Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 11:04

[1] هەر لەو ڕۆژەدا عیسا لە ماڵ هاتە دەرەوە و لە کەناری دەریاچەی جەلیل دانیشت.

[2] خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، هەتا وای لێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت، هەموو خەڵکەکەش لە کەنارەکە ڕاوەستان.

[3] بە نموونە باسی زۆر شتی بۆ کردن و فەرمووی: «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات.

[4] کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن.

[5] هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو.

[6] بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو.

[7] هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن.

[8] بەڵام هەندێکیان کەوتنە سەر زەوییەکی باش و بەرهەمیان دا، هەندێک یەک بە سەد و هەندێک یەک بە شەست و هەندێکیش یەک بە سی.

[9] ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!»

[10] قوتابییەکان هاتن و لێیان پرسی: «بۆچی بە نموونە قسەیان بۆ دەکەیت؟»

[11] وەڵامی دانەوە: «لەبەر ئەوەی بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی ئاسمان بزانن، بەڵام بەوان نەدراوە،

[12] چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە.

[13] لەبەر ئەوە بە نموونە قسەیان بۆ دەکەم: «چونکە سەیر دەکەن، بەڵام نابینن، گوێ دەگرن، بەڵام نابیستن و تێناگەن.

[14] پێشبینییەکەی ئیشایا لەواندا هاتە دی، کە دەفەرموێ: [ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن، ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن.

[15] چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و گوێیان قورس بووە، چاویان نوقاندووە، نەوەک بە چاویان ببینن و بە گوێیان ببیستن، بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە، منیش چاکیان بکەمەوە.]

[16] بەڵام ئێوە، خۆزگە دەخوازرێت بە چاوتان، چونکە دەبینن، بە گوێتان، چونکە دەبیستن.

[17] ڕاستیتان پێ دەڵێم: زۆر پێغەمبەر و پیاوچاک بە ئاواتەوە بوون ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست.

[18] «کەواتە گوێ لە واتای نموونەی جوتیارەکە بگرن:

[19] هەرکەسێک پەیامی شانشین ببیستێت و تێینەگات، شەیتان دێت و ئەوەی لە دڵیدا تۆوکراوە دەیڕفێنێت. ئەمانە ئەو تۆوانەن کە کەوتنە سەر ڕێگاکە.

[20] ئەوانەی کەوتنە سەر بەردەڵانەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و بە خۆشییەوە وەریدەگرن.

[21] بەڵام ڕەگ داناکوتن و کاتین، کاتێک لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون.

[22] ئەوانەش کە کەوتنە نێو دڕکەکان، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن، بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن.

[23] بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە باشەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و لێی تێدەگەن. یەک بە سەد و یەک بە شەست و یەک بە سی، بەرهەم دەدەن.»

[24] نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە مرۆڤێک دەچێت، تۆوی چاک لە کێڵگەکەی بچێنێت.

[25] بەڵام کاتێک خەڵک نوستبوون، دوژمنەکەی هات و لەناو گەنمەکەدا زیزانی چاند و ڕۆیشت.

[26] کاتێک گەنمەکە ڕوا و گوڵی دەرکرد، زیزانەکەش دەرکەوت.

[27] «کۆیلەی خاوەن ماڵ هاتن و پێیان گوت: ”گەورەم، ئایا لە کێڵگەکەتدا تۆوی چاکت تۆو نەکرد؟ ئیتر ئەم زیزانە لەکوێوە هات؟“

[28] «ئەویش وەڵامی دانەوە: ”دوژمن ئەمەی کردووە.“ کۆیلەکانیش پێیان گوت: ”دەتەوێ بچین زیزانەکان بژار بکەین؟“»

[29] گوتی: «”نەخێر، نەوەک لەگەڵ بژارکردنی زیزان، گەنمیش هەڵبکێشن.

[30] هەتا کاتی دروێنە لێگەڕێن با بەیەکەوە پێبگەن، جا لە کاتی دروێنەدا بە سەپانەکان دەڵێم، یەکەم جار زیزانەکە بژار بکەن و بیانکەنە مەڵۆ بۆ ئەوەی بسووتێنرێن، بەڵام گەنمەکە لە ئەمبارەکەم کۆبکەنەوە.“»

[31] نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان وەک دەنکە خەردەل وایە، کە یەکێک بیهێنێت و لە کێڵگەکەیدا بیچێنێ،

[32] کە بچووکترین تۆوە، بەڵام کاتێک گەشە دەکات، گەورەترین ڕووەکە و دەبێتە درەخت، تەنانەت باڵندەی ئاسمانیش دێن و لەسەر لقەکانیدا هێلانە دەکەن.»

[33] نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە هەویرترشێک دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.»

[34] عیسا هەموو ئەمانەی بە نموونە بۆ خەڵکەکە باسکرد، بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن،

[35] تاکو ئەوەی خودا لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە فەرموویەتی بێتە دی: [بە نموونە دەمم دەکەمەوە، ئەوەی لە دامەزراندنی جیهانەوە شاراوەیە دەریدەبڕم.]

[36] ئینجا خەڵکەکەی بەڕێکرد و گەڕایەوە بۆ ماڵ. قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «نموونەی زیزانی ناو کێڵگەکەمان بۆ لێکبدەوە.»

[37] وەڵامی دایەوە: «ئەوەی تۆوە چاکەکەی چاند، کوڕی مرۆڤە.

[38] کێڵگەکەش جیهانە، تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن، زیزانەکەش ڕۆڵەکانی شەیتانن،

[39] دوژمنەکەش کە تۆوی کردن ئیبلیسە، دروێنەکەش کۆتایی زەمانە ، سەپانەکانیش فریشتەکانن.

[40] «هەروەک چۆن زیزانەکە بژارکرا و بە ئاگر سووتێنرا، لە کۆتایی زەمانیشدا وا دەبێت.

[41] کوڕی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت، هەموو کۆسپ و سەرپێچیکاران لە شانشینییەکەی کۆدەکەنەوە و

[42] فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت.

[43] ئەوسا ڕاستودروستان لە شانشینی باوکیاندا وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!

[44] «شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. یەکێک دۆزییەوە و شاردییەوە، لە خۆشیان دەچێت و هەرچی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت.

[45] «هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕا.

[46] کاتێک مروارییەکی گرانبەهای بینی، چوو هەرچیی هەبوو فرۆشتی و مروارییەکەی کڕی.

[47] «هەروەها شانشینی ئاسمان لە تۆڕێک دەچێت فڕێدرابێتە دەریاچەوە، لە هەموو جۆرەکانی ماسی کۆدەکاتەوە.

[48] کاتێک تۆڕەکە پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشایە کەنار، باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە و خراپەکانیشیان فڕێدا.

[49] کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و

[50] فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت.»

[51] عیسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئەمانە تێگەیشتن؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ.»

[52] جا پێی فەرموون: «لەبەر ئەوە هەر مامۆستایەکی تەورات کە دەبێت بە قوتابی لە شانشینی ئاسمان، لە خاوەن ماڵێک دەچێت لە گەنجینەکەیدا نوێ و کۆن دەربهێنێت.»

[53] کاتێک عیسا ئەم نموونانەی تەواو کرد لەوێ ڕۆیشت.

[54] هاتەوە شارەکەی خۆی، لە کەنیشتەکەیان فێری کردن، هەتا ئەوەی سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە ئەم دانایی و پەرجووانەی لەکوێ بوو؟

[55] ئەمە کوڕی دارتاشەکە نییە؟ ئەی دایکی ناوی مریەم نییە؟ یاقوب و یوسف و شیمۆن و یەهوزا برای نین؟

[56] ئەوە نییە خوشکەکانی هەموویان لەلامانن؟ ئەی ئەمە هەموو ئەمانەی لەکوێ بوو؟»

[57] جا ڕەتیان کردەوە. بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، تەنها لە شار و ماڵی خۆی نەبێت.»

[58] لەوێدا پەرجووی زۆری نەکرد، لەبەر بێباوەڕییان.

مزگێنی بەپێی نووسینی مەتا — Chapters