[1] کاتێک ڕۆژبووەوە، هەموو کاهینانی باڵا و پیرانی گەل تەگبیریان لە عیسا کرد تاکو بیکوژن.
[2] جا بەستیانەوە و بردییان و دایانە دەست پیلاتۆسی فەرمانڕەوا.
[3] ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دا کە بینی عیسا بڕیاری بەسەردا درا، پەشیمان بووەوە، سی دراوە زیوەکەی بۆ کاهینانی باڵا و پیران گەڕاندەوە و
[4] گوتی: «گوناهم کرد کە خوێنێکی بێتاوانم بە گرتن دا.» گوتیان: «بە ئێمە چی؟ خۆت دەزانیت.»
[5] ئەویش زیوەکانی لە پەرستگادا فڕێدا و ڕۆیی، چوو خۆی هەڵواسی .
[6] بەڵام کاهینانی باڵا دراوە زیوەکانیان هەڵگرتەوە و گوتیان: «دروست نییە بیخەینە گەنجینەی پەرستگاوە، چونکە نرخی خوێنە.»
[7] ئینجا تەگبیریان کرد و کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان بۆ گۆڕستانی بێگانان پێی کڕی.
[8] لەبەر ئەوە ئەو کێڵگەیە تاکو ئەمڕۆش پێی دەگوترێ کێڵگەی خوێن.
[9] ئەوسا ئەوەی بەهۆی پێغەمبەر یەرمیا گوتراوە، هاتە دی: [سی پارچە زیوەکەیان برد، ئەم نرخە لەلایەن کوڕەکانی ئیسرائیل لەسەری خەمڵێنرا،
[10] ئینجا بە کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان دا، وەک یەزدان فەرمانی پێدام. ]
[11] عیساش لەبەردەم فەرمانڕەوا ڕاوەستا، فەرمانڕەوا لێی پرسی، گوتی: «ئایا تۆ پاشای جولەکەی؟» عیساش فەرمووی: «تۆ دەڵێیت.»
[12] کاتێک کاهینانی باڵا و پیران سکاڵایان لێی دەکرد، هیچ وەڵامی نەدەدایەوە.
[13] پیلاتۆس پێی گوت: «ئایا گوێت لێ نییە چەند شایەتیت لەسەر دەدەن؟»
[14] بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە، فەرمانڕەواش زۆر سەرسام بوو.
[15] لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا کردبوویە نەریت بەگوێرەی خواستی خەڵکەکە بەندکراوێک ئازاد بکات.
[16] لەو کاتەدا گیراوێکی بەناوبانگیان هەبوو، ناودەبردرا باراباس.
[17] لەبەر ئەوە کاتێک کۆببوونەوە، پیلاتۆس لێی پرسین: «کێتان دەوێ بۆتانی بەربدەم، باراباس یان عیسا، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟»
[18] چونکە زانی لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو.
[19] کاتێک لەسەر تەختی دادگایی دانیشتبوو، ژنەکەی هەواڵی بۆ نارد: «هیچ لەو بێتاوانە مەکە، چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژتووە.»
[20] بەڵام کاهینانی باڵا و پیران خەڵکەکەیان جۆشدا کە داوای باراباس بکەن و عیسا لەناوببەن.
[21] فەرمانڕەوا وەڵامی دانەوە: «لەم دووانە کامەتان دەوێ بۆتان ئازاد بکەم؟» گوتیان: «باراباس.»
[22] پیلاتۆس لێی پرسین: «ئەی چی لە عیسا بکەم، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟» هەموو گوتیان: «با لە خاچ بدرێت!»
[23] ئەویش گوتی: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام زیاتر هاواریان دەکرد: «با لە خاچ بدرێت!»
[24] پیلاتۆس بینی سوودی نییە و خەریکە ئاژاوە ڕوودەدات، ئاوی هێنا و لەبەردەم خەڵکەکە دەستی شوشت و گوتی: «لە خوێنی ئەمە بێتاوانم! لە ئەستۆی ئێوەیە!»
[25] گەل هەموو وەڵامیان دایەوە: «با خوێنی لە ئەستۆی ئێمە و منداڵمان بێت!»
[26] ئەوسا باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.
[27] سەربازەکانی فەرمانڕەوا عیسایان بۆ کۆشکی فەرمانڕەوا برد و تەواوی سەربازەکان لە دەوری کۆبوونەوە.
[28] ڕووتیان کردەوە و کەوایەکی سووریان دایێ.
[29] هەروەها تاجێکی دڕکیان هۆنییەوە و لە سەریان کرد، قامیشێکیان دایە دەستی ڕاستی، لەبەردەمی چۆکیان دادا و گاڵتەیان پێ کرد و دەیانگوت: «سڵاو ئەی پاشای جولەکە!»
[30] تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد و بە سەریاندا کێشا.
[31] دوای ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، کەواکەیان لەبەر داکەند و کراسەکەی خۆیان لەبەرکردەوە، بردییان تاوەکو لە خاچی بدەن.
[32] کاتێک دەهاتنە دەرەوە پیاوێکی کورێنییان بینی ناوی شیمۆن بوو، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت.
[33] کە گەیشتنە ئەو شوێنەی پێی دەگوترا گولگۆسا، ناونراوە شوێنی کاسەسەر،
[34] شەرابی تێکەڵ بە زراویان دایە عیسا تاکو بیخواتەوە، کە تامی کرد نەیویست بیخواتەوە.
[35] کە لە خاچیان دا، بە تیروپشک کراسەکەیان دابەش کرد.
[36] ئینجا لەوێ دانیشتن و ئێشکیان بۆ گرت.
[37] لەژوور سەرییەوە تاواننامەکەی ئەویان دانا کە نووسرابوو: «ئەمە عیسایە، پاشای جولەکە.»
[38] ئەوسا دوو دز لەگەڵی لە خاچ درابوون، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی.
[39] ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا،
[40] دەیانگوت: «ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە! ئەگەر تۆ کوڕی خودای، لە خاچەکە دابەزە!»
[41] بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا لەگەڵ مامۆستایانی تەورات و پیران گاڵتەیان پێدەکرد:
[42] «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! پاشای ئیسرائیلە! با ئێستا لە خاچەکە دابەزێت، باوەڕی پێدەهێنین.
[43] پشتی بە خودا بەست، با ئێستا ڕزگاری بکات، ئەگەر ئەمی دەوێت، چونکە گوتی: ”من کوڕی خودام.“»
[44] دزەکانیش کە لەگەڵی لە خاچ درابوون گاڵتەیان پێدەکرد.
[45] لە کاتژمێر دوازدەوە هەتا سێ ، تاریکایی بەسەر هەموو زەوییەوە بوو.
[46] نزیکەی کاتژمێر سێ عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «[ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟]» واتە: [خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟]
[47] هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون و گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات!»
[48] دەستبەجێ یەکێک لەوان ڕایکرد و ئیسفەنجێکی هەڵگرت، خستییە ناو سرکەوە و کردی بەسەر قامیشێکەوە و پێیدا تاکو بیخواتەوە،
[49] بەڵام ئەوانی دیکە گوتیان: «لێگەڕێ، با بزانین ئەلیاس دێت ڕزگاری بکات.»
[50] عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کردەوە و گیانی سپارد.
[51] لەو کاتەدا پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەقبوو و بوو بە دوو پارچە. زەوی لەرزی و بەرد درزیان برد و
[52] گۆڕەکان کرانەوە، زۆرێک لە لاشەی گەلی پیرۆزی خودا کە مردبوون هەستانەوە.
[53] دوای هەستانەوەی عیسا لە گۆڕەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو شاری پیرۆز، بۆ زۆر کەسیش دەرکەوتن.
[54] سەرپەلەکە و ئەوانەی لەگەڵ ئەو چاودێری عیسایان دەکرد، بوومەلەرزەکە و ئەو شتانەیان بینی کە ڕوویدا، زۆر ترسان و گوتیان: «بەڕاستی ئەمە کوڕی خودا بوو!»
[55] زۆر ژن لەوێ بوون، لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، ئەوانەی لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد،
[56] مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب و یوسف، لەگەڵ دایکی کوڕەکانی زەبدی لەنێویان بوون.
[57] دەمەو ئێوارە پیاوێکی دەوڵەمەندی خەڵکی ڕامە هات، ناوی یوسف بوو، ئەو خۆی قوتابی عیسا بوو.
[58] چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای لێکرد، ئینجا پیلاتۆس فەرمانی دا بیدرێتێ.
[59] یوسفیش تەرمەکەی برد و بە کەتانی پاک پێچای و
[60] لەو گۆڕە نوێیەی خۆی ناشتی کە لە بەرد هەڵکەنرا بوو، ئینجا بەردێکی گەورەی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە و ڕۆیشت.
[61] مریەمی مەجدەلی و مریەمەکەی دیکەش لەوێ بوون، بەرامبەر گۆڕەکە دانیشتبوون.
[62] بۆ بەیانی کە دوای ڕۆژی خۆ ئامادەکردنە، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان لەلای پیلاتۆس کۆبوونەوە،
[63] گوتیان: «گەورەم، هاتەوە بیرمان ئەو چەواشەکارە کاتێک زیندوو بوو گوتی: ”دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستمەوە.“
[64] جا فەرمان بدە هەتا ڕۆژی سێیەم گۆڕەکەی پاس بکرێت، نەوەک قوتابییەکانی بێن و بیدزن، ئەوسا بە گەل بڵێن لەنێوان مردووان هەستاوەتەوە. جا چەواشەی دوایی لەوەی یەکەم خراپتر دەبێت.»
[65] پیلاتۆسیش گوتی: «پاسەوانتان هەیە، بڕۆن چۆنتان پێ باشە وا پاسی بکەن.»
[66] ئەوانیش چوون گۆڕەکەیان پاس کرد، مۆریان لە بەردەکە دا و پاسەوانیان دانا.