[1] کاتێک عیسا خەڵکەکەی بینی، چووە سەر چیا، ئینجا دانیشت و قوتابییەکانی هاتنە لای،
[2] زاری کردەوە و فێری کردن:
[3] «خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە بە ڕۆح هەژارن ، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
[4] خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە ماتەمدارن، چونکە دڵنەوایی دەکرێن.
[5] خۆزگە دەخوازرێت بە دڵنەرمەکان، چونکە دەبنە میراتگری زەوی.
[6] خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە برسی و تینوون بۆ ڕاستودروستی ، چونکە تێر دەکرێن.
[7] خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە دڵیان پڕ لە بەزەییە، چونکە بەر بەزەیی دەکەون.
[8] خۆزگە دەخوازرێت بە دڵپاکەکان، چونکە خودا دەبینن.
[9] خۆزگە دەخوازرێت بە ئاشتیخوازان، چونکە بە ڕۆڵەی خودا ناودەبردرێن.
[10] خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناوی ڕاستودروستی دەچەوسێنرێنەوە، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
[11] «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن و دەتانچەوسێننەوە، لەبەر من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن.
[12] دڵخۆش و دڵشاد بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندووەتەوە.
[13] «ئێوەن خوێی زەوی، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، بە چی سوێر دەکرێتەوە؟ ئیتر بەکەڵکی هیچ نایەت، ئەوە نەبێ فڕێبدرێتە دەرەوە و خەڵکی پێشێلی بکەن.
[14] «ئێوەن ڕووناکی جیهان، شارێک لەسەر شاخ دروستکرابێت ناتوانرێت بشاردرێتەوە.
[15] هەروەها خەڵکی چرا هەڵناکەن تاکو بیخەنە ژێر تەشتەوە، بەڵکو لەسەر چرادان دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕووناکی بداتە هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەدان.
[16] بە هەمان شێوە، با ئێوەش ڕووناکیتان بۆ خەڵک بدرەوشێتەوە، تاکو کردارە باشەکانتان ببینن و ستایشی باوکتان بکەن کە لە ئاسمانە.
[17] «وا بیر نەکەنەوە من هاتووم تەورات یان نووسراوی پێغەمبەران بسڕمەوە، نەهاتووم بۆ سڕینەوەیان، بەڵکو هاتووم بۆ تەواوکردنیان.
[18] ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەتا زەوی و ئاسمان لەئارادا بێت، پیتێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێت، هەتا هەمووی دێتە دی.
[19] بۆیە ئەوەی بچووکترینی ئەم ڕاسپاردانە بشکێنێت و خەڵکیش ئاوا فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە بچووکترین ناودەبردرێت. بەڵام ئەوەی پەیڕەوی بکات و خەڵکی فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە مەزن ناودەبردرێت.
[20] ئیتر پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕاستودروستیتان لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان زیاتر نەبێت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمان.
[21] «بیستووتانە بە پێشینان گوتراوە: [مەکوژن] و ”ئەوەی بکوژێت شایانی حوکم بەسەردادان دەبێت.“
[22] بەڵام من پێتان دەڵێم ئەوەی لە خوشکی یان براکەی تووڕە بێ، دەبێ حوکم بدرێت. ئەوەی بە براکەی دەڵێ ”هیچوپووچ،“ دەبێ بدرێتە سەنهەدرین ، ئەوەش دەڵێت ”گێلە“، دەبێت بخرێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە.
[23] «لەبەر ئەوە ئەگەر قوربانیت بۆ قوربانگا هێنا و لەوێ بیرت کەوتەوە کە خوشکت یان برات شتێکی لەسەرت هەیە،
[24] لەوێ لەبەردەم قوربانگا قوربانییەکەت بەجێبهێڵە و بڕۆ یەکەم جار خوشکت یان برات ئاشت بکەرەوە، ئینجا وەرە و قوربانییەکەت بکە.
[25] «خێرا لەگەڵ ڕکابەرەکەت ئاشت بەرەوە لەو کاتەی لەگەڵتە و بە ڕێگاوەن، نەوەک ڕکابەرەکەت بتداتە دەست دادوەر و دادوەریش بتداتە دەست پۆلیس و فڕێبدرێیتە بەندیخانە.
[26] ڕاستیت پێ دەڵێم: لەوێ دەرناچی هەتا دوایین فلس نەدەیتەوە.
[27] «بیستووتانە گوتراوە: [داوێنپیسی مەکەن.]
[28] بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بە هەوەسبازییەوە سەیری ئافرەتێک بکات، ئەوا لە دڵی خۆیدا داوێنپیسی لەگەڵ کردووە.
[29] ئەگەر چاوی ڕاستت بۆت بووە کۆسپ، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت فڕێبدرێتە ناو دۆزەخ.
[30] ئەگەر دەستی ڕاستت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت بچێتە دۆزەخەوە.
[31] «دیسان گوتراوە: [ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات، با تەڵاقنامەی بداتە دەست.]
[32] بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات، وای لێدەکات داوێنپیسی بکات. ئەوەش تەڵاقدراوێک بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.
[33] «دیسان بیستووتانە کە بە پێشینان گوتراوە: [سوێندەکانت مەشکێنە، بەڵکو سوێندەکانت بۆ یەزدان بەرەسەر.]
[34] بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرگیز سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان، لەبەر ئەوەی تەختی خودایە،
[35] نە بە زەوی، لەبەر ئەوەی تەختەپێیەتی ، نە بە ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوەی شاری پاشای پایەبەرزە.
[36] سوێند بە سەری خۆت مەخۆ، چونکە ناتوانیت تاڵێکی سپی یان ڕەش بکەیت.
[37] با قسەتان: ”بەڵێ“ بۆ ”بەڵێ“ و ”نەخێر“ بۆ ”نەخێر“ بێت، لەمە بترازێت لە شەیتانەوەیە .
[38] «بیستووتانە گوتراوە: [چاو بە چاو، ددان بە ددان.]
[39] بەڵام من پێتان دەڵێم: لە دژی خراپەکار مەوەستنەوە، بەڵکو ئەوەی لە ڕوومەتی ڕاستی دایت، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە،
[40] ئەوەی ویستی بتداتە دادگا و کراسەکەت لێ بستێنێت، چاکەتەکەشتی بدەرێ.
[41] ئەوەی یەک میل بێگاری پێ کردیت، دووانی لەگەڵ بڕۆ.
[42] ئەوەی داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەی داوای قەرزی لێکردیت پشتی تێمەکە.
[43] «بیستووتانە گوتراوە: [نزیکەکەت خۆشبوێت،] ”ڕقت لە دوژمنت بێتەوە.“
[44] بەڵام من پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە،
[45] تاکو ببنە ڕۆڵەی ئەو باوکەتان کە لە ئاسمانە، ئەو خۆری خۆی بەسەر چاک و خراپدا هەڵدێنێت و باران بەسەر پیاوچاک و زۆرداریشدا دەبارێنێت.
[46] ئەگەر هەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، چ پاداشتێکتان هەیە؟ ئایا باجگرانیش ئەمە ناکەن؟
[47] ئەگەر سڵاوتان تەنها لە ناسیاوەکانتان کرد، چی زیاترتان کردووە؟ ئایا بتپەرستانیش ئەمە ناکەن؟
[48] بۆیە ئێوە تەواو بن، وەک باوکی ئاسمانیتان تەواوە.