Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 12:10

[1] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من ڕۆحی لەناوبەر دەوروژێنم لە دژی بابل و دانیشتووانی لێڤ قامای .

[2] بێگانەکان دەنێرمە بابل بۆ شەنکردنیان و ڕووتکردنەوەی خاکەکەی، لە هەموو لایەکەوە دەوری دەدەن لە ڕۆژی بەڵای ئەودا.

[3] ڕێ مەدە تیرهاوێژ ژێی کەوانەکەی ڕابکێشێت، ڕێ مەدە سەرباز زرێیەکەی بپۆشێت. دەستتان لە گەنجەکانی مەپارێزن، بەڵکو سوپاکەی بە تەواوی لەناوببەن .

[4] کوژراوان لە بابل دەکەون، بریندارەکان بە سەختی لە شەقامەکانی.

[5] چونکە ئیسرائیل و یەهودا بەجێنەهێڵدراون لەلایەن خودایانەوە، لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە، هەرچەندە خاکی بابلییەکان پڕ لە تاوانە لە دژی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.

[6] «لە بابلەوە هەڵێن! هەرکەسە با خۆی دەرباز بکات! بە تاوانی ئەو لەناونەچن، چونکە کاتی تۆڵەسەندنەوەیە بۆ یەزدان، ئەو سزای شایستەی دەدات.

[7] بابل جامێکی زێڕ بوو بە دەستی یەزدانەوە، هەموو زەوی سەرخۆش کرد. نەتەوەکان لە شەرابی ئەویان خواردەوە، لەبەر ئەوە نەتەوەکان شێت بوون.

[8] لەپڕ بابل دەکەوێت و وردوخاش دەبێت. واوەیلای بۆ بکەن! هەتووانێک بۆ برینەکەی بهێنن، بەڵکو چاک بێتەوە.

[9] «”بابلمان تیمار کرد، بەڵام ناتوانێت چاک بێتەوە. وازی لێ بهێنن و با هەریەکەمان بچینەوە خاکەکەی خۆمان، چونکە کاتێک حوکمی بەسەردا درا هاواری گەیشتە ئاسمان، هەتا هەورەکان بەرز بووەتەوە.“

[10] «”یەزدان ئەستۆپاکی ئێمەی دەرخست، وەرن با لە سییۆن باسی کردەوەکەی یەزدانی پەروەردگارمان بکەین.“

[11] «تیرەکان تیژ بکەن، قەڵغانەکان هەڵبگرن! یەزدان ڕۆحی پاشایانی مادی وروژاندووە، چونکە پلانی وێرانکردنی بابل دادەنێت. یەزدان تۆڵە دەستێنێتەوە، تۆڵەی پەرستگاکەی.

[12] لە دژی شووراکانی بابل ئاڵا هەڵبکەن! پاسەوانیێتی توند بکەن، چاودێر دابنێن، بۆسە بنێنەوە! خودا مەبەستی خۆی دەهێنێتە دی، بڕیارەکەی لە دژی خەڵکی بابل.

[13] ئەی نیشتەجێی دەم ئاوە زۆرەکان، خاوەن گەنجینەی زۆر، کۆتاییت هات، کاتی لەناوچوونت.»

[14] یەزدانی سوپاسالار بە گیانی خۆی سوێندی خوارد: «بە دڵنیاییەوە پڕت دەکەم لە پیاو، وەک ڕەوە کوللە، هاواری سەرکەوتنت بەسەردا دەکێشن.»

[15] «خودا بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە، بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە، بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە.

[16] کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت، هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە، بروسکە بۆ باران دروستدەکات، با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت.

[17] «هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە، هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی شەرمەزارە، چونکە داڕێژراوی درۆن و ڕۆحیان تێدا نییە.

[18] ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین، لە کاتی سزادانیان لەناودەچن.

[19] بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە، چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە، هۆزی میراتی ئەویشی داناوە، یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە.

[20] «تۆ گورزی منی، چەکەکانی جەنگی منی، بە تۆ نەتەوەکان تێکدەشکێنم، بە تۆ شانشینەکان لەناودەبەم،

[21] بە تۆ ئەسپ و سوارەکەی تێکدەشکێنم، بە تۆ گالیسکە و سوارەکەی تێکدەشکێنم،

[22] بە تۆ ژن و پیاو تێکدەشکێنم، بە تۆ پیر و گەنج تێکدەشکێنم، بە تۆ گەنج و لاو تێکدەشکێنم،

[23] بە تۆ شوان و مێگەلەکەی تێکدەشکێنم، بە تۆ جوتیار و گاجووتەکەی تێکدەشکێنم، بە تۆ پارێزگار و فەرمانڕەواکان تێکدەشکێنم.

[24] «لەبەرچاوی خۆتان سزای بابل و هەموو دانیشتووانی خاکی کلدانییەکان دەدەم بەرامبەر بە هەموو ئەو خراپانەی لە سییۆن کردیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[25] «ئەی کێوی لەناوبەر، ئەوەتا من لە دژی تۆم، تۆ ئەی لەناوبەری هەموو زەوی.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «دەست درێژ دەکەمە سەرت، لەسەر بەردەکان گلۆرت دەکەمەوە، دەتکەمە کێوێکی سووتاو.

[26] ئیتر نە بەردت لێ دەبەن بۆ بەردی قولینچک ، نە هیچ بەردێک بۆ بناغەکان، چونکە بۆ هەتاهەتایە دەبیتە چۆڵەوانی.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[27] «ئاڵا لەسەر خاکەکە بەرز بکەنەوە، لەنێو نەتەوەکان فوو بە کەڕەنادا بکەن. نەتەوەکان لە دژی بابل ئامادە بکەن، ئەم شانشینانە لە دژی ئەو بانگ بکەن: ئارارات و مینی و ئەشکەنەز، ڕابەرێک لە دژی دابنێن، وەک ڕەوە کوللە ئەسپ بنێرن.

[28] نەتەوەکان لە دژی ئەو ئامادە بکەن، پاشاکانی ماد، پارێزگار و هەموو فەرمانڕەواکان و هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتیان.

[29] ئینجا زەوی دەلەرزێت و ژان دەیگرێت، چونکە مەبەستی یەزدان لە بابل دێتە دی، بۆ ئەوەی خاکی بابل وێران بکات، ئیتر ئاوەدانی تێدا نابێت.

[30] پاڵەوانەکانی بابل وازیان لە جەنگ هێنا، لە قەڵاکان دانیشتن. هێزیان لەبەر بڕا، وەک ژنیان لێهات. نشینگەکانیان سووتێنرا، شمشیرەی دەرگاکانیان شکێنرا.

[31] نێردراوێک بەدوای یەکێکی دیکە دەکەوێت و پەیامنێرێک بەدوای پەیامنێرێکی دیکە، بۆ ئەوەی بە پاشای بابل ڕابگەیەنن کە سەرتاسەری شارەکانی گیراون،

[32] ڕووبارەکان دەستیان بەسەردا گیرا، زۆنگاوەکان بە ئاگر سووتێنران، جەنگاوەرەکان تۆقین.»

[33] یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: «شاری بابل وەک جۆخینێکە کاتی گێرەیەتی، پاش کەمێک کاتی بەرهەم دێت.»

[34] «نەبوخودنەسری پاشای بابل ئێمەی خوارد، ئومێدبڕی کردین، ئێمەی کردە گۆزەیەکی بەتاڵ. وەک ئەژدیها هەڵیلووشین، سکی خۆی پڕکرد لە چێژی ئێمە، ئینجا ئێمەی ڕشاندەوە.»

[35] دانیشتووەکەی سییۆن دەڵێن: «ئەو ستەمەی لە ئێمە کرا بەسەر بابل بێت.» ئۆرشەلیم دەڵێت: «خوێنم لە ملی دانیشتووانی خاکی بابلییەکانە.»

[36] لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من داکۆکی لە کێشەکەت دەکەم، تۆڵەی تۆ دەکەمەوە، دەریاکەی وشک دەکەم، کانییەکانی کوێر دەکەمەوە.

[37] بابل دەبێتە تەپۆڵکە و داڵدەی چەقەڵ، پەند و مایەی تانە و تەشەر، شوێنێک ئاوەدانی تێدا نییە.

[38] پێکەوە وەک جوانە شێر دەنەڕێنن، وەک بەچکە شێرەکان دەمڕێنن.

[39] کاتێک گەرم دەبن، داوەتیان دەکەم و سەرخۆشیان دەکەم، بۆ ئەوەی دڵخۆش بن، ئینجا هەتاهەتایە خەویان لێ دەکەوێت و بەئاگا نایەن.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[40] «وەک بەرخ دەیانبەم بۆ سەربڕین وەک بەران و نێری.

[41] «شێشەخ چۆن دەگیرێت، شانازی هەموو زەوی چۆن دەستبەسەر دەکرێت! چۆن وێران بوو، بابل لەنێو نەتەوەکان!

[42] دەریا بەسەر بابلدا هەڵدەچێت، بە هەڵچوونی شەپۆلەکانی دایدەپۆشێت.

[43] شارۆچکەکانی وێران بوون، بوونە بیابان و دەشتی ڕووت، خاکێک کە نە کەس تێیدا نیشتەجێ دەبێت و نە ئادەمیزاد پێیدا تێدەپەڕێت.

[44] لە بابل سزای بێل دەدەم و ئەوەی قووتی داوە لە دەمی دەهێنمە دەرەوە. ئیتر نەتەوەکان بەرەو لای ئەو ڕێچکە ناگرن، هەروەها شووراکانی بابل دەکەوێت.

[45] «ئەی گەلی من لەناویدا وەرنە دەرەوە! هەرکەسێک خۆی لە گڕی تووڕەیی یەزدان دەرباز بکات!

[46] ورە بەرمەدەن و مەترسن، کاتێک هەواڵی ئەو خاکە دەبیستن، هەواڵێک ئەم ساڵ دێت، ئینجا لە ساڵی پاشتر هەواڵێکی دیکە، هەواڵی ستەم لە خاکەکەدا و فەرمانڕەوا لە دژی فەرمانڕەوا.

[47] لەبەر ئەوە بێگومان ڕۆژێک دێت سزای بتەکانی بابل دەدەم، هەموو خاکەکەی شەرمەزار دەبێت و کوژراوەکانی لەناوەڕاستی دەکەون.

[48] ئینجا ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندایە هاواری خۆشی بەسەر بابلدا دەکەن، چونکە لە باکوورەوە بۆی دێن، تەفروتوناکەرەکان.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[49] «دەبێت بابلیش لەبەر کوژراوەکانی ئیسرائیل بڕووخێت، وەک چۆن کوژراوەکانی هەموو زەوی بەهۆی بابلەوە کەوتن.

[50] ئەی دەربازبووان لە شمشێر، بڕۆن و مەوەستن! لە دوورەوە یادی یەزدان بکەنەوە، بیر لە ئۆرشەلیم بکەنەوە.»

[51] «شەرمەزار بووین، چونکە ڕیسوا بووین و شەرم ڕووی داپۆشین، چونکە بێگانەکان هاتنە ناو پیرۆزگاکانی ماڵی یەزدان.»

[52] یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت، بتەکانی سزا دەدەم، لە هەموو خاکەکەیدا بریندارەکان دەناڵێنن.

[53] تەنانەت ئەگەر بابل بگاتە ئاسمانیش، ئەگەر قەڵای خۆشی قاییم بکات، تەفروتوناکەر لە دژی ئەو دەنێرم.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[54] «دەنگی هاوار دێت لە بابل، دەنگی شکستێکی گەورە لە خاکی بابلییەکان.

[55] یەزدان بابل تەفروتونا دەکات، کۆتایی بە دەنگە مەزنەکەی دەهێنێت. شەپۆلی دوژمنەکانیان وەک ئاوێکی زۆر هەڵدەچێت، دەنگیان هاژەی دێت.

[56] تەفروتوناکەر دێتە سەر بابل، پاڵەوانەکانی دەگیرێن، کەوانەکانیان دەشکێنرێت، چونکە یەزدان خودای سزادانە، بە تەواوی سزا دەدات.

[57] میر و دانا و پارێزگار و فەرمانڕەوا و پاڵەوانەکانی سەرخۆش دەکەم، هەتاهەتایە خەویان لێ دەکەوێت و بەئاگا نایەن.» ئەوە فەرمایشتی پاشایە، ناوی یەزدانی سوپاسالارە.

[58] یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «شوورا پانەکانی بابل بە تەواوی دەڕووخێنرێن، دەروازە بەرزەکانیشی بە ئاگر دەسووتێنرێن. گەلان بەخۆڕایی خۆیان ماندوو دەکەن و ڕەنجی نەتەوەکانیش تەنها بۆ ئاگر دەبێت.»

[59] ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەرمیای پێغەمبەر دایە سەرایای کوڕی نێرییا کوڕی مەحسێیا، سەرۆکی ئۆردوگا، کاتێک لە ساڵی چوارەمی پاشایەتییەکەی لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا چوو بۆ بابل.

[60] هەموو ئەوەی لەسەر بابل تۆمار کرابوو، لەگەڵ هەموو ئەو بەڵایەی بەسەری دێت یەرمیا نووسیبووی و کردبووی بە تۆمارێک،

[61] بە سەرایای گوت: «کاتێک گەیشتییە بابل، دڵنیابە لە خوێندنەوەی تەواوی ئەم پەیامە بۆ خەڵکەکە،

[62] ئینجا بڵێ: ”ئەی یەزدان، تۆ فەرمووت ئەم شوێنە لەناودەبەیت، تاکو ئەوەی مرۆڤ و ئاژەڵی تێدا نامێنێت، هەتاهەتایە دەبێتە چۆڵەوانی.“

[63] کاتێک لە خوێندنەوەی ئەم تۆمارە بوویتەوە، بەردێکی پێوە ببەستە و فڕێیبدە ناو فورات.

[64] ئینجا بڵێ: ”بابل ئاوا نوقوم دەبێت و لەژێر ئەو بەڵایە ڕاست نابێتەوە کە من بەسەری دەهێنم، خەڵکەکەی شەکەت دەبن.“» هەتا ئێرە وشەکانی یەرمیایە.

یەرمیا — Chapters