[1] ئەوە بوو لە هەمان ساڵ، لە مانگی پێنجی ساڵی چوارەمی سەرەتای پاشایەتی سدقیای پاشای یەهودا، حەنەنیای پێغەمبەر کوڕی عازوور کە خەڵکی گبعۆنە، لە ماڵی یەزدان لەبەرچاوی کاهینەکان و هەموو گەل پێی گوتم:
[2] «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”نیری پاشای بابل دەشکێنم.
[3] لە ماوەی دوو ساڵدا من هەموو قاپوقاچاغەکانی ماڵی یەزدان دەگەڕێنمەوە، ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لەم شوێنەوە بردییە بابل.
[4] یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا دەگەڕێنمەوە ئەم شوێنە، هەروەها هەموو ئەوانەش کە لەگەڵی بۆ بابل ڕاپێچ کرابوون، چونکە نیری پاشای بابل دەشکێنم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.»
[5] یەرمیای پێغەمبەریش لەبەردەمی کاهینەکان و هەموو گەل ئەوانەی لە ماڵی یەزدان وەستابوون وەڵامی حەنەنیای پێغەمبەری دایەوە،
[6] گوتی: «ئامین! با یەزدان ئاوا بکات! با یەزدان قسەکانت بهێنێتە دی کە پێشبینیت کرد، قاپوقاچاغەکەی ماڵی یەزدان و هەموو ئەو کەسانەی ڕاپێچ کرابوون لە بابلەوە بگەڕێنێتەوە بۆ ئێرە.
[7] بەڵام گوێ لەم قسەیە بگرە کە من بە تۆ و بە هەموو گەلی دەڵێم:
[8] لە کۆنەوە، لەپێش من و تۆوە پێغەمبەران سەبارەت بە زۆر گەلان و پاشایەتییە گەورەکان پێشبینی جەنگ و بەڵا و دەردیان کردووە.
[9] بەڵام ئەو پێغەمبەرەی پێشبینی ئاشتی بکات، بە هاتنە دی پێشبینییەکەی، دەزانرێت کە بەڕاستی یەزدان ئەو پێغەمبەرەی ناردووە.»
[10] حەنەنیای پێغەمبەریش نیرەکەی لەسەر ملی یەرمیا هەڵگرت و شکاندی.
[11] حەنەنیا لەبەردەمی هەموو گەل گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لە ماوەی دوو ساڵدا، ئاوا نیری نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ملی هەموو نەتەوەکان دەشکێنم.“» یەرمیای پێغەمبەریش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.
[12] دوای ئەوەی حەنەنیای پێغەمبەر نیرەکەی سەر ملی یەرمیای شکاند، فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:
[13] «بڕۆ و بە حەنەنیا بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: تۆ نیرێکی دارینت شکاند، بەڵام تۆ لەجێی ئەوە نیرێکی ئاسنینت دەخرێتە سەر،
[14] چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: نیری ئاسنین دەخەمە سەر ملی هەموو ئەم نەتەوانە بۆ ئەوەی خزمەتی نەبوخودنەسری پاشای بابل بکەن، دەبنە کۆیلەی ئەو. تەنانەت دەسەڵاتم بەسەر ئاژەڵە کێوییەکانیش داوەتێ.“»
[15] ئینجا یەرمیا پێغەمبەر بە حەنەنیا پێغەمبەری گوت: «حەنەنیا گوێ بگرە! یەزدان تۆی نەناردووە، تۆش وات کردووە ئەم گەلە پشت بە درۆ ببەستێت.
[16] لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”خەریکم لەسەر ڕووی زەوی دەرتدەکەم، تۆ ئەم ساڵ دەمریت، چونکە تۆ جاڕی یاخیبوونت دا لە دژی یەزدان.“»
[17] جا حەنەنیای پێغەمبەر لە مانگی حەوتی ئەو ساڵەدا مرد.