[1] ئەمە ڕەچەڵەکی عیسای مەسیحە، کوڕی داود، کوڕی ئیبراهیم:
[2] ئیبراهیم باوکی ئیسحاق بوو، ئیسحاق باوکی یاقوب بوو، یاقوب باوکی یەهودا و براکانی بوو،
[3] یەهودا باوکی پێرێز و زەرەح بوو، تامار دایکیان بوو، پێرێز باوکی حەسرۆن بوو، حەسرۆن باوکی ڕام بوو،
[4] ڕام باوکی عەمیناداب بوو، عەمیناداب باوکی نەحشۆن بوو، نەحشۆن باوکی سەلمۆن بوو،
[5] سەلمۆن باوکی بۆعەز بوو کە ڕاحاب دایکی بوو، بۆعەز باوکی عوبێد بوو کە ڕائووس دایکی بوو، عوبێد باوکی یەسا بوو،
[6] یەسا باوکی داودی پاشا بوو. داود باوکی سلێمان بوو لەو ژنەی هی ئوریا بوو،
[7] سلێمان باوکی ڕەحەڤەعام بوو، ڕەحەڤەعام باوکی ئەبیا بوو، ئەبیا باوکی ئاسا بوو،
[8] ئاسا باوکی یەهۆشافات بوو، یەهۆشافات باوکی یەهۆرام بوو، یەهۆرام باوکی عوزیا بوو،
[9] عوزیا باوکی یۆتام بوو، یۆتام باوکی ئاحاز بوو، ئاحاز باوکی حەزقیا بوو،
[10] حەزقیا باوکی مەنەشە بوو، مەنەشە باوکی ئامۆن بوو، ئامۆن باوکی یۆشیا بوو،
[11] یۆشیا باوکی یەهۆیاکین و براکانی بوو، لە کاتی ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل.
[12] لەدوای ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل، یەهۆیاکین باوکی شەئەلتیێل بوو، شەئەلتیێل باوکی زروبابل بوو،
[13] زروبابل باوکی ئەبیهود بوو، ئەبیهود باوکی ئەلیاقیم بوو، ئەلیاقیم باوکی ئازور بوو،
[14] ئازور باوکی سادۆق بوو، سادۆق باوکی ئەکیم بوو، ئەکیم باوکی ئەلیهود بوو،
[15] ئەلیهود باوکی ئەلعازار بوو، ئەلعازار باوکی مەتان بوو، مەتان باوکی یاقوب بوو،
[16] یاقوب باوکی یوسفی مێردی مریەم بوو، ئەوەی عیسای لێبوو، کە بە مەسیح ناودەبردرێت.
[17] بەم شێوەیە هەموو نەوەکان لە ئیبراهیمەوە هەتا داود چواردە نەوەن، لە داودەوە هەتا ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل چواردە نەوەن، لە ڕاپێچکردنەکەشەوە بۆ بابل هەتا مەسیح چواردە نەوەن.
[18] لەدایکبوونی عیسای مەسیح بەم شێوەیە بوو: کاتێک مریەمی دایکی لە یوسف مارەبڕاو بوو، پێش ئەوەی بیگوازێتەوە، دەرکەوت کە لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆز سکی پڕبووە.
[19] یوسفی دەستگیرانی کە پیاوچاک بوو، نەیویست ئابڕووی ببات، بڕیاری دا بە نهێنی دەستی لێ هەڵبگرێت.
[20] کاتێک بیری لەم شتانە دەکردەوە، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی و پێی فەرموو: «ئەی یوسفی نەوەی داود، مەترسە لەوەی مریەم بهێنیت، چونکە ئەوەی ئەو سکی پێی هەیە لە ڕۆحی پیرۆزەوەیە.
[21] کوڕێکی دەبێت ناوی دەنێیت عیسا ، چونکە گەلەکەی لە گوناهەکانیان ڕزگار دەکات.»
[22] ئەمانە هەمووی ڕوویدا، هەتا ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە فەرموویەتی بێتە دی:
[23] [ئەوەتا پاکیزەیەک سکی دەبێت و کوڕێکی دەبێت، ناوی لێ دەنێن ئیمانوێل.] واتە: خودا لەگەڵمانە.
[24] کاتێک یوسف لە خەو هەستا، ئەوەی فریشتەکەی یەزدان فەرمانی پێدابوو ئەنجامی دا و ژنەکەی گواستەوە.
[25] بەڵام هەتا کوڕەکەی نەبوو لەگەڵی جووت نەبوو، ئینجا ناوی لێنا عیسا.