[1] ئینجا عیسا سواری بەلەمێک بوو، پەڕییەوە و هاتە شارەکەی خۆی .
[2] ئیفلیجێکیان هێنایە لای لەناو جێگا کەوتبوو، کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، ورەت بەرز بێت، گوناهەکانت بەخشران.»
[3] جا هەندێک لە مامۆستایانی تەورات لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کفر دەکات!»
[4] عیساش زانی بیر لە چی دەکەنەوە و فەرمووی: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لە خراپە دەکەنەوە؟
[5] کامیان ئاسانترە بگوترێت، ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت، ”هەستە و بڕۆ؟“
[6] بەڵام تاکو بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی هەیە گوناه ببەخشێت،…» ئینجا بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.»
[7] ئەویش هەستا و گەڕایەوە ماڵ.
[8] کاتێک خەڵکەکە ئەمەیان بینی، سام دایگرتن و ستایشی خودایان کرد، کە دەسەڵاتی ئاوای بە مرۆڤ داوە.
[9] کاتێک عیسا بەوێدا تێپەڕی، پیاوێکی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مەتا بوو. پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت.
[10] لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی مەتا لەسەر خوان دانیشتبوو، زۆر باجگر و گوناهبار هاتن و لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی پاڵیان دایەوە.
[11] کە فەریسییەکان ئەمەیان بینی، بە قوتابییەکانیان گوت: «بۆچی مامۆستاکەتان لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»
[12] جا کاتێک عیسا گوێی لێبوو، فەرمووی: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش.
[13] بڕۆن و واتای ئەمە فێربن: [من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی.] چونکە نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»
[14] ئینجا قوتابییەکانی یەحیا هاتنە لای و گوتیان: «بۆچی ئێمە و فەریسییەکان زۆر جار بەڕۆژوو دەبین، بەڵام قوتابییەکانت بەڕۆژوو نابن؟»
[15] عیسا پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن شیوەن بگێڕن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ بەڵام ڕۆژێک دێت زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا بەڕۆژوو دەبن.
[16] «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینەکە کراسەکە لێک ڕادەکێشێت و دڕاویەکە خراپتر دەکات.
[17] شەرابی نوێش ناکەنە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا مەشکەکە دەدڕێت، جا شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ لەناو مەشکەی نوێ دەکرێت و هەردووکیان پارێزراو دەبن.»
[18] کاتێک ئەمانەی دەفەرموو، پێشەوایەک هات و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «هەر ئێستا کچەکەم مرد، بەڵام وەرە دەستی لەسەر دابنێ، زیندوو دەبێتەوە.»
[19] عیساش هەستا و لەگەڵی ڕۆیشت، قوتابییەکانیش دوایان کەوتن.
[20] هەر لەو کاتەدا ژنێک کە دوازدە ساڵ بوو خوێنبەربوونی هەبوو، لە دواوە لێی نزیک بووەوە و دەستی لە چمکی کراسەکەی دا،
[21] چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە جلەکانیشی بدەم، چاکدەبمەوە.»
[22] عیسا ئاوڕی دایەوە، بینی و فەرمووی: «کچم دڵنیابە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» ژنەکە دەستبەجێ چاک بووەوە.
[23] کاتێک عیسا چووە ماڵی سەرۆکەکە، شیوەنگێڕان و خەڵکێکی زۆری بینی کە دەنگەدەنگیان دەکرد،
[24] فەرمووی: «لاچن، کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» ئەوانیش پێی پێکەنین.
[25] کاتێک خەڵکەکە دەرکران، هاتە ژوورەوە و دەستی گرت، کچەش هەستایەوە.
[26] ئەم هەواڵەش بە هەموو ئەو ناوچەیەدا بڵاو بووەوە.
[27] عیسا بەوێدا دەڕۆیشت، دوو کەسی نابینا دوای کەوتن، هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»
[28] کاتێک هاتە ماڵەوە، کەسە نابیناکان هاتنە لای. عیساش پێی فەرموون: «باوەڕتان بەوە هەیە کە من بتوانم ئەمە بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ گەورەم.»
[29] ئینجا ئەویش دەستی لە چاویان دا و فەرمووی: «با بەگوێرەی باوەڕتان بۆتان ببێت.»
[30] ئیتر بیناییان بۆ گەڕایەوە، عیساش بە توندی ئاگاداری کردنەوە: «ئاگاداربن با کەس نەزانێت.»
[31] بەڵام ئەوان ڕۆیشتن و هەموو ناوچەکەیان لێی تێگەیاند.
[32] کاتێک دوو کابراکە دەچوونە دەرەوە، چەند کەسێک لاڵێکیان هێنایە لای عیسا، ڕۆحی پیسی تێدابوو.
[33] کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. خەڵکەکەش سەرسام بوون، گوتیان: «قەت لە ئیسرائیلدا شتی وا ڕووی نەداوە.»
[34] بەڵام فەریسییەکان گوتیان: «بە شای ڕۆحە پیسەکان ڕۆحی پیس دەردەکات.»
[35] عیسا بە هەموو شار و گوندەکاندا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان فێری دەکردن و مزگێنی پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و هەرچی نەساغی هەبوو چاکی دەکردنەوە.
[36] کاتێک خەڵکەکەی بینی دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان پەرێشان و دەربەدەر بوون.
[37] جا بە قوتابییەکانی فەرموو: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان کەمە.
[38] لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت.»