Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:10

[1] «خەڵکی تاوانبار مەکەن تاکو خودا تاوانبارتان نەکات،

[2] چونکە بەو شێوەیەی خەڵک تاوانبار دەکەن خودا تاوانبارتان دەکات، بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە.

[3] «بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نییە؟

[4] یان، چۆن بە براکەت دەڵێی: ”ڕێم بدە با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم،“ لەکاتێکدا تەختە دارێک لەناو چاوی خۆتدایە؟

[5] ئەی دووڕوو، یەکەم جار تەختە دارەکەی ناو چاوی خۆت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشەکەی ناو چاوی براکەت.

[6] «شتی پیرۆز مەدەن بە سەگ، مرواریشتان فڕێمەدەنە بەردەمی بەراز، نەوەک پێشێلیان بکەن و ڕوو وەربگێڕن و پارچەپارچەتان بکەن.

[7] «داوا بکەن، پێتان دەدرێت. بگەڕێن، دەدۆزنەوە. لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە،

[8] چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت. ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات، لێی دەکرێتەوە.

[9] «ئەگینا کێ لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای نانی لێ بکات، بەردی دەداتێ؟

[10] یان داوای ماسی لێ بکات، ماری دەداتێ؟

[11] جا ئێوە کە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەکانتان، باوکتان لە ئاسمان چەند زیاتر شتی باش دەداتە ئەوانەی داوای لێدەکەن!

[12] کەواتە لە هەر شتێکدا ئاوا بۆ خەڵک بکەن کە دەتانەوێ بۆتان بکرێت، چونکە ئەمەیە پوختەی تەورات و پەیامی پێغەمبەران.

[13] «لە دەرگای تەسک بڕۆنە ژوورەوە، چونکە ئەو دەرگایەی بەرەو لەناوچوون دەڕوات پانە و ڕێگاکەی بەرینە و زۆرن ئەوانەی پێیدا دەچنە ژوورەوە.

[14] بەڵام تەسکە دەرگا و تەنگە ئەو ڕێگایەی بەرەو ژیان دەچێت، کەم کەسیش دەیدۆزێتەوە.

[15] «ئاگاداری پێغەمبەرانی درۆزن بن کە لە پێستی مەڕدا بۆ لاتان دێن، بەڵام لەناوەوە گورگی دڕندەن.

[16] بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە. ئایا ترێ لە دڕک دەڕنن یان هەنجیر لە چقڵ؟

[17] بەم شێوەیە هەموو دارێکی باش بەری باش دەدات، داری خراپیش بەری خراپ.

[18] داری چاک ناتوانێت بەری خراپ بدات و داری خراپیش ناتوانێت بەری باش بدات.

[19] هەر دارێک بەری باش نەدات دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگر.

[20] کەواتە بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە.

[21] «نەک هەرکەسێک پێم بڵێت: ”گەورەم، گەورەم!“ دەچێتە ناو شانشینی ئاسمان، بەڵکو ئەوەی بە خواستی باوکم دەکات کە لە ئاسمانە.

[22] لەو ڕۆژەدا، زۆر کەس پێم دەڵێن: ”گەورەم، گەورەم! ئایا بە ناوی تۆوە پەیامی خودامان ڕانەگەیاند، بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسمان دەرنەکرد، بە ناوی تۆوە پەرجووی زۆرمان نەکرد؟“

[23] ئینجا منیش پێیان ڕادەگەیەنم: ”قەت ئێوەم نەناسیوە. لێم دوور بکەونەوە، ئەی سەرپێچیکاران!“

[24] «لەبەر ئەوە هەرکەسێک گوێی لەم وتانەم بێت و پەیڕەوی بکات، وەک پیاوێکی دانا وایە کە خانووەکەی لەسەر بەرد دروستکردبێت.

[25] باران باری و لافاو هەستا و ڕەشەبا هەڵیکرد و لەو خانووەی دا، بەڵام نەڕووخا، چونکە لەسەر بەرد دروستکرابوو.

[26] هەرکەسێکیش گوێی لەم وتانەم بێت و پەیڕەوی نەکات، وەک پیاوێکی گێل وایە خانووەکەی لەسەر لم دروستکردبێت.

[27] باران باری و لافاو هەستا و ڕەشەبا هەڵیکرد و لەو خانووەی دا و ڕووخا، ڕووخانەکەشی گەورە بوو.»

[28] کاتێک عیسا ئەم وتانەی تەواو کرد، خەڵکەکە لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون،

[29] چونکە وەک دەسەڵاتدارێک فێری دەکردن، نەک وەکو مامۆستایانی تەورات.

مزگێنی بەپێی نووسینی مەتا — Chapters