Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:51

[1] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دابەزە بۆ کۆشکی پاشای یەهودا و لەوێ ئەو پەیامە ڕابگەیەنە،

[2] بڵێ: ”ئەی پاشای یەهودا، ئەوەی لەسەر تەختی داود دانیشتووی، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە؛ تۆ و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە.

[3] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ’ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن. تاڵانکراو لە دەستی زۆردار دەرباز بکەن. نامۆ و هەتیو و بێوەژن مەچەوسێننەوە، ستەم مەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان مەڕێژن.‘

[4] چونکە ئەگەر بە گرنگییەوە ئەم فەرمانە پەیڕەو بکەن، ئەوا ئەو پاشایانەی لەسەر تەختی داود دانیشتوون لە دەروازەکانی ئەم کۆشکەوە دێنە ژوورەوە، بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە لەگەڵ خزمەتکاران و گەلەکەی.

[5] بەڵام ئەگەر گوێ لەم فەرمانە نەگرن، سوێند بە گیانی خۆم دەخۆم، کە ئەم کۆشکە وێران دەبێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[6] یەزدان سەبارەت بە کۆشکی پاشای یەهودا ئەمەش دەفەرموێت: «هەرچەندە تۆ بۆ من وەک گلعادی، وەک لووتکەی لوبنانی، بەڵام وەک چۆڵەوانیت لێ دەکەم، وەک شاری بێ دانیشتووان.

[7] تێکدەرانت بۆ تەرخان دەکەم، هەریەکە و بە ئامێرەکەیەوە، جا باشترین داری ئورزت دەبڕنەوە و فڕێیدەدەنە ناو ئاگرەوە.

[8] «خەڵکی زۆر نەتەوە بە کەناری ئەم شارەدا تێدەپەڕن و لە یەکتری دەپرسن: ”لەسەر چی یەزدان وای لەم شارە گەورەیە کرد؟“

[9] جا دەڵێن: ”لەسەر ئەوەی وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و خوداوەندەکانی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ بردن.“»

[10] بۆ پاشا مردووەکە مەگریێن و شینی بۆ مەگێڕن، بەڵکو بەکوڵ بگریێن بۆ ئەوەی بە دیل دەبردرێت، چونکە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو خاکە ببینێت کە لێی لەدایک بووە.

[11] چونکە سەبارەت بە شەلومی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەوەی لە جێی باوکی بوو بە پاشا، ئەوەی لەم شوێنە ڕۆیشت، یەزدان دەفەرموێت: «جارێکی دیکە ناگەڕێیتەوە ئێرە،

[12] بەڵکو لەو شوێنەی ڕاپێچیان کردووە بۆی هەر لەوێ دەمرێت، جارێکی دیکە ئەم خاکە نابینێتەوە.»

[13] «قوڕبەسەر ئەوەی کۆشکەکەی بە ناڕەوایی بنیاد دەنێت و ژوورەکانی سەرەوەشی بە ستەمکاری، ئەوەی بە بەبێ کرێ کار بە هاوڵاتییان دەکات، هەقی ماندووبوونەکەیان ناداتێ.

[14] دەڵێت: ”کۆشکێکی فراوان بۆ خۆم بنیاد دەنێم، ژوورەکانی سەرەوەی پانوبەرین.“ پەنجەرەی گەورەی بۆ دەکاتەوە، دیوارەکانی بە تەختەی دار ئورز دادەپۆشێت، بە ڕەنگی سوور بۆیاخی دەکات.

[15] «ئایا ئەوە دەتکاتە پاشا، کە دار ئورزی زۆرت هەبێت؟ ئایا باوکت نەیخوارد و نەیخواردەوە؟ ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو کرد، جا سەرکەوتوو بوو.

[16] بە تەواوی پاڵپشتی لە مافی هەژار و نەدار کرد، جا سەرکەوتوو بوو. ئایا ئەمە واتای ئەوە نییە من دەناسێت؟» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[17] «بەڵام چاو و دڵی تۆ تەنها لەسەر دەستکەوتی ناڕەوایە، لەسەر ڕشتنی خوێنی بێتاوانە، لەسەر ستەم و دەستدرێژییە.»

[18] لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهوداوە ئەمە دەفەرموێت: «بۆی نالاوێننەوە، ”براڕۆ! خوشکەڕۆ!“ بۆی نالاوێننەوە، ”گەورەڕۆ! شکۆی ڕۆ!“

[19] بەڵکو وەک گوێدرێژ دەنێژرێت، ڕادەکێشرێت و فڕێدەدرێت دوور لە دەروازەکانی ئۆرشەلیم.»

[20] «ئەی ئۆرشەلیم، بڕۆ سەر لوبنان و هاوار بکە، با لە باشان دەنگت ببیسترێت، لە عەڤاریمەوە هاوار بکە، چونکە هەموو هاوپەیمانەکانت وردوخاش کران.

[21] لە ئاسوودەییت ئاگادارم کردیتەوە، بەڵام گوتت: ”گوێ ناگرم.“ لە گەنجییەوە لەمە لێڕاهاتوویت، کە گوێڕایەڵی من نابیت.

[22] هەموو شوانەکانت با بەڕێوەیان دەبات و هاوپەیمانەکانت ڕاپێچ دەکرێن، ئەوسا ڕیسوا و شەرمەزار دەبیت لەبەر هەموو خراپەکانت.

[23] ئەی نیشتەجێی ”لوبنان“ ، ئەی ئەوەی لەناو دار ئورزەکان هێلانەت کردووە، چەند دەناڵێنیت کە ژان دەتگرێت، وەک ژنێک کە منداڵی دەبێت!»

[24] یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، ئەی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا، تەنانەت ئەگەر ئەنگوستیلەیەک بیت لە دەستی ڕاستم، لە پەنجەی خۆمت دەکەمەوە و

[25] دەتدەمە دەستی ئەوانەی دەیانەوێ لەناوت ببەن، دەستی ئەوانەی تۆ لێیان دەترسیت، نەبوخودنەسری پاشای بابل و بابلییەکان.

[26] خۆت و دایکت، ئەوەی تۆی بووە فڕێتاندەدەمە سەر خاکێکی دیکە، کە لەوێ لەدایک نەبوونە، جا لەوێ دەمرن.

[27] هەرگیز ناگەڕێنەوە ئەو خاکەی بۆی پەرۆشن.»

[28] ئایا ئەم پیاوە، یەهۆیاکین، قاپێکی ڕیسوا و شکاوە؟ ئایا شتێکە کەس نایەوێت؟ بۆچی خۆی و نەوەکانی فڕێدران، تێهەڵدرانە خاکێک کە نایناسن؟

[29] ئەی خاک! ئەی خاک! ئەی خاک! گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە!

[30] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەم پیاوە بە وەجاخکوێر بنووسن، پیاوێک کە لە ماوەی ژیانی خۆی سەرکەوتوو نابێت، کەس لە نەوەی ئەو سەرکەوتوو نابێت، کەسیان لەسەر تەختی داود دانانیشن و جارێکی دیکە فەرمانڕەوایەتی یەهودا ناکەن.»

یەرمیا — Chapters