Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:22

[1] ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:

[2] «هەستە و بەرەو خوارەوە بڕۆ بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، لەوێ پەیامی خۆمت پێ ڕادەگەیەنم.»

[3] منیش بەرەو خوارەوە چووم بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، بینیم لەسەر چەرخەکە کار دەکات.

[4] بەڵام ئەو دەفرەی گۆزەکەرەکە لە گڵ دروستی دەکرد، تێکچوو، جا دووبارە کردییەوە بە دەفرێکی دیکە، بەو شێوەیەی گۆزەکەرەکە پێی باش بوو.

[5] ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:

[6] «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا من ناتوانم وەک ئەم گۆزەکەرەتان لەگەڵ بکەم؟ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە لەناو دەستی منن هەروەک گڵ لەناو دەستی گۆزەکەر.

[7] ئەگەر هەر کاتێک لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی ڕیشەکێشکردن و بەزەوی دادان و لەناوبردنم کردبێت،

[8] ئەو نەتەوەیەی کە لەبارەیەوە دواوم، لە خراپەکەی تۆبە دەکات، ئینجا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو بەڵایەی بەتەمابووم تووشی بکەم.

[9] ئەگەر هەر کاتێکیش لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی بنیادنان و چاندن بکەم،

[10] بەڵام لەبەرچاوم خراپە بکات و گوێڕایەڵی من نەبێت، ئەوا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو چاکەیەی کە فەرمووم بۆی بکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[11] «ئێستاش بە پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداربن! من بەڵایەکتان بۆ ئامادە دەکەم و پیلانێک لە دژی ئێوە دادەڕێژم. جا لەبەر ئەوە بگەڕێنەوە، هەرکەسە و لە ڕێگا خراپەکانی، ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاک بکەنەوە.“

[12] بەڵام گوتیان: ”بێ سوودە، چونکە ئێمە دوای بیروڕای خۆمان دەکەوین، هەریەکەمان بەپێی کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی دەکات.“»

[13] لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «لەنێو نەتەوەکان بپرسن: کێ وەک ئەمەی بیستووە؟ بێ تامترین خراپە ئیسرائیلی پاکیزە کردوویەتی.

[14] ئایا بەفری لوبنان لە لووتکە بەردینەکانی دەبڕێتەوە؟ ئایا ئاوی سازگاری لەبەرڕۆیشتووی وشک دەبێت؟

[15] بەڵام گەلەکەم منی لەیاد کردووە، بخووری بۆ بتی پووچ سووتاندووە، کۆسپ و تەگەرەیان خستە بەردەم ڕێگاکانیان و ڕێچکە کۆنەکان، تاکو بە لاڕێکان و ڕێگا خۆش نەکراوەکاندا بڕۆن.

[16] بۆ ئەوەی خاکەکەیان وێران بێت، بۆ هەتاهەتایە ببێتە جێگای تانە و تەشەر، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام بێت و سەر بلەقێنێت.

[17] وەک بای ڕۆژهەڵات لەبەردەم دوژمن پەرتیان دەکەم، لە ڕۆژی کارەساتیان پشتیان تێدەکەم، نەک ڕوو.»

[18] ئینجا ناحەزانم گوتیان: «وەرن، با پیلانێک لە یەرمیا بگێڕین، چونکە فێرکردن لە کاهین و ڕاوێژ لە دانا و پەیام لە پێغەمبەر نابڕێتەوە. وەرن با بە زمانمان لێی بدەین و گوێ لە هیچ وشەیەکی نەگرین.»

[19] ئەی یەزدان، گوێم لێ بگرە، گوێ لە دەنگی ناحەزانم بگرە.

[20] ئایا پاداشتی چاکە بە خراپە دەدرێتەوە؟ بەڵام چاڵێکیان بۆم هەڵکەندووە. بەبیرت بێتەوە وەستانم لەبەردەمت، بۆ ئەوەی لە پێناوی ئەوان بپاڕێمەوە، تاکو تووڕەییت لێیان بگێڕمەوە.

[21] لەبەر ئەوە کوڕەکانیان بدە دەست قاتوقڕی، بیاندە دەست شمشێر، با ژنەکانیان جەرگسووتاو و بێوەژن بن، پیاوەکانیشیان بمرن، گەنجەکانیان لە جەنگ بە شمشێر بکوژرێن.

[22] با هاوار لە ماڵەکانیانەوە ببیسترێت، کاتێک لەپڕ چەتەیان بەسەردا دەدەیت، چونکە چاڵیان هەڵکەند بۆ گرتنم، تەڵەیان بۆ پێم نایەوە.

[23] بەڵام ئەی یەزدان، تۆ لە هەموو تەگبیرەکانیان بۆ کوشتنی من ئاگاداربووی. لە تاوانیان خۆش مەبە و گوناهەکەیان لەبەرچاوت مەسڕەوە. با لەبەردەمت تێکبشکێن، لە کاتی تووڕەبوونت سزایان بدە.

یەرمیا — Chapters