Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:03

[1] یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەڕایتەوە، بگەڕێوە لای من. ئەگەر بتە قێزەونەکانت لەبەردەمم لابدەی، گومڕا نابیت،

[2] ئەگەر بە ڕاستی و دادپەروەری و ڕاستودروستییەوە سوێند بخۆیت: ”بە یەزدانی زیندوو،“ ئەوسا نەتەوەکان بەو بەرەکەتدار دەبن و شانازی بەوەوە دەکەن.»

[3] یەزدان ئەمە بە پیاوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەفەرموێت: «زەوی بەیارتان بکێڵن و لەناو دڕکوداڵدا مەچێنن.

[4] ئەی پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، خۆتان بۆ یەزدان خەتەنە بکەن، دڵتان خەتەنە بکەن، نەوەک تووڕەییم بجۆشێت و وەک ئاگر بسووتێنێت، لەبەر خراپی کردەوەکانتان، بسووتێنێت و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.»

[5] «لە یەهودا ڕایبگەیەنن، لە ئۆرشەلیم دەنگتان ببیسترێت، بڵێن: ”لە خاکەکە فوو بە کەڕەنادا بکەن!“ بە دەنگی بەرز بانگەواز بکەن و بڵێن: ”کۆببنەوە! با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان!“

[6] ئاڵا بەرز بکەنەوە بۆ چوونە سییۆن! خۆتان بدەنە پەنا! ڕامەوەستن! چونکە من لە باکوورەوە بەڵا دەهێنم، تێکشکانێکی گەورە.»

[7] شێر لە لانەکەیەوە هاتە دەرەوە، تێکشکێنەری نەتەوەکان بەڕێکەوت. لە شوێنەکەی خۆی هاتە دەرەوە بۆ ئەوەی خاکەکەت وێران بکات. شارۆچکەکانت کاول دەبن بێ ئاوەدانی دەبن.

[8] لەبەر ئەمە جلوبەرگی گوش لەبەر بکەن، لە خۆتان بدەن و واوەیلا بکەن، چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان هێشتا دانەمرکاوەتەوە.

[9] یەزدان دەفەرموێت: «جا ئەوە دەبێت لەو ڕۆژەدا، پاشا و پیاوە گەورەکان جەرگبڕاو دەبن، کاهینەکان دەحەپەسێن و پێغەمبەرەکان واقیان وڕدەمێنێت.»

[10] جا گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، بێگومان ئەم گەلە و ئۆرشەلیمت بە تەواوی فریودا، فەرمووت: ”ئاشتیتان بۆ دەبێت،“ کەچی شمشێر گەیشتە گیانمان.»

[11] لەو کاتەدا بەم گەلە و بە ئۆرشەلیم دەگوترێت: «بای سووتێنەر لە گردۆڵکەکانی چۆڵەوانییەوە بەرەو گەلەکەم هەڵدەکات، نە بۆ شەن و نە بۆ جیاکردنەوە،

[12] بایەکی لەوە بەگوڕترە، لە منەوە دێت. ئێستاش من حوکمی خۆم بەسەریاندا ڕادەگەیەنم.»

[13] تەماشا بکەن! وەک هەورەکان سەردەکەوێت، گالیسکەکانی وەک گەردەلوولە، ئەسپەکانی لە هەڵۆ تیژڕەوترن. قوڕبەسەرمان، وێران کراین!

[14] ئەی ئۆرشەلیم، دڵت لە خراپە بشۆوە بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت. هەتا کەی بیروڕا خراپەکانت لەناوەڕاستت دەمێنێتەوە؟

[15] دەنگێک لە دانەوە ڕادەگەیەنێت، کارەسات لە شاخەکانی ئەفرایمەوە دەبیسترێت.

[16] «نەتەوەکان ئاگادار بکەنەوە، با خەڵکی ئۆرشەلیم بیبیستن: ”ئابڵوقەدەران لە خاکێکی دوورەوە دێن، بەسەر شارەکانی یەهودا دەنگیان بەرز دەکەنەوە.

[17] لە چواردەوری وەک پاسەوانانی کێڵگەیان لێهاتووە، چونکە لە من یاخی بوون.“» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[18] «ڕەفتار و کردەوەکانت ئەمەیان پێکردیت، ئەمە سزاکەتە، چەند تاڵە! چونکە گەیشتە دڵت.»

[19] ئەی ئازارم، ئەی ئازارم! من لەتاو ئێشم دەتوێمەوە. دڵم ژان دەکات! دڵەکوتێمە، بێدەنگ نابم، چونکە گوێم لە دەنگی کەڕەنا و نەعرەتەی جەنگ بوو.

[20] کارەسات لەدوای کارەسات دێت، هەموو خاکەکە وێران بوو. لەپڕ خێوەتەکانم وێران بوون، لە چرکەیەکدا پەناگاکانم.

[21] هەتا کەی ئاڵای جەنگ دەبینم و گوێم لە دەنگی کەڕەنا دەبێت؟

[22] «گەلەکەم گێلە و من ناناسێت. ئەوان کوڕی دەبەنگن، ئەوان تێنەگەیشتوون، ئەوان دانان بۆ کاری خراپە، بەڵام نازانن چۆن چاکە بکەن.»

[23] تەماشای زەویم کرد، بێ شێوە و بەتاڵ بوو، بەرەو ئاسمانیش، ڕووناکییەکەی نەمابوو.

[24] تەماشای چیاکانم کرد دەهەژان، هەموو گردەکانیش لەق بوون.

[25] تەماشام کرد، هیچ کەسێک دیار نەبوو، باڵندەکانی ئاسمانیش هەموو هەڵاتوون،

[26] تەماشام کرد، باخەکان چۆڵەوانین و هەموو شارۆچکەکانی کاول بوون لەبەردەم یەزدان، لە ڕووی گڕی تووڕەییەکەی.

[27] سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت: «هەموو زەوی وێران دەبێت، بەڵام بە تەواوی کۆتایی پێ ناهێنم.

[28] لەبەر ئەمە زەوی شیوەن دەگێڕێت، ئاسمانیش لە سەرەوە تاریک دادێت، لەبەر ئەوەی من قسەم کرد و پاشگەز نەبوومەوە، بڕیارم دا و بڕیارەکەم ناگۆڕم.»

[29] لە دەنگی سوار و تیرهاوێژ هەموو شارۆچکەکان ڕایانکرد. هەندێک چوونە ناو دارستانەکان، هەندێک سەرکەوتنە سەر بەردەکان. هەموو شارۆچکەکان بەجێهێڵراون، هیچ کەسێک تێیاندا نیشتەجێ نییە.

[30] تۆش ئەی نەتەوە وێرانەکە، چی دەکەیت؟ بۆچی بەرگی ئاڵ لەبەر دەکەیت و خشڵی زێڕ بە خۆتەوە دەکەیت؟ بۆچی بە کل چاوەکانت ڕەش دەکەیت؟ بێهوودە خۆت جوان دەکەیت، لەبەرچاوی ئەوینداران کەوتووی، ئەوان داوای گیانت دەکەن.

[31] هاوارێکم بیست وەک هاواری ژنێکی ژانگرتوو بوو، لە ناخۆشیدا وەک یەکەم منداڵی بێت. دەنگی سییۆنی کچ هەنسک دەدات، دەست پان دەکاتەوە، دەڵێت: «وەی لە من! دەبوورێمەوە، گیانم لەبەر بکوژان دەردەچێت!»

یەرمیا — Chapters