[1] دوای شەش ڕۆژ عیسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای برد و بە تەنها بۆ سەر چیایەکی بەرز ڕابەرایەتی کردن.
[2] لەپێشیان شێوەی گۆڕا، ڕووی وەک ڕۆژ دەدرەوشایەوە و جلەکانی وەک ڕووناکی سپی هەڵگەڕان.
[3] لەناکاو موسا و ئەلیاسیان بۆ دەرکەوت و لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.
[4] ئینجا پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. ئەگەر حەز بکەیت لێرە سێ کەپر دروستدەکەم، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.»
[5] کاتێک قسەی دەکرد، هەورێکی ڕۆشن باڵی بەسەریاندا کێشا و دەنگێک لە هەورەکەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی پێی دڵشادم. گوێی لێ بگرن!»
[6] کاتێک قوتابییەکان گوێیان لێبوو، بەدەمدا کەوتن، زۆر ترسان.
[7] بەڵام عیسا هات، دەستی لێدان و فەرمووی: «هەستن، مەترسن!»
[8] ئینجا چاویان هەڵبڕی و لە عیسا زیاتر کەسیان نەبینی.
[9] کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان: «ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێنرێتەوە.»
[10] قوتابییەکانی لێیان پرسی: «باشە بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت؟»
[11] عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە.
[12] بەڵام پێتان دەڵێم: ئەلیاس هات و نەیانناسی، چییان ویست پێیان کرد. هەروەها کوڕی مرۆڤیش بە دەستیانەوە ئازار دەچێژێت.»
[13] ئەوسا قوتابییەکان تێگەیشتن کە باسی یەحیای لەئاوهەڵکێشی بۆ کردن.
[14] کاتێک گەیشتنە لای خەڵکەکە، کابرایەک هات و لەبەردەمی چۆکی دادا و
[15] گوتی: «گەورەم، بەزەییت بە کوڕەکەمدا بێتەوە، فێدارە و ئازارێکی زۆر دەچێژێت. زۆر جار دەکەوێتە ناو ئاگر و زۆر جاریش ناو ئاوەوە.
[16] هێنامە لای قوتابییەکانت، بەڵام نەیانتوانی چاکی بکەنەوە.»
[17] جا عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ بیهێننە ئێرە بۆ لام.»
[18] عیسا لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و لە کوڕەکە هاتە دەرەوە، لەو کاتەوە کوڕەکە چاک بووەوە.
[19] پاشان قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»
[20] ئەویش پێی فەرموون: «لەبەر کەمی باوەڕتان. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر ئەوەندەی دەنکە خەردەلێک باوەڕتان هەبێ، بەو کێوە دەڵێن ”لەوێ بڕۆ،“ دەڕوات و شتێک بۆتان مەحاڵ نابێت. ⌟
[21] بەڵام ئەم جۆرە ڕۆحانە دەرناکرێن، بە نوێژ و ڕۆژوو نەبێت.⌞»
[22] کاتێک قوتابییەکان لە جەلیل کۆبوونەوە، عیسا پێی فەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و
[23] دەیکوژن، لە ڕۆژی سێیەم هەڵدەستێنرێتەوە.» ئەوانیش زۆر دڵگران بوون.
[24] کاتێک عیسا و قوتابییەکانی گەیشتنە کەفەرناحوم، باجگرانی دوو درهەمەکە هاتنە لای پەترۆس و گوتیان: «ئەرێ مامۆستاتان دوو درهەمەکە نادات؟»
[25] گوتی: «بەڵێ.» کاتێک پەترۆس هاتە ماڵەوە، عیسا پێشی کەوت و فەرمووی: «ڕات چییە شیمۆن؟ پاشایانی زەوی سەرانە و باج لە کێ وەردەگرن؟ لە هاوڵاتییانی خۆیان یان لە خەڵکی بیانی؟»
[26] پەترۆس گوتی: «لە بیانی.» عیساش پێی فەرموو: «کەواتە ڕۆڵەکان ئازادن.
[27] بەڵام تاکو بۆیان نەبینە کۆسپ، بڕۆ دەریاچەکە و قولاپ هەڵبدە، یەکەم ماسی کە دەیگریت، دەمی بکەرەوە، دراوێکی ستاتیر دەبینیتەوە، بیبە و لە جیاتی خۆم و خۆت بیاندەرێ.»