19] چونکە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت سەبارەت بە کۆڵەکەکان و حەوزە بڕۆنزییەکە و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە و پاشماوەی ئەو قاپوقاچاغانەی کە لەم شارەدا ماونەتەوە،
[20] ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل نەیبردن، کاتێک یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودای لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچ کرد، لەگەڵ هەموو پیاوماقوڵانی یەهودا و ئۆرشەلیم.
[21] بەڵێ، یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت سەبارەت بەو قاپوقاچاغەی مابووەوە، لە ماڵی یەزدان و لە کۆشکی پاشای یەهودا و لە ئۆرشەلیم:
[22] ”بۆ بابل دەبردرێن و لەوێ دەمێننەوە هەتا ئەو ڕۆژەی بەدوایاندا دەنێرم، جا دەیانهێنمەوە و دەیانگەڕێنمەوە ئەم شوێنە.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.