[1] ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیا سەبارەت بە وشکەساڵییەکە:
[2] «یەهودا شیوەن دەگێڕێت و شارەکانی دادەڕزێن، بۆ خاکەکە ماتەم دەگێڕن، هاواری ئۆرشەلیمیش بەرزبووەوە.
[3] گەورەکان خزمەتکارەکانی خۆیان بۆ ئاو نارد، هاتنە سەر ئەمباراوەکان، بەڵام ئاویان نەدۆزییەوە. بە گۆزەی بەتاڵەوە گەڕانەوە، شەرمەزار و ڕیسوا بوون، سەری خۆیان شۆڕکرد.
[4] لەبەر ئەوەی خاکەکە شەقار شەقار بووە، چونکە باران لە زەوییەکە نەباری، جوتیاران شەرمەزاربوون، سەری خۆیان شۆڕکرد.
[5] تەنانەت مامزیش لە کێڵگەدا بەچکەی بوو و وازی لێی هێنا، چونکە گیا نەبوو.
[6] کەرەکێوییەکان لەسەر گردۆڵکەکان ڕاوەستان، وەک چەقەڵ بایان هەڵمژی، چاویان شل بوو، چونکە گیاوگۆڵ نییە.»
[7] لەگەڵ ئەوەی تاوانەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن، ئەی یەزدان، لەبەر خاتری ناوی خۆت شتێک بکە، چونکە هەڵگەڕانەوەکانمان زۆر بوون، دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد.
[8] ئەی هیوای ئیسرائیل، ئەی ڕزگارکەرەکەی کاتی تەنگانە، بۆچی لە خاکەکە وەک نامۆ دەبیت، وەک ڕێبوارێک بۆ تەنها شەوێک بمێنێتەوە؟
[9] بۆچی وەک پیاوێکی حەپەساو دەبیت، وەک پاڵەوانێک توانای ڕزگارکردنی نەبێت؟ ئەی یەزدان، تۆ لەناوەڕاستمانی و ئێمە ناوی تۆ هەڵدەگرین، بەجێمان مەهێڵە!
[10] یەزدان ئاوا بەم گەلە دەفەرموێت: «بەڕاستی حەزیان لە گەڕان کرد، خۆیان لێ نەپاراست. جا یەزدانیش پەسەندی نەکردن، ئێستا تاوانەکانیان بەبیر خۆی دەهێنێتەوە و لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات.»
[11] هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «نوێژ بۆ چاکەی ئەم گەلە مەکە.
[12] هەرچەندە بەڕۆژووش بن گوێ لە هاواریان ناگرم، کاتێک قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە پێشکەش بکەن قبوڵی ناکەم، بەڵکو من بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد کۆتاییان پێ دەهێنم.»
[13] منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوەتا پێغەمبەرەکان پێیان دەڵێن: ”تووشی شمشێر و قاتوقڕی نابن، بەڵکو لەم شوێنەدا ئاشتی چەسپاوتان دەدەمێ.“»
[14] یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئەو پێغەمبەرانە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن. من نەمناردوون و دەستنیشانم نەکردوون و قسەم لەگەڵ نەکردوون. ئەوان بە بینینی درۆ و فاڵگرتنەوە و پڕوپووچی و خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینیتان بۆ دەکەن.»
[15] لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی ئەو پێغەمبەرانەوە دەفەرموێت: «بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن و منیش نەمناردوون، ئەوان دەڵێن: ”شمشێر و قاتوقڕی لەم خاکە نابێت.“ ئەو پێغەمبەرانە خۆیان بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن.
[16] ئەو گەلەش کە ئەوان پێشبینی بۆ دەکەن، لەبەر قاتوقڕی و شمشێر لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم فڕێدەدرێن. کەسیش نییە بیاننێژێت، خۆیان و ژن و کوڕ و کچیان. خراپەی شایستەی خۆیان بەسەر سەریاندا دەڕێژم.»
[17] «ئەم قسەیەیان پێ دەڵێیت: «”با چاوەکانم فرمێسک بڕێژن بە شەو و بە ڕۆژ بەبێ وەستان، چونکە گەلەکەم، کچە پاکیزەکەم، برینێکی ترسناکی هەیە، لێدانێکی جەرگبڕ.
[18] ئەگەر بچمە دەرەوە بۆ کێڵگە، بە شمشێر کوژراوان دەبینم. ئەگەر بێمە ناو شار، نەخۆشەکانی قاتوقڕی دەبینم، چونکە پێغەمبەر و کاهینیش بەناو زەوییەکدا دەگەڕێن و نازانن چی دەکەن.“»
[19] «ئایا بە تەواوی یەهودات ڕەتکردووەتەوە؟ ئایا بێزت لە سییۆن دەبێتەوە؟ بۆچی وا تووشی بەڵات کردین کە چاکبوونەوەمان نەبێت؟ چاوەڕێی ئاشتی بووین، بەڵام چاکە نەهات، هەروەها کاتی چاکبوونەوە، بەڵام ئەوەتا ترس.
[20] ئەی یەزدان، دان دەنێین بە یاخیبوونی خۆمان و تاوانی باوباپیرانمان، گوناهمان دەرهەق بە تۆ کرد.
[21] لە پێناوی ناوی خۆت، ڕەتمان مەکەوە، تەختی شکۆی خۆت ڕیسوا مەکە، پەیمانەکەی خۆت لەگەڵ ئێمە بەبیر بێتەوە، مەیشکێنە.
[22] ئایا لەناو بتە پووچەکانی نەتەوەکان هەیە باران ببارێنێت؟ یان ئایا ئاسمان خۆی ڕەهێڵ دەبارێنێت؟ ئەی تۆ یەزدانی پەروەردگارمان نیت؟ جا هیوامان بە تۆیە، چونکە تۆ ئەوەی کە هەموو ئەمانەت کردووە.»