Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:32

[1] ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:

[2] «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”هەموو ئەو وشانەی کە پێم فەرموویت، لە پەڕتووکێکدا بیاننووسە.“

[3] یەزدان دەفەرموێت: ”سەردەمێک دێت، ئیسرائیل و یەهودای گەلەکەم لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنمەوە، دەیانهێنمەوە ئەو خاکەی بە باوباپیرانی ئەوانم دابوو، بۆ ئەوەی خاوەنداریێتی بکەن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[4] ئەمانەش ئەو وشانەن کە یەزدان سەبارەت بە ئیسرائیل و یەهودا فەرمووی:

[5] «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”هاواری ترسمان بیست، تۆقین نەک ئاشتی.

[6] بپرسن و ببینن: ئایا نێر سکی دەبێت؟ ئەی بۆچی هەر پیاوێک دەبینم وەک ژنی ژانگرتوو دەستی بە کەمەرییەوەیە و هەموو ڕووشی زەرد هەڵگەڕاوە؟

[7] ئای! لەو ڕۆژە سامناکە! ڕۆژی ئاوا نابێت. ئەمە کاتی تەنگانەیە بۆ یاقوب، بەڵام لێی ڕزگار دەبێت.“

[8] «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت، ”لەو ڕۆژەدا، ئەو نیرە دەشکێنم کە لە ملیانە، پێبەندیان دەپسێنم و چیتر بێگانە نایانکەن بە کۆیلە.

[9] بەڵکو یەزدانی پەروەردگاریان دەپەرستن و خزمەتی داودی پاشایان دەکەن، ئەوەی کە بۆیان دایدەنێم.“»

[10] یەزدان دەفەرموێت: «”ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە، ئەی ئیسرائیل، مەتۆقە. بە دڵنیاییەوە من لەم شوێنە دوورە ڕزگارت دەکەم، نەوەکەشت لەو خاکەوەی بۆی ڕاپێچ کراوە. یاقوب دەگەڕێتەوە و ئاسوودە دەبێت، دڵنیا دەبێت و کەس نایتۆقێنێت.

[11] من لەگەڵتدام و ڕزگارت دەکەم.“ یەزدان دەفەرموێت: ”ئەگەر کۆتایی بە هەموو ئەو نەتەوانە بهێنم کە لەنێویاندا پەرتەوازەم کردیت، کۆتایی بە تۆ ناهێنم. تەمبێت دەکەم، بەڵام بە دادپەروەری، بێ سزا بەڕەڵات ناکەم.“

[12] «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”شکاوییەکەت بێ چارەیە، برینەکەت سەختە.

[13] کەس نییە داکۆکی لە کێشەی تۆ بکات، دەرمان نییە بۆ برینەکەی تۆ، تۆ چاک نابیتەوە.

[14] هەموو هاوپەیمانەکانت لەبیریان کردوویت، هیچ گرنگی بە تۆ نادەن. وەک لێدان لە دوژمن لە تۆم دا، بە سەختی تەمبێم کردی لەسەر زۆری تاوانەکانت، لەسەر گەورەیی گوناهەکانت.

[15] بۆچی لەبەر شکانەکەت هاوار دەکەیت، لەبەر ئازارەکەت کە ناشکێت؟ لەسەر زۆری تاوانەکانت و گەورەیی گوناهەکانت، منیش ئەمەم پێکردیت.

[16] «”بەڵام هەموو ئەوانەی تۆیان خوارد دەخورێن، هەموو دوژمنەکانت ڕاپێچ دەکرێن. ڕاووڕووتکەرانت ڕاووڕووت دەکرێن و هەموو تاڵانکەرانت دەکەم بە تاڵانی.

[17] بەڵام تەندروستیت دەگەڕێنمەوە، برینەکانت چاک دەکەمەوە، چونکە ناویان لێنایت دوورخراوەکە، سییۆن، ئەوەی کەس گرنگی پێ نادات.“ q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[18] «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”من ڕاپێچکراوانی چادرەکانی یاقوب دەگەڕێنمەوە، بەزەییم بە نشینگەکانی دێتەوە. شار لەسەر گردەکەی خۆی بنیاد دەنرێتەوە، کۆشک لە شوێنی خۆی بنیاد دەنرێتەوە.

[19] دەنگی گۆرانی سوپاسگوزاری و بەزمیان لێ بەرز دەبێتەوە. ژمارەیان زۆر دەکەم و کەم نابن، ڕێزیان لێ دەنێم و بچووک نابن.

[20] کوڕەکانی وەک جاری جاران دەبن، کۆمەڵەکەی لەبەردەمم دەچەسپێت، سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە ستەمی لێ دەکەن.

[21] میرەکەیان یەکێک دەبێت لەنێو خۆیان، فەرمانڕەواکەیان لە خۆیان هەڵدەکەوێت. لە خۆمی نزیک دەکەمەوە و لێم نزیک دەبێتەوە، چونکە کەس ناوێرێت بەبێ ویستی من لێم نزیک بێتەوە.“» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[22] «”ئێوە دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئێوە.“»

[23] ئەوەتا گەردەلوولی یەزدان تووڕەییە هەڵدەچێت، گەردەلوولێکی ڕاماڵە، لەسەر سەری بەدکاران هەڵدەکات.

[24] گڕی تووڕەیی یەزدان دانامرکێتەوە هەتا نیازەکانی دڵی خۆی بە تەواوی بەجێنەگەیەنێت. لە ڕۆژانی داهاتوودا لەمە تێ دەگەن.

یەرمیا — Chapters