[1] ئینجا نەبوخودنەسری پاشای بابل سدقیا کوڕی یۆشیای لە خاکی یەهودا کردە پاشا، لە جێی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیم.
[2] بەڵام نە خۆی و نە خزمەتکارەکانی و نە گەلی خاکەکە گوێیان لە پەیامەکەی یەزدان نەگرت کە لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە فەرمووی.
[3] جا سدقیای پاشا یەهوخەلی کوڕی شەلەمیاهو و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی بۆ لای یەرمیای پێغەمبەر نارد و گوتی: «تکایە لە پێناوی ئێمە لە یەزدانی پەروەردگارمان بپاڕێوە.»
[4] لەو کاتەدا یەرمیا بە ئازادی هاتوچۆی ناو خەڵکی دەکرد، چونکە هێشتا نەیانخسبووە بەندیخانەوە.
[5] سوپاکەی فیرعەونیش لە میسرەوە بەڕێکەوتبوون، کاتێک ئەو بابلییانەی کە گەمارۆی ئۆرشەلیمیان دابوو هەواڵی ئەوانیان بیست، لە ئۆرشەلیم کشانەوە.
[6] ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیای پێغەمبەر هات، پێی فەرموو:
[7] «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: پاشای یەهودا کە ئێوەی ناردووە بۆ لام تاکو لێم بپرسێت، پێی بڵێن: ”ئەوەتا سوپاکەی فیرعەون کە بۆ یارمەتیتان بەڕێکەوتوون، دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، میسر.
[8] بابلییەکانیش دەگەڕێنەوە و شەڕ لەگەڵ ئەم شارە دەکەن، دەیگرن و بە ئاگر دەیسووتێنن.“
[9] «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: خۆتان مەخەڵەتێنن و بڵێن: ”بابلییەکان بە تەواوی لە کۆڵمان دەبنەوە.“ لە کۆڵتان نابنەوە!
[10] تەنانەت ئەگەر هەموو سوپای بابلییەکانیش ببەزێنن کە لە دژتان دەجەنگن، تەنها چەند پیاوێکی برینداریان لێ بمێنێتەوە، ئەوا هەریەکە لە چادرەکەی خۆیانەوە هەڵدەستنەوە و ئەم شارە بە ئاگر دەسووتێنن.»
[11] دوای ئەوەی سوپای بابلییەکان لە ئۆرشەلیم بەرامبەر بە سوپاکەی فیرعەون کشانەوە،
[12] یەرمیاش دەستبەجێ ئۆرشەلیمی بەجێهێشت بۆ ئەوەی بچێتە خاکی بنیامین، تاکو لەوێ لەنێو گەل بەشی خۆی لە زەوی وەربگرێت.
[13] بەڵام کە گەیشتە ناو دەروازەی بنیامین، سەرکارێکی پاسەوانان لەوێ هەبوو، ناوی یرئیا ی کوڕی شەلەمیاهوی کوڕی حەنەنیا بوو، یەرمیای پێغەمبەری گرت و پێی گوت: «تۆ دەچیتە پاڵ بابلییەکان!»
[14] یەرمیاش گوتی: «درۆیە! من ناچمە پاڵ بابلییەکان.» بەڵام یرئیا گوێی لێ نەگرت، ئینجا یەرمیای گرت و هێنایە لای پیاوە گەورەکان.
[15] پیاوە گەورەکانیش لە یەرمیا تووڕە بوون، لێیاندا و لە ماڵی یۆناتانی خامەی نهێنی بەندیان کرد، چونکە ئەوێیان کردبووە بەندیخانە.
[16] یەرمیایان خستە کونجی زیندانەوە لە بەندیخانەکە، ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە.
[17] ئینجا سدقیا پاشا ناردی و لەوێ دەریانهێنا، پاشا لە ماڵەکەی خۆی بەدزییەوە پرسیاری لێکرد و گوتی: «ئایا هیچ پەیامێک لەلایەن یەزدانەوە هەیە؟» یەرمیاش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ، هەیە. تۆ دەکەویتە دەست پاشای بابلەوە.»
[18] ئینجا یەرمیا بە سدقیا پاشای گوت: «تاوانی من دەرهەق بە تۆ و خزمەتکارەکانت و ئەم گەلە چییە، هەتا بمخەنە بەندیخانەوە؟
[19] ئەی کوا پێغەمبەرەکانتان، ئەوانەی پێشبینییان بۆ کردیت و گوتیان: ”پاشای بابل نایەتە سەر ئێوە و ئەم خاکە“؟
[20] ئێستاش، ئەی پاشای گەورەم، تکایە گوێ بگرە. تکایە با لەبەردەمت بپاڕێمەوە: مەمگەڕێنەوە بۆ ماڵەکەی یۆناتانی خامەی نهێنی، با لەوێ نەمرم.»
[21] سدقیای پاشاش فەرمانی دا کە یەرمیا بخرێتە حەوشەی پاسەوانەکان، ڕۆژانە یەک نانی لە بازاڕی نانەوایانەوە پێبدرێت، هەتا بە تەواوی نان لە شارەکە دەبڕدرێتەوە. یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.