[1] پاشان عیسا بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن ئیبلیسەوە تاقی بکرێتەوە.
[2] دوای چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوون، برسی بوو.
[3] تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش، پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت ، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان.»
[4] بەڵام عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: [مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خوداوە دێتە دەرەوە.] »
[5] ئینجا ئیبلیس بردییە شاری پیرۆز و لەسەر گوێسەبانەی پەرستگا ڕایگرت و
[6] پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە: «[سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن، تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.] »
[7] عیساش پێی فەرموو: «هەروەها نووسراوە: [یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.] »
[8] دیسان ئیبلیس بۆ سەر شاخێکی زۆر بڵندی برد و هەموو شانشینەکانی جیهان و شکۆی ئەوانی پیشان دا و
[9] پێی گوت: «هەموو ئەمانەت دەدەمێ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی.»
[10] ئینجا عیساش پێی فەرموو: «شەیتان لێم دووربکەوە! چونکە نووسراوە: [کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.] »
[11] ئینجا ئیبلیس وازی لێ هێنا و فریشتەش هاتن و خزمەتیان کرد.
[12] کاتێک عیسا بیستی یەحیا گیراوە، خۆی گەیاندەوە جەلیل.
[13] ناسیرەی بەجێهێشت و هات لە کەفەرناحوم نیشتەجێ بوو، کە لەسەر دەریاچەیە، لە سنووری زەبولون و نەفتالی ،
[14] تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی:
[15] [خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی، ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون، جەلیلی نەتەوەکان ،
[16] ئەو گەلەی لە تاریکیدا دانیشتووە، ڕووناکییەکی گەورەی بینی، دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ ڕووناکی بەسەریاندا هەڵات.]
[17] لەو کاتەوە عیسا دەستی بە جاڕدان کرد و دەیفەرموو: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.»
[18] کاتێک عیسا لە کەناری دەریاچەی جەلیل دەڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن کە پێی دەگوترێ پەترۆس لەگەڵ ئەندراوسی برای، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون.
[19] عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ .»
[20] دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن.
[21] کە لەوێ ڕۆیشت، دوو برای دیکەی بینی، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، لە بەلەمێکدا لەگەڵ زەبدی باوکیان تۆڕەکانیان چاکدەکردەوە، ئەوانیشی بانگکرد.
[22] دەستبەجێ بەلەمەکە و باوکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.
[23] ئینجا عیسا بە هەموو جەلیلدا دەگەڕا، لە کەنیشتەکان خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و هەرچی نەساغی نێو خەڵک هەبوو، چاکی دەکردنەوە.
[24] لەبەر ئەوە دەنگوباسی تەواوی سوریای گرتەوە، ئەوانیش هەموو نەخۆشێکیان دەهێنایە لای، بە جۆرەها دەرد و ئازارەوە، ئەوانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدا بوو و فێدار و ئیفلیج بوون چاکیکردنەوە.
[25] جا خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و دە شارەکە و ئۆرشەلیم و یەهودیا و ئەوبەری ئوردون دوای کەوتن.