[1] کاتێک عیسا لە چیاکە هاتە خوارەوە، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت.
[2] ئەوە بوو پیاوێک هات کە نەخۆشی گولی هەبوو، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.»
[3] عیساش دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا، فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!» دەستبەجێ لە گولی پاک بووەوە.
[4] ئینجا عیسا پێی فەرموو: «ئاگاداربە، بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت بە کاهین پیشان بدە و ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.»
[5] کاتێک عیسا چوو بۆ کەفەرناحوم، سەرپەلێک هاتە لای، لێی پاڕایەوە
[6] و گوتی: «گەورەم، خزمەتکارەکەم بە ئیفلیجی لە ماڵەوە کەوتووە و ئازارێکی زۆری هەیە.»
[7] عیسا پێی فەرموو: «من دێم و چاکی دەکەمەوە.»
[8] سەرپەلەکەش وەڵامی دایەوە: «گەورەم شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم، بەڵکو تەنها وشەیەک بفەرموو خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە.
[9] منیش مرۆڤێکم لەژێر دەسەڵاتدام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە. بەمە دەڵێم: ”بڕۆ،“ دەڕوات؛ بەوی دیکەش دەڵێم: ”وەرە،“ دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ”ئەمە بکە،“ دەیکات.»
[10] کاتێک عیسا گوێی لەمە بوو، سەرسام بوو، بەوانەی فەرموو کە دوای دەکەوتن: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، لە ئیسرائیلدا باوەڕێکی بەهێزی ئاوام نەدیوە.
[11] پێتان دەڵێم کە خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە دێن و لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب لە شانشینی ئاسماندا لەسەر خوان دادەنیشن.
[12] بەڵام ڕۆڵەکانی شانشین فڕێدەدرێنە تاریکی دەرەوە، جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت.»
[13] ئینجا عیسا بە سەرپەلەکەی فەرموو: «بڕۆ! با هەروەک باوەڕت هێنا، بۆت ببێت.» جا لەو کاتەدا خزمەتکارەکەی چاک بووەوە.
[14] عیسا هاتە ماڵی پەترۆس، خەسووی پەترۆسی بینی کەوتووە، تای هەبوو.
[15] عیسا دەستی لە دەستی دا و تایەکە بەریدا. ئەویش هەستا و دەستی بە خزمەتکردنیان کرد.
[16] کاتێک ئێوارە داهات، زۆر کەسیان بۆ هێنا ڕۆحی پیسیان تێدابوو، ئەویش بە وشەیەک ڕۆحە پیسەکانی دەرکرد و هەموو نەخۆشەکانی چاککردەوە.
[17] تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایا گوتراوە بێتە دی کە دەڵێ: [ئەو دەردەکانی ئێمەی هەڵگرت و نەخۆشییەکانمانی برد.]
[18] کاتێک عیسا خەڵکێکی زۆری لە دەوری خۆی بینی، فەرمانی دا بپەڕنەوە ئەوبەری دەریاچەکە.
[19] مامۆستایەکی تەورات هاتە لای، پێی گوت: «مامۆستا، بۆ کوێ بڕۆیت دوات دەکەوم.»
[20] عیساش پێی فەرموو: «ڕێوی کونی هەیە و باڵندەی ئاسمانیش هێلانە، بەڵام کوڕی مرۆڤ جێیەکی نییە سەری لێ دابنێت.»
[21] یەکێکی دیکە لە قوتابییەکانی پێی گوت: «گەورەم، ڕێگام بدە یەکەم جار بچم باوکم بنێژم.»
[22] بەڵام عیسا پێی فەرموو: «دوام بکەوە، واز لە مردووان بهێنە با مردووەکانی خۆیان بنێژن.»
[23] کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە بوو، قوتابییەکانی دوای کەوتن.
[24] لەناکاو ڕەشەبایەکی بەهێز هەڵیکردە سەر دەریاچەکە، خەریک بوو شەپۆلەکان بەلەمەکە داپۆشن، بەڵام عیسا نوستبوو.
[25] ئینجا قوتابییەکانی چوون و هەڵیانستاند، گوتیان: «گەورەم، ڕزگارمان بکە! وا لەناودەچین!»
[26] ئەویش پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی دەترسن؟» ئینجا هەستا، لە ڕەشەبا و دەریاچەکەی ڕاخوڕی، ئیتر بووە هێمنییەکی تەواو.
[27] ئەوانیش سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە چ مرۆڤێکە؟ تەنانەت با و دەریاش گوێڕایەڵی دەبن!»
[28] کاتێک عیسا گەیشتە ئەوبەر، لە هەرێمی گەدەرین، دوو کەسی تووشبوو ڕۆحی پیسیان تێدابوو، لە گۆڕستانەوە هاتبوونە دەرەوە. بە ڕادەیەک توندوتیژ بوون کە تەنانەت کەس نەیدەتوانی بەو ڕێگایەدا تێبپەڕێت.
[29] هاواریان کرد و گوتیان: «چیت لێمان دەوێ، ئەی کوڕی خودا؟ ئایا پێش وەخت بۆ ئێرە هاتوویت، تاکو ئەشکەنجەمان بدەیت؟»
[30] لە دووری ئەوانەوە ڕانە بەرازێکی گەورە دەلەوەڕان.
[31] ڕۆحە پیسەکانیش لێی پاڕانەوە و گوتیان: «ئەگەر دەرماندەکەیت، بماننێرە ناو ڕانە بەرازەکە.»
[32] ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن!» ئەوانیش هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئەوە بوو هەموو ڕانەکە بە خێرایی لە قەراغی شاخەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و لە ئاوەکەدا خنکان.
[33] بەرازەوانەکانیش ڕایانکرد بۆ ناو شار و هەموو شتێکیان گێڕایەوە، بگرە ئەو ڕووداوەشیان گێڕایەوە کە بەسەر ئەوانەدا هاتبوو کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو.
[34] ئەوە بوو شارەکە هەمووی بۆ بینینی عیسا هاتنە دەرەوە، کە بینییان، لێی پاڕانەوە لە ناوچەکەیان بچێتە دەرەوە.